شەڕی خێڵەکان لە سوریا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
کە زۆر لە کەشوهەوای سیاسیی و سەربازییانەی ئێستای سوریا دەکوڵیتەوە و لێی وردەبیتەوە، دەگەیتە ئەو بڕوایەی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان و ئیبڕاهیم کاڵنی سەرۆکی دەزگا جاسوسیەکەی میتی تورکیا حاکمی فیعلی دیمەشقن و ئەحمە شەرع و دارو دەستەکەشی لە بوکەڵەیەک زیاتر نین، بە دەستی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی تورکیاوە .
هەر لە شەڕ و ئاڵۆزیەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق کە زیاتر لە چوار مانگی خایاند بەرامبەر بە هێزەکانی هەسەدە، کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە سەریهەڵدا بۆ زیاتر لە چوار مانگ. تورکیا گروپە چەتەکانی خۆی لە هەمزات و عەمشات و سوڵتان موراد و چەندین ناوی تریش زیاتر نەیتوانی ئەو گروپانە بەشداری پێبکات کە لە ژێر ناوی هاوپەیمانی هەتەشە و بەرەی نوسرەدا بوون .
لە کۆمەڵکوژی عەلەوییەکانی سەر کەناراوەکانی سوریا کە بە ناو ژمارەیان لە دوو هەزار عەلەوی کوژراو تێپەڕی کرد، تا ئێستاش دەستی تاوان بۆ هەمان ئەو گروپانە درێژ دەکرێت کە ئەو قەتلوعامەیان ئەنجام داوە .
لە پەلامارە خوێناویەکەی سوەیدای دروز نشینیشدا کە بەدەوییە گەڕۆکەکانی بادیەی شامی تێدا تاوانبار کرا، لە ڕاستیدا هەمان ئەو گروپانە بوون و بە پاسی گەشتوگوزاری تورکی و بارهەڵگرە ساردکەرەوەکان گواسترانەوە و کێیان دەستگیر کردبا درێغیان نەدەکرد لە کوشتنیدا. تا ئێستا ژمارەیان لە ١٦٠٠ کەس تێپەڕی کردوە .
ئێستا لە داخی ئەوەی کە هێزەکانی هەسەدە ملکەچی ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دیمەشق نابن و لە گەڵیان ڕێکناکەون هاکان فیدانی سەرۆکە شاراوەکەی سوریا و هاوکارە جاسوسەکەی ئیبراهیم کاڵن دەیانەوێ بە ناوی عەشایەرە عەڕەبەکانی بادیەی شام لە هەر دوو شاری دێرزور و ڕەققە بە پارەیەکی زۆر فریویان بدەن و لە کاتی پەلاماردانی هێزەکانی دیمەشق لە هەسەدە یاخی ببن و هەر دوو شارەکە ڕادەستی مرۆڤ کوژەکانی حەمزات و عەمشات بکرێ و لەناوەڕاستی ئەو دوو شارەشدا قەسابخانەیەک ئەنجام بدەن .
شایانی باسە کۆی دانیشتوانی ئەو دوو شارە گەورەیە عەڕەبی سوننەن و کەمێک کورد و مەسیحیشی تێدا هەیە .
لە هەمووشی گرنگتر زۆربەی ئەو عەڕەبانەی کە لە ناو ڕیزەکانی هەسەدەش دایە خەڵکی ئەو ناوچانەن .
ئێستا هەواڵەکان وا ڕادەگەیەنن کە دیمەشق لە ئامادەکاری دایە لە ناوچەی تەدموری نزیک لە شاری دێرزور هێزێکی پڕ چەکی پەنجا هەزار سەربازی کۆبکاتەوە و بە پاڵپشتی عەشایەرەکان پەلاماری هێزەکانی هەسەدە لەو دوو شارەوە بدات .
بەو مەرجەی کە تورکیا بتوانێ گەرەنتی لە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵەکانی ئەمەریکا و سوپای ئیسڕائیل بە دەست بهێنێ کە لە کاتی هێرشەکەدا هاریکاری هێزەکانی هەسەدە نەکەن لە ئاسمانەوە .
بۆ ئەو مەبەستەش دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەو هێرشانە، دیارە هێزەکانی هەسەدە لە دەست پێشخەرییدان و هەر لە ئێستاوە هێزێکی بەرگری گەورە ڕۆژانە دەهێننە ئەو ناوچەیە و خۆیان زیاتر قایم دەکەن.
لە بەرامبەریشدا هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هەمان مەبەست هەر لە ئێستاوە چەندەها تۆپی دورهاوێژی مەیدانی و ساڕوخی دژە تانکی ئەمەریکیان لە نوێترین کردەیاندا پێشکەشی هێزەکانی هەسەدە کرد .
لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە ئەمەریکیەکان بە یاوەری مەزڵوم عەبدی لە شاری ڕەققە کۆنفڕانسێکیان لە گەڵ ئەو سەرۆک عەشیرەتە عەڕەبانە گرێدا کە لەو دوو پارێزگایە دان و لە ژێر سێبەری هەسەدە بە ئارامی ژیان دەکەن .
دەکرێ بڵێین لەو کۆنگرەیەدا ئەمەریکیەکان ویستویانە بە تەواوی سەرۆک عەشیرەتەکان بڵێن: تکایە
دانیشن و ڕێگە مەدەن تورک هەڵتان بخەڵەتێنن .
دوا خاڵیش کە نابێ لە بیری بکەین دوو لێدوانی زۆر گرنگی ئەمەریکیەکانە کە وەکو شاخێک دەردەکەون کە هەسەدە پاڵی پێداون ، یەکەمیان لێدوانەکەی بنتاگۆنە کە دەڵێ : هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەکە قەڵغانی ئەمنی قەومی سەربازانی ئەمەریکان لە ناوچەکە و قەتیش ناتوانین دەستبەرداریان بین . تا کۆتایش بەرگریان لێدەکەین .
دوەمیشیان لێدوانەکەی بەرپرسی سەربازی باڵای ئەمەریکیەکانە لە سوریا کە دەڵێ : کەس چاوەڕێی ئەوە نەکات هەر کاتێ هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی هەسەدە ئێمەش دەستە وەستان دانیشین و بەرگریان لێنەکەین .!
ئەو دوو لێدوانە پاڵپشتیە گەورە سەربازیەی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی هەسەدە دوور نیە خەیاڵی پەلامارەکانی هاکان فیدان پوچەڵ نەکاتەوە و توانای ئەوەیان نەمێنێ کە پەلامارەکە بە ئەنجام بگات و نەتوانن ئەو ژمارە زۆرە چەکدارە لەو ناوچەیە کۆبکەنەوە .!
یان تورکیا دەیەوێ زۆرترین ژمارەی ئەو گروپە توندڕەوە ئیسلامیە سوننە مەزهەبانە لەو ڕێگایەوە بە کوشت بدات و لە دواییدا کۆمەڵێ پلەداری سەربازی جیا بووەوەی کە ساڵانی پێشوو لە سوپاکەی بەشار ئەسەد جیاببونەوە هەڵگەڕانەوەیەکی سەربازیی واتا کودەتایان لە دیمەشق پێ ئەنجام بدات و توندڕەوەکانی بەرەی نوسرەی سەر بە شەڕع لە دەسەڵات لاببات .!
ئەوەش پلانێکە کە تورکیا ماوەیەکە دەیەوێ پێشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدات کە تازە ئەو گروپە توندەڕەوانە توانای بەڕێوەبردنی سوریایان نەماوە و دەمانەوێ لە داهاتودا سوریا دوور بخەینەوە لە دابەش بوون و پارچە پارچە بوون
