حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى رێکخراوى ئه‌منستى ده‌داته‌وه
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نووسینگه‌ى رێکخه‌ر بۆ راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، وه‌ڵامى راپۆرتێکى رێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى سه‌باره‌ت به پرسى ئازادى راده‌ربڕین و سه‌روه‌رى یاسا له هه‌رێمى کوردستان ده‌داته‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 15ى حوزه‌یرانى 2021، له به‌یاننامه‌یه‌کى نووسینگه‌ى رێکخه‌ر بۆ راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هاتووه:"حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و به‌هایانه‌ى گرتووه‌ته‌وه ئامێز که پێویستن بۆ به‌رجه‌سته‌کردنى وڵاتى دامه‌زراوه، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى مه‌ده‌نى هاوچه‌رخ و پشت ده‌به‌ستێت به ستراتیژى پته‌و بۆ داڕشتنى یاسا و رێسا به‌شێوه‌یه‌ک که له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئازادییه تاکه‌که‌سییه‌کان بێت".
هه‌روه‌ها هاتووه: "بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له ساڵى رابردوودا، ئاڵنگارییه‌کى زۆرى خسه به‌رده‌م حکومه‌تى هه‌رێم، له به‌رامبه‌ردا، حکومه‌ت پاراستنى ته‌ندروستى گشتى له به‌رچاو گرتووه. به‌تایبه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داواى له میدیایه‌کان کرد که هانى خه‌ڵکى نه‌ده‌ن بۆ سه‌رپێچیکردنى رێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى له پێناو پاراستنى گیانى هاووڵاتیان. سه‌رئه‌نجام، ئه‌وانه‌ى رێنماییه‌کانیان شکاند و گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا و ئه‌و میدیایانه‌شى هانى سه‌رپێچیکردنیان ده‌دا، دووچارى رێکارى یاسایى بوونه‌وه، به‌ڵام حکومه‌ت، به‌ده‌ر له رێکارى یاسایی، هیچ که‌سى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ده‌ستبه‌سه‌ر نه‌کردووه".
هه‌روه‌ها له به‌شێکى دیکه‌ى به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه: "له راستیدا، له‌و گردبوونه‌وانه‌ى راپۆرته‌که‌ى ئه‌منستى ئاماژه‌ى پێداون، هێزه ئه‌منییه‌کان ته‌قه‌یان لێ‌کرا و کارمه‌ندانى هێزه ئه‌منییه‌کان و خه‌ڵکى مه‌ده‌نى برینداربوون، هه‌روه‌ها زیانى زۆر به موڵک و ماڵى گشتى و تایبه‌ت که‌وت".
هاوکات نوسینگه‌ى رێکخه‌ر، له به‌یاننامه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه:"حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان میدیاى ئازاد به کۆڵه‌گه‌یه‌کى گرنگى حوکمڕانى و توخمێکى بنه‌ڕه‌تى دیموکراسى ده‌زانێت، ئێمه شانازى ده‌که‌ین که کوردستان میدیاى ئازاد و بێ به‌ندوباوى هه‌یه، نموونه‌ى به‌رجه‌سته‌کردنى به‌هاکانى ئازادى راده‌ربڕین و ئازادى راگه‌یاندنه له ناوچه‌که و هه‌میشه پێویستى هه‌یه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى دۆخه‌که".
له باره‌ى سیسته‌مى یاسایى و دادوه‌رى هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه، له به‌یاننامه‌که‌دا روونکراوه‌ته‌وه، که "حکومه‌تى هه‌رێم داواى له نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ هاریکارى عێراق (یۆنامی) و نووسینگه‌ى تایبه‌تى کۆمیسیارى نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ مافه‌کانى مرۆڤ کردووه تا هاوکار بن له به‌ره‌وپێشبردنى سیسته‌مى یاسایی، هاوکات، ئێستا هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا هه‌یه بۆ راهێنان به دادوه‌ران.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه، "حکومه‌تى هه‌رێم رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ کۆمیته‌ى خاچى سوور هه‌یه و به گوێره‌ى رێککه‌وتنه‌که لایه‌نى ناوبراو بۆى هه‌یه بێ مۆڵه‌ت سه‌ردانى ته‌واوى زیندانى و سه‌نته‌رى چاکسازییه‌کان بکا له هه‌رێم، یۆنامییش به‌م دواییانه مۆڵه‌تى سه‌ردانى پێدراوه، له ژێر رۆشنایى ئه‌م رێککه‌وتنه، یۆنامى 14 سه‌ردانى ئه‌نجامداوه و چاوپێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ 60 زیندانى ئه‌نجامداوه".
