سەنتەری دیپلۆماسی هاوپەیمانان و بنکەی عەین ئەسەد كرانە ئامانج

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگه‌یاند:" بە مووشەکێک هێرشی کرایە سەر سەنتەری پاڵپشتی دیپلۆماسی هاوپەیمانان بەڵام زیانی گیانی و ماددی نەبووە و دەستیشیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. هاوكات شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە، کە ویستوویانە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد بکەنە ئامانج.

ماین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. لە تویتەر نووسیویەتی: "کاتژمێر 00:15 شەوی یەکشەممە سەنتەری پاڵپشتی دیپلۆماسیی هاوپەیمانان بە مووشەکێک هێرشی کرایە سەر". 

بەوتەی ماڕۆتۆ مووشەکەکە لە نزیک سەنتەرەکە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانی و ماددی نەبووە و دەستیشیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانان گوتیشی: "هەر هێرشێک بۆ سەر عێراق، هەرێمی کوردستان یان هاوپەیمانان پێشێلکردنی دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان و دەسەڵاتی یاسا و سەروەریی وڵاتەکەیە".

هەر شەوی رابردوو زەنگی ئاگادارکردنەوە لەنێو بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لێدرا, کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە.

هەفتەی رابردوو هێزە ئەمنییەکان لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستیان بەسەر پێنج مووشەکدا گرت، کە بە ئاڕاستەی شاری هەولێر بۆ تەقاندن ئامادەکرابوون.

لەلایەکی دیکەوە شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە، کە ویستوویانە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد بکەنە ئامانج.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی حوزەیرانی 2021، شانەی ئەمنی عێراق، رایگەیاند سیستەمی بەرگریی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار توانیویەتی کاژێر 00:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 6ی حوزەیرانی 2021 بەرپەرچی هێرشێک بداتەوە، کە لەرێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە و هەردووکیان خراونەتە خوارەوە.

بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد, یەکێکە لەو بنکانەی بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێتەوە, کە بەلای ئەمریکییەکانەوە گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە پشت ئەو هێرشانەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار