وڵاتێک، ماندوو لە تینوێتییدا قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئاو لە ئێران

10 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ

ئێران لە قەیرنێکی سەختدا

پێنج ساڵ لەسەریەک وشکەساڵی وڵاتەکەی گەیاندووەتە ئەو قۆناغەی کە ئاسایشی ئاو هەڕەشەی جدی بکەوێتە سەر. بارانبارین بە شێوەیەکی نائومێدکەر کەمیکردووە. لە چەند مانگی ڕابردووەوە لە سەدای ٤٠ ی کۆگاکانی ئاو، بە تایبەت ئەوانەی خزمەت بە تارانی پایتەخت دەکەن، نزیکبوونەتەوە لە بەتاڵبوونەوە.

هۆکارە بنەڕەتییەکان

لە پشت ئەم قەیرانەوە تێکەڵەیەکی ئاڵۆز لە هۆکارە ژینگەییەکان و هۆکارە ئینسانییەکان هەیە. گۆڕانی کەشوهەوا وشکەساڵی چڕتر کردووەتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە گەرمبوونی جیهانی بەهۆی مرۆڤەوە ئەگەری وشکەساڵی ئێستای ناوچەکەی تا ١٦ هێندە زیاتر کردووە. لەم نێوەندەدا، کشتوکاڵی ئێران زیاتر لە سەدا ٩٠ ی ئاوی وڵاتەکە بەکاردەهێنێت، بەشێکی زۆری بەهۆی شێوازە بەسەرچووەکانی ئاودێریی و ڕواندنی ئەو درەختانەی ئاویان زۆر پێویستە لە ناوچە وشکەکاندا لەدەستچووە. کەمبوونەوەی خێرای ئاوی ژێر زەوی، کە هەزاران بیر وشکیان کردووە، دۆخەکەی خراپتر کردووە.

سیستمی خراپی بەڕێوەبردنی ئاو، دۆخەکەی قورستر کردووە. تۆڕە نافەرمیەکانی ئاو، کە ناویان لێنراوە مافیای ئاو، بەبێ چاودێری ژینگەیی، بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو و هەروەها دۆخی ئیکۆسیستەمەکانی وەک دەریاچەی ورمێ و چەندین دەریاچەی بچووکی دەستکردیان قورستر کردووە. 

دەرکەوتنی دەرئەنجامە کارەستبارەکان

کەم ئاویی کاریگەرییەکانی بەرفراوانن. تاران ڕووبەڕووی سیناریۆی سەختی پێشکەشکردنی ئاو دەبێتەوە. حکومەت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا پشووی فەرمی ڕاگەیاند، داواش لە هاووڵاتیان دەکات بە ڕێژەی لە سەدا ٢٠ بەکارهێنان کەم بکەنەوە، چونکە بەنداوەکان گەیشتوونەتە نزیک نزمترین ئاستی ئاو کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. 

قەیرانەکە تەنها لە شارەکان نییە، بەڵکو لە شارۆچکە و گوندەکانیشە. واتا دانیشتوانی شار و گوندەکان بە هەمان شێوە زیانیان پێدەگات. زیانەکان لەسەر هەموو ئاستەکانن، زیانە کشتوکاڵییەکان، ئسایشی خۆراک لە ژێر هەڕەشەدا، کۆچی ناچاریی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکیتر یان لە گوندەوە بۆ شار و بە پێچەوانەشەوە. تەنانەت پێشنیار هەیە بۆ گواستنەوەی پایتەخت بەهۆی بارودۆخی سەختی کەمئاویی شارەکەوە.

چاودێران پێشبینی دەکەن ئەم قەیرانە کاریگەریی هەبێت لەسەر ناڕەزایەتییەکان، بە تایبەتی لە نێوان جووتیاران و پێکهاتە پەراوێزخراوەکانی پارێزگاکانی وەک خوزستان و ئیسفەهان. بێمتمانەیی خەڵک بە دەسەڵاتداران و سیستمە کارگێڕییەکە زیاتر دەبێت. هەندێک لە شیکەرەوەکان هۆشداری دەدەن لە کاریگەریی ئەو ناڕەزایەتییانە لەسەر جێگیریی دۆخی گشتیی و سەقامگیری نیشتمانی.

داهاتوویەکی سەختتر

بە گوێرەی مۆدێلە جیاوازەکانی پێشبینییە زانستییەکان، وشکەساڵی درێژتر و توندتر لە ڕێگادایە. پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بە ڕێژەی ٢.٤- ٥.٨ پلەی سەدی بەرز ببیتەوە و هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی باران بارینیش لە ساڵانی داهاتوودا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە شیکارییەکان، ئەوەی دەتوانێت کەمێک لە سەختی قەیرانەکە کەم بکاتەوە، چاکسازییەکی بەرفراوانە لە شێوازی کارگێڕیی ئاوی شارەکان و کارگێڕیی سەرچاوە ئاوییەکان، سەرباری داڕشتنەوەی سیستمی ئاودێریی باخداریی و کشتوکاڵیی بەشێوەیەکی تر کە ڕێژەیەکی کەمتری ئاوی پێویست بێت و هەروەها داواکردن لە هاوڵاتییان کە بەفیڕۆدانی ئاو لە بەکارهێنانی ڕۆژانەییدا نزیک بکەنەوە لە سفر. بەبی ئەمانە مایەپووچبوونی ئاوی ئێران پێسبینیکراوە و ئەمەش دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورەی وجودیی لە سەرانسەری ووڵاتدا. 

لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵیی، بۆچوون و پێشبینی تۆ چییە؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار