ڕێککەوتن لەنێوان  هەژموونی کاریزمای ڤلادیمیر و ناچاریی کۆمیدیای ڤڵۆدیمیر

4 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ

ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتیی و کۆتاییهاتنی جەنگی ڕوسیا- ئۆکرانیا لەگەڵمان بن:

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ئابی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و کۆمەڵێک لە سەرکردە ئەوروپییەکان کرد بۆ دانوستانەکانی ئاشتی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕوسیا-ئۆکرانیا. ئەم کۆبوونەوەیە دوای لوتکەی ئەم دواییەی ترەمپ هات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە ئالاسکا، کە بەبێ ڕێککەوتنێکی فەرمی کۆتایی هات بەڵام ئاماژەیە بۆ بەرەو پێشەوە چوونی ڕەوتی دانوستانەکان.

ترەمپ کە خۆی وەکو ئاشتیخوازێکی جیهانی پیشاندەدات، پێی وایە پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ پوتین دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی پێشکەوتن لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات. 

کۆبوونەوەی واشنتۆن بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەوروپا وەک ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلاند، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و مارک ڕوت، سکرتێری گشتی ناتۆ بوو.
ئامادەبوونی ئەو کۆمەڵە سەرکردە ئەوروپییە بۆ پشتگیریی لە زیلینسکیی و داواکارییەکانی ئۆکرانیا بوو بە ڕەچاوکردنی ئامانجەکانی خۆشیانەوە وەکو ووڵاتانی ئەوروپا لە پەیوەند بە ڕووسیا و جەنگەکەوە. 

ئەوەی لە میدیاکانەوە بڵاوبووەوە، ئەتەکێتی کۆبوونەوەکە و شێوازی دانیشتنەکە بەشێوەیەک بوو کە ترەمپ لە پشتی مێزەکەیەوە و سەرکردە ئەوروپییەکانیش بە دەوری مێزەکەدا وەکو ئەوەی گوێ لە ڕێنمایی و فەرمانەکانی بگرن. هەر وەکو کۆبوونەوەی سەرۆکی ناوەندێک یان دەزگایەک لەگەڵ کارمەندەکانی بۆ ئەوەی ڕێنمایی و فەرمانەکانیان پێ ڕابگەیەنێت. لە کاتێکدا پێشوازی ترەمپ لە پوتین لەسەر فەرشی سوور و بە شێوەیەکی شاهانە، ئەوپەڕی ڕێز و گرنگیپێدان بوو بە سەرۆکێکی هاوتا و خاوەن ‌هێز. مێنتاڵیتی ترەمپ و شێوازی کارکردن و هەڵوێستەکانی لە ڕوانگەی هێزەوە سەرچاوە دەگرن، لە هێزی کەسێتیی و کاریزماتیکی سەرۆکەوە بۆ هێزی پارە و ئابووریی تا دەگات بە ‌هێزی سەربازیی و .. هتد. 
لۆژیکی هێز، لۆژیکی بیرکردنەوە و کارکردنی ترەمپە. 

ئەو دوو جۆرە پێشوازیی و پڕۆتۆکۆڵە دیپلۆماسییەی ترەمپ لە مامەڵەیدا لەگەڵ پوتین لەلایەک و زیلینسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان لەلایەکی تر، ئاماژەی باڵادەستیی و هەژموونی ڕووسیایە لە جەنگی ڕوسیا-ئۆکرانیا و ئەمەش زەمینەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پوتینە ئەگەر هەموو داواکاریی و مەرجەکانیش نەبن، ئەوا زۆرینەیان. 

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەیدا،ترەمپ ایگەیاند کە گەیشتوونەتە ئەنجامی باش و کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان پوتین و زیلینسکی بە ئامادەبوونی خۆی دەبێت. 
لە بەرامبەردا، زیلینسکی تەنها ڕازیبوونی ناچارەکی بۆ ماوەتەوە بە دەستهەڵگرتن لە زۆرترین داواکارییەکانی. هەروەها سەرکردە ئەوروپییەکان تووشی شۆک و دابەشبوونێکی قووڵی دەروونیی-سیاسی هاتوون لە ئاست هەڵوێستی ئەمریکا و ترەمپ. ئەمریکا کە پێشەنگی وەستانەوە لە دژی داگیرکاریی ڕووسیا بوو بۆ ئۆکرانیا. 

زۆرترین کاردانەوە توندە سیاسیەکانی ئەمریکا لە دژی ڕووسیا وای لە سەرکردە ئەوروپییەکان کرد هاوکاری مادیی و سەربازیی گەورە پێشکەش بە ئۆکرانیا بکەن و بە هەموو توانایانەوە لە پشتی بوەستن و لەلایەکی تریشەوە دەستیان لە بەرژەوەندییەکان و پەیوەندییە بازرگانیی و ئابوورییەکانی خۆیان هەڵگرت لەگەڵ ڕووسیا کە دەرئەنجام هەڵئاوسانی نرخی خواردەمەنیی و کاڵاکانی لێکەوتەوە لە تەواوی ووڵاتانی ئەوروپیی و قەیرانی ووزەیان بۆ دروستبوو. ئەمە سەرباری ترسێکی ناوەکیی قووڵ لە فراوانخوازییەکانی ڕووسیا. 

داواکارییەکانی ڕوسیا

- لەسەر ئاستی خاک: کۆنترۆڵی تەواوی هەردوو هەرێمی  دونێتسک و لۆهانسک واتا دونباس هەروەها ددانپێدانانی فەرمی بە لکاندنی دوورگەی کریمیا بە ڕووسیاوە.
- بەستنی هێڵی پێشەوە: ڕووسیا هێرشەکانی لە خێرسۆن و زاپۆریژیا ڕادەگرێت ئەگەر ئۆکرانیا لە دۆنباس بکشێتەوە. دونباس هەردوو پارێزگا یان هەردوو هەرێمی لوهانسک و دونێتسک دەگرێتەوە. 

- بێلایەنی: پێویستە ئۆکرانیا دەستبەرداری خواست و هەوڵەکانی ببێت بۆ چوونە ناو ناتۆ و بێلایەنی هەمیشەیی ڕابگەیەنێت
- مافەکانی زمان و ئایین: پێگەی فەرمی بۆ زمانی ڕووسی و ئازادی بۆ کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی لە ئۆکرانیا

- کەمکردنەوەی سزاکان: هەڵگرتنی بەشێکی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر ڕووسیا
- ئاشتی و ڕێککەوتنی تەواو نەوەکو ئاگربەست: پوتین ئاگربەستی کاتی ڕەتدەکاتەوە. پێش ئەوەی جەنگ بوەستێت، ڕێککەوتنی ئاشتی تەواو ئەنجام بدرێت.

داواکارییەکانی ئۆکرانیا

زیلینسکی پێداگری لەسەر سەروەری و ئاسایش دەکات، سازان و وازهێنان لە خاک ڕەتدەکاتەوە:
- ئاڵوگۆڕی زەوی: ئۆکرانیا ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری هیچ خاکێک بێت، لەنێویاندا دۆنباس و کریمیا.

- ئاگربەستی دەستبەجێ: ئاگربەستی تەواو و بێ مەرجی پێشوەختە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی.
- گەرەنتی ئاسایش: گەرەنتی بە پشتگیریکردنی ڕۆژئاواوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژی ڕووسیا لە داهاتوودا.

- ڕێڕەوی ناتۆ: ئۆکرانیا ئامانجی دەستووری خۆی دەپارێزێت کە پەیوەستە بە ناتۆوە
- ڕەتکردنەوەی سنوردارکردنی سەربازیی: ئۆکرانیا سنووردارکردنی قەبارەی سەربازی یان بوونی سەربازی بیانی ڕەتدەکاتەوە

- قەرەبووکردنەوە و لێپرسینەوە: کیێڤ داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و لێپرسینەوە لە کردەوەکانی ڕووسیا دەکات

ئامانجەکانی سەرکردەکانی ئەوروپا

سەرکردە ئەوروپییەکان، ئامانجیان لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا، هاوسەنگیی هێزە لەگەڵ سەقامگیری ناوچەکە:

- گەرەنتی ئاسایش: گەرەنتی بەهێز و بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا، تەنانەت لە دەرەوەی ناتۆش.
- نەگۆڕینی سنوورەکان و خاک: هەڵوێستی پتەو لە دژی گۆڕانکارییەکانی خاک لە ڕێگەی دەستدرێژی سەربازییەوە

- بەرەی یەکگرتوو: پێشکەشکردنی هەڵوێستێکی هەماهەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵوێستی هێرشبەرانە و دەستدرێژیکارانەی ڕووسیا.
- پەسەندکردنی ئاگربەست: زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا هێشتا لەگەڵ ئاگربەستدان پێش دانوستانەکانی ئاشتی.
-بەردەوامی گەمارۆکان: بەردەوامیی سزاکان و گوشارەکان لەسەر ڕوسیا تا کۆتایی هاتنی تەواوەتی جەنگەکە.

ئەوەی لە ئاماژەکانی کۆبوونەوەکانەوە تا ئێستا دەرکەوتووە کە هەندێک لە شیکەرەوەکان باسیان کردووە. ئەوەیە: بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانی پوتین جێبەجێدەکرێن و کەمترین داواکاریی زیلینسکیی و سەرکردە ئەوروپییەکان جێبەجێدەکرێن. 

کۆبوونەوەی پوتین و زیلینسکی بە ئامادەبوونی ترەمپ لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێڕەوی جەنگ و ئاشتیی دیاریدەکات و هەروەها پێگەی هەردوو دەوڵەتەکە لە نێو هاوکێشە جیهانییەکانی هێز و دیپلۆماسییەت بە تایبەت لە پەیوەند بە ئەوروپاوە دیاریدەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار