بۆچی دۆخی عێراق سەقامگیر نابێت؟

كارۆخ خۆشناو

2 ساڵ لەمەوپێش



كارۆخ خۆشناو

بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، پرسیارێک جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە:

بۆچی دۆخی عێراق سەقامگیر نابێت؟

 

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام پێموایە کۆمەڵێک فاکتەر بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دۆخی عێراق، ئەم فاکتەرانەش قۆناغ لەدوای قۆناغ زیاترو بەهێزتر دەبن، دەتوانین ئەم فاکتەرو هۆکارانەش پۆلێن بکەین بۆ:

یەکەم فاکتەرە ناوخۆییەکان:

کۆمەڵێک فاکتەرو هۆکاری ناوخۆیی هەن کەوا بوونەتە داینەمۆی درێژەپێدانی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراق، لەسەروی هەموویانەوە پەراوێزخستن و جێبەجێنەکردنی دەستوری عێراق، لەلایەن هەموو سەرۆک وەزیرە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، هەر لە (عەلاوی و جەعفەری و مالکی و عەبادی و عبدالمهدی)ەوە بگرە تاکو دەگاتە (کازمی) دەستوریان پشتگوێ خستووە، دەتوانین بڵێین تاکو ئێستا لەکۆی (144) مادەی دەستوری عێراق نزیکەی (54) ماددەیان جێبەجێ نەکردووە، تەنها ئەو ماددانەیان جێبەجێ کردووە کە لەبەرژەوەندی خۆیاندا بوون، ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراقە، لەپاڵ ئەم هۆکارەدا کۆمەڵێک هۆکاری تری ناوخۆیی هەن وەک نەبوونی (هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) لە نێوان پێکهاتە سەرەکیەکانی (کورد و شیعە و سوننە)دا ئەم حاڵەتەش نەک تەنها دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، بەڵکو بەدرێژایی مێژووی (100) ساڵەی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا هیچ کاتێک (هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) بوونی نەبووە، هەر لەسەردەمی مەلەکیەوە بگرە تاکو سەردەمی جمهوری، کاتێک پێکهاتەی (سوننە) دەسەڵاتدار بووە تاکو ساڵی (2003) دەبینین (کورد و شیعە) بەهەموو شێوەیەک زەبرو زەنگیان بەرامبەر بەکارهێنراوە و چەوسێنراونەتەوە، دوای (2003)ش ئەم جارە پێکهاتەی (شیعە) بەشێوەیەکی تاکڕەوانە دەسەڵات دەگرێتەدەست و دەستور پشتگوێ دەخات و هەردوو پێکهاتەی (کورد و سوننە) دەچەوسێنێتەوە، بۆیە دەبینین دۆخی عێراق بەدرێژایی مێژوو قۆناغ بە قۆناغ ئاڵۆزتر بووە و لە ناسەقامگیریەوە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر رۆیشتووە، ئەمەش دەرەنجامی هەڵەیەکی ستراتیژی سەدەیەک لەمەبەرە لەلایەن زلهێزانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم، کاتێک وڵاتێک بێ (ویست و خواست)ی پێکهاتە سەرەکیەکان (کوردو سوننە و شیعە) لەچوارچێوەیەکدا کۆدەکەنەوە و ناوی دەنێن عێراق، بۆیە پێموانیە دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی دوایش (گۆچانی سیحری) بداتە دەست کەسێک تاکو بتوانێت کێشە کەڵەکەبووەکانی (100) ساڵی رابردوو چارەسەر بکات و عێراق بەرەو سەقامگیری ببات.

لەم چوارچێوەیەدا و لەپاڵ ئەم فاکتەرانەی سەرەوە، لە ئێستادا فاکتەرێکی تری ناوخۆیی بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دۆخی هەنووکەیی عێراق بریتیە لە ەبوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی (بەتایبەت حەشدی وەلائی) کە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراق، چونکە ئەم هێزانە نەخراونەتە ژێر چەتری سوپای عێراق، بەڵکو بەردەوام هەڕەشەن بۆ خەڵک و دامودەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت، هەروەها ئەم هێزانە بەڕوون و راشکاوی ئەجیندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، بۆیە دەتوانین بڵێین هەتاکو حەشدی شەعبی بەم شێوە ناڕێکخراوە (وەک دەوڵەتی قوڵی عێراق) چەک و دەسەڵاتیان هەبێت و بتوانن رۆژانە هێرشی درۆنی و هەڕەشەی گوێبڕین لە (سەرۆک وەزیرانی عێراق و ناوەندە دیبلۆماسی و سەربازییەکان) بکەن، ئەوا دۆخی عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

دووەم فاکتەرە دەرەکییەکان:

راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کەوا (سەروەری و سۆڤێرنتی) عێراق نیشانەی پرسیاری لەسەرە، ئەمەش بەهۆی دەستتێوەردانی دەرەکی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەتایبەت (ئێران و ئەمریکا) کەوا فاکتەری سەرەکین بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراق، چونکە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان، بۆیە هەتاکو ململانێکانی ئەم وڵاتانە لە گۆڕەپانی عێراق دوورنەخرێنەوە و ئەم دەستتێوەردانانە بنبڕ نەکرێن، عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا لەداهاتووی نزیک و دووریشدا کێشە سیاسی و تایفیەکانی عێڕاق بەردەوام دەبن، لەبەرئەوە ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکەش بەهەستیارییەوە لەدۆخی عێراق دەڕووانن، چونکە هێزە دۆڕاوەکان چەکیان بەدەستە و رازی نین بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و رۆژانە خۆپیشاندان دەکەن و هەڕەشەی ئاگرین لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و حکومەتی عێراق دەکەن، بۆیە دۆخی عێراق هەستیارە و ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتر لەئارادایە، ئەگەرچی کۆتایی هاتنی (ئاژاوە) لەعێڕاق خەونی ئەمەریکا بووە، هەر بەو ئامانجەش لەساڵی (2003) رژێمی عێراقی گۆڕیوە، بەڵام دوای (18) ساڵ خەریکە بۆ ئەمەریکا روون دەبێتەوە کە  عێراق لوغزێکی سەرسوڕهێنەرە و بەئاسانی چارەسەر ناکرێت، بۆیە ئەگەرێکی بەهێزە ئەمەریکا لەپێناو چارەسەرکردنی (سەرئێشەی عێراق) ملکەچی واقیعە سیاسیە ئاڵۆزەکەی عێراق نەبێت، بەڵکو بیر لە ئەلتەرناتیڤێکی تر بکاتەوە، ئەویش بەهەرێمکردنی ناوەڕاست و باشوری عێراقە، واتە بە (شێوەیەک لەشێوەکان) گەڕانەوە بۆ پێشنیازەکەی سەرۆک (جۆ بایدن) کە لەساڵی (٢٠٠٧) پێشکەشی کردووە.

لەکۆتاییدا گرنگە ئێمەی کورد درک بەم قۆناغە هەستیارەی دۆخی عێراق بکەین، بۆیە هەتا زووە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەوڵبدەن ناوماڵی خۆیان رێکبخەنەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو سیناریۆکان، تاکو بتوانن وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ئامادەیی بەهێزیان هەبێت لەناو هاوکێشەو گۆڕانکاریەکانی عێراق و ناوچەکە، چونکە ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق ئەگەرێکی بەهێزترە لەئەگەری سەقامگیری دۆخی عێراق، بەتایبەت ئەگەر ئەمەریکا و ئێران گەیشتنە بنبەست لەدانوستانەکانی (ڤیەننا) بۆ نوێکردنەوی رێکەوتنامەی ئەتۆمی، ئەوکات ئەم رەوشە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق دەبێت، چونکە ململانێکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەگۆڕەپانی عێراقدا ڕەنگ دەدەنەوە، بۆیە گرنگە ئێمەی کورد خۆمان بۆ هەموو سینارێۆو ئەگەرەکان حازرو ئامادە بکەین.

 

سەرۆکی ئینستیتۆی

توێژینەوەی (ئەمەریکی - کوردی)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار