ململانێی پۆستی سەرۆک وەزیران: کێ دەبێتە حاکمی داهاتووی عێراق؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوە: میدیای پەنجەرە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گۆڕەپانی سیاسیی شیعەکان بووەتە شانۆی ململانێیەکی توندی نێوان سەرکردە دیارەکان، بەڵام هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ و دەرەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە براوەی کۆتایی لەوانەیە کەسایەتییەکی چاوەڕواننەکراو بێت.

هاوکات لەگەڵ جوڵەی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەنگی ڕانەگەیەندراوی نێو ماڵی شیعە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران، چڕتر دەبێتەوە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەکی نوێوە و بە سوودوەرگرتن لە پێگەی حکومی، زۆرترین کورسی بەدەست بهێنێت و بۆ خولێکی دیکە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

لە بەرامبەریشدا، نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و یەکێک لە بەهێزترین کارەکتەرەکانی گۆڕەپانەکە، بە ڕکابەرێکی سەرەکیی سودانی دادەنرێت و هیچ کاتێک خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات نەشاردووەتەوە.

مێژووی "سەرۆک وەزیرانی تەوافوقی"
سەرەڕای ئەم ڕکابەرییە گەرمە، چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە بەهۆی قووڵیی ناکۆکییەکانی نێوان باڵە جیاوازەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" (هاوپەیمانیی سەرەکیی لایەنە شیعەکان)، دانانی یەکێک لەم دوو سەرکردە بەهێزە وەک سەرۆک وەزیران، بژاردەیەکی دوورەدەستە.

ئەم دۆخە سیناریۆی ساڵانی ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە، کاتێک ململانێی توند لەنێوان کوتلە گەورەکاندا ڕێگەی بۆ "کاندیدی سازان" یان "کاندیدی ناوەند" خۆش دەکرد. کەسایەتییەکانی وەک حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و تەنانەت خودی محەمەد شیاع سودانیش، لە کاتی هەڵبژاردنیاندا خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی نەبوون، بەڵکو وەک چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی و ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان لایەنەکان دەستنیشان کران.

چارەنووسی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو
ئەزموونی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشووتر نیشان دەدات کە مانەوە لە گۆڕەپانەکەدا دوای جێهێشتنی پۆست، کارێکی ئاسان نییە.
عادل عەبدولمەهدی، دوای ناچارکردنی بە دەستلەکارکێشانەوە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019، بەتەواوی لە شانۆی سیاسی کشایەوە.

مستەفا کازمی، هەرچەندە هەوڵیدا ڕۆڵێکی سیاسیی هەبێت، بەڵام بەهۆی فشاری لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، ناچارکرا عێراق جێبهێڵێت.
حەیدەر عەبادی، هەوڵیدا لە ڕێگەی "هاوپەیمانیی نەسر"ـەوە پێگەی خۆی بپارێزێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ئێستاش هاوپەیمانییەکەی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی داوە.

دکتۆر سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، لە لێدوانێکدا بۆ په‌نجه‌ره‌ ڕایگەیاند: "کاتێک پارە و دەسەڵات ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلایی دەکەنەوە، بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا بێمانایە."

تەنها نوری مالکی توانیویەتی دوای 11ساڵ لە جێهێشتنی پۆستەکەی، وەک یاریزانێکی سەرەکی و کاریگەر بمێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو تۆڕە بەهێزەی کە لە ماوەی هەشت ساڵی سەرۆکایەتیی وەزیرانیدا لەناو جومگەکانی دەوڵەتدا دایمەزراند. سودانیش هەمان ڕێچکەی گرتووەتەبەر و هەوڵدەدات پۆستەکەی بۆ پتەوکردنی پێگەی سیاسیی خۆی بۆ داهاتوو بەکاربهێنێت.

هاوکێشەی دەرەکی و کاندیدی سێبەر
یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق تەنها پەیوەست نییە بە ڕێککەوتنی لایەنە شیعەکانەوە، بەڵکو ڕەزامەندیی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیشی دەوێت، بەتایبەت ئێران و ئەمریکا.

ئێران بەدوای سەرۆک وەزیرانێکدا دەگەڕێت کە توانای دروستکردنی هاوسەنگیی هەبێت و بتوانێت پەیوەندییەکی کارا لەگەڵ واشنتۆن دابمەزرێنێت. تاران نایەوێت کەسێک دەستنیشان بکرێت کە ببێتە هۆی گەمارۆی ئابووری یان تێکچوونی دۆخی عێراق، چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی و هێزە نزیکەکانی دەبێت.

ئەمریکاش خوازیاری سەرۆک وەزیرانێکە کە بتوانێت ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت، هەژموونی میلیشیاکان سنوردار بکات و عێراق لە کاریگەریی دەرەکیی ڕزگار بکات. زانیارییە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتۆن نیگەرانە لە سودانی بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕابگرێت.

لە نێوان ئەم دوو خواستە دژبەیەکەدا، ناوی چەند کەسایەتییەک وەک "کاندیدی سێبەر" دێتە ئاراوە، لەوانە عەدنان زورفی و قاسم ئەعرەجی، کە بەوە ناسراون توانای دروستکردنی پەیوەندییان لەگەڵ هەردوو بەرەدا هەیە.

ویستی میلیشیاکان: سەرۆک وەزیرانێکی بەڕواڵەت بەهێز
یەکێک لە ئاڵۆزترین بەشەکانی هاوکێشەکە، هەڵوێستی گرووپە چەکدارە شیعەکانە. 

هەرچەندە ئەم گرووپانە بە ڕواڵەت دژایەتیی ئەمریکا دەکەن، بەڵام لە پشتی پەردەوە خوازیاری سەرۆک وەزیرانێکن کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن ئاسایی بێت. هۆکارەکەشی ڕوونە: ئابووریی عێراق و پارەی نەوتەکەی بەستراوەتەوە بە سیستەمی بانکیی ئەمریکاوە. هەر جۆرە پچڕانێکی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، دەبێتە هۆی کارەساتی ئابووری بۆ عێراق و مووچە و بودجەی ئەم هێزانەش دەخاتە مەترسییەوە.

بۆیە ئەوان بەدوای سەرۆک وەزیرانێکدا دەگەڕێن کە لاواز بێت و نەتوانێت دەسەڵاتیان کەم بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قبوڵکراو بێت تاوەکو چەرخی ئابووریی وڵاتەکە نەوەستێت.

بەمشێوەیە ململانێکە لەسەر کەسێک نییە کە بەهێزترینە، بەڵکو لەسەر کەسێکە کە دەتوانێت ببێتە خاڵی یەکتربڕینی بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار