کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ، عێراق بەش مەینەت دەکات .؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: خەبات کوردە
هەر چەندە ٢٠ ساڵە سوپای عێڕاق لە سفرەوە داڕێژراوەتەوە بە چەک و جبەخانەی تازە ، بەڵام بە هۆی بێ بەرپرسیاریەتی و گەندەڵیەکی زۆر سیمای سوپایەکی بەهێزی تێدا بەدی ناکرێ .
سەرباقی ئەو هەمووە پارەیەی کە ساڵانە بۆی تەرخان دەکرێ لە بودجەی گشتی عێڕاقدا ، لە بچوکترین تەنگەشە چاوەڕێ دەکرێ داڕوخێ . ( داڕوخانی سێ فەیلەقی سوپا لە کاتی داگیرکردنی شاری موسڵ لە ٢٠١٤ لە ڕۆژێکدا لە لایەن داعشەوە ، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە و ناکرێ لە بیر بکرێ ) .
گەورەترین کێشەیەک کە لە ئێستادا ڕووبەڕوی دەبێتەوە و ناتوانێ خۆی لێدەرباز بکات ، باڵا دەستی گروپە چەکدارە شیعەکانن بە حەشدی شەعبیشەوە کە دەکرێ بڵێێن تا ئێستاش بە هێزترین چەکەکانی سوپایان لایە کە بۆ وەزارەتی بەرگری عێڕاق دابین کراوە و بەهاکەی بای ملیاران دۆلارە .
حەشدی شەعبی بە بڕیارێکی سیستانی مەڕجەعی باڵای شیعە دامەزرا ، بۆ ڕووبەڕو بوونەوەی داعش و بڕیار بوو کە داعش نەما دەبوو حەشد هەڵوەشابایەوە . کەچی ئێستا بەهێز ترن و ڕێنماییەکانیان لە سوپای پاسدارانی ئێران و ئایەتوڵایەکانی حەوزەی قوم و تاران وەردەگرن . ئێستاش ئێران دەیەوێ هاوشێوەی سوپای پاسداران سەرانی حەشد باڵادەست بکات و هێز و توانا لە سوپای عێڕاق لاواز بکەنەوە .
لە ٢٠١١ کە ئەمەریکا سوپاکەی لە عێڕاق کشاندەوە بە ڕێککەوتنێکی درێژ خایەن بڕیار درا کە سوپای ئەمەریکا وەکو ڕاوێژکار و ڕاهێنەر و بونیادنەرەوەی سوپای عێڕاقی بمێننەوە و ئاسمان و خاکی عێڕاق بپارێزن .
لە دوای ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ گروپە چەکدارە شیعەکان و چەکدارەکانی حەشد دەیان و سەدان دڕۆنی دور مەودایان بە ئیسڕائیلەوە نا ، کەچی ئەمەریکیەکان هەر ئامۆژگاریان دەکردن تکایە هەڵە مەکەن .
لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسڕائیلدا یەک ساڕوخیش بەر ئەو گروپە چەکدارە شیعانە نەکەوت ، بە مەرجێ لە ئاسمانی عێڕاقەوە فڕۆکەکانی ئیسڕائیل ساڕوخەکانیان ئاراستەی شوێنە سەربازیەکانی ئێران دەکرد .
ماوەیەکیشە سەرانی حەشد و گروپە چەکدارەکان دەیانەوێ بە زۆر و بە یاسا لە پەرلەمانی عێڕاق خۆیان فەرز بکەن .
هادی عامری سەرکردەی دیاری شیعە بە زەبری چەک چۆتە سەر ماڵی کازمی و لە پڕخەی خەو هەڵیانستاندوە و جلی حەشدی شەعبیان لە بەرکردوە . ئێستاش هەڕەشە لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات و دەڵێ : ئەگەر یاساکە تێنەپەڕێنن ، بە جلی حەشدی شەعبیەوە دەچین پەرلەمان داگیر دەکەین .
سوپای ئەمەریکا بۆ کشایەوە .؟
هۆکار زۆرن و ناکرێ هەمووی بە با بکەین بەڵام لێرە بەدواوە دەکرێ سوپای عێڕاق لاواز دەرکەوێ و سەرکردەکانی حەشد بتوانن یاری بە جەنەڕاڵەکانی سوپای عێڕاق بکەن و چەکە قورسەکانیشیان زیاتر بخەنە ژێر باڵی خۆیان .
لە عێڕاق تا ئێستاش داعش هەر زیندوە و کۆنە بەعسیەکان و تورکومانەکانیش خۆیان پڕ چەک کردوە و وەکو چۆن لە ماوەی پێشوو دەنگگۆی ئەوە هەبوو کە خەریکی کۆدەتایەکن بە هاوکاری تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو ئەنجامی بدەن .!
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ، تەواوی ئاسمانی عێڕاق کراوەیە و هەر سوپایەک بیەوێ دەتوانێ بە کەیفی خۆی کۆنتڕۆڵی ئاسمانەکە بکات ، لەبەر ئەوەی سوپای عێڕای هیچ کەرستەیەکی ڕاداری بەرگری کردنی ئاسمانی ئەوتۆی نیە کە بیپارێزێ .
بەڵێ لێرە بە دواوە تەواوی ئاسمانی عێڕاق کراوەیە و ترسی هەرە گەورەش ئەوەیە هاوشێوەی حوسیەکانی یەمەن ، تەواوی پێگە سەربازیە شیعەکانی عێڕاق بکەونە بەر هێرشی ساڕوخ و فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل و بە کەیفی خۆیان چیان بوێ درێغی نەکەن یان هێزە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەر ئەگەرێکدا دەتوانن ببنە هۆکاری یارمەتیدانی هێزە چەکدارە سوننەکان و هەڵگەڕانەوە ( انقلاب ) ئەنجام بدەن .
هەر چەندە حکومەتەکەی سودانی لە هەوڵێکی زۆردایە کە هەردەم دڵی ئەمەریکیەکان ڕازی بکات بۆ ئەوەی دوچاری سزا ئابوری و سەربازیەکانی ئەمەریکا نەبێتەوە ، بەڵام ئەو کشانەوەیە بەڵگەیەکە کە لە داهاتودا ئەمەریکا هیچ ئیلتیزاماتێکی یاسای و سەربازی لە سەر نامێنێ دەربارەی پارێزبەندی لە دەوڵەت و حکومەتی عێڕاقیەوە و ئەوانیش دەستکراوە دەبن بەرامبەری هەر هەڵەیەک کە بیکەن ئینجا چ سیاسی بێ یان ڕامیاری یان سەربازی .
لە ئێستادا عێڕاق لە بارێکی خراپدایە ، هەر چەندە ئامادەکاری دەکرێ کە لە ناوەڕاستی مانگی ١١ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێ ، بەڵام دوور نیە بە هەڵەیەکی زۆر بچوکیش ، کەش و هەواکە تێکبچێ و هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو دوا بخرێ .!

