زارا؛ زمان‌و ناسنامەو مانەوە

رەزا مەنوچەهری

2 ساڵ لەمەوپێش



رەزا مەنوچەهری

مرۆڤ زمانە

گەرچی مرۆڤ لەپرۆسەیەکی مێژوویدا زمانی ئافراندووەو گەشەی پێداوە، ئاماژەو وێنەو پیتی بۆ خوڵقاندووە، بەڵام زمان بووە بەمرۆڤ و هەبوونی مرۆڤ، لەمێژە زمان مرۆڤ شکڵ پێدەدات و ئاراستەی دەکات و بیرکردنەوەی فێر دەکات. قەدەغەکردنی زمانیش هاوتایە بە نەبوون و سڕینەوەی مرۆڤ، کۆمەڵگە، پێکهاتەیەک و نەتەوەیەک، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی ٢١ی شوبات بە رۆژی جیهانی زمانی دایک دیاریکردووە. لەماددەی ٢ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤیشدا هاتووە، «هەموو کەس دەتوانێت هەموو ئازادییەکان، کە لەم جاڕنامەیدا هاتووە، بەبێ هیچ جیاوازییەکی نەژادی، رەگەزی، رەنگ، زمان، ئایین و بڕوا جیاجیاکان، پێگەی کۆمەڵایەتی و شوێنی ژیانی ... هتد، سوودیان لێوەربگرێت». لەدەقە ئاینییەکانیشدا باس لەوە کراوە خودا زمانی بەمرۆڤ بەخشیوەو پێگەی مرۆڤ لەلای خوداوەند بەزمان و رەنگ و رەگەزی نییە، بەڵکو بەپاکییەتی لەبڕواداربوونیدا، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری دەسەڵاتەکان بە روونی باسیان لەئازادیی زمانی دایک کردووە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ماددەی ١٥ی دەستوورەکەیدا  نووسیویەتی، «زمانی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامەکان و نووسراوەکان و دەقە فەرمییەکان و کتێبەکانی خوێندن دەبێت بەو زمانە بن، بەڵام بەکارهێنانی زمانە خۆجێیەکان و گەلان لەچاپەمەنییەکان و راگەیاندنە جەماوەرییەکان و وتنەوەی ئەدەبیاتیان لەخوێندنگەکاندا، لەپاڵ زمانی فارسی دا ئازادە». 

روانگەی ترس و سڕینەوەو ئەمنی

بەڵام لەئێراندا تاوەکو ئێستا زمانی کوردی لەخوێندنگەکان ناخوێندرێت و تەنات رێگریی زۆریش لەوتنەوەو فێرکردنی ئەو زمانە دەکرێت، چونکە دەوڵەتی ئێران وەک دەوڵەتەکانی تری ناوچەکەو ئەو وڵاتانە، کە کوردیان بەسەردا دابەش بووە، لە روانگەی ترس و  ئەمنییەوە هەوڵ بۆ سڕینەوەی زمان و نەتەوەی کورد دەدەن. روانگەی دژە دیموکراسی و بەرچاوتەنگیی نەتەوەی باڵادەست بۆ مانەوەی خۆی لەهەموو جیاوازییەک و زمانێکی جیاواز لەزمانی دەوڵەت دەترسێت. دەترسن لەوەی، کە لە رێگەی زمانەوە هۆشیاریی نەتەوەیی و سیاسیی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی دروست بێت. بەوەش کۆڵەکەی ئەو دەوڵەتانە لەق دەبێت، کە بە زۆر خۆیان سەپاندووە و خاکی کوردستانیان داگیرکردووە. بەرچاوتەنگیی نەتەوەی باڵادەست وایکردووە، زمان، کە مافێکی سروشتی و بایۆلۆژیی مرۆڤە لەمرۆڤەکان زەوت بکەن و لەو رێگەوە نەتەوەیەک بسڕنەوە.

زمانی دەوڵەت

 بەڵام لەبەرئەوەی ناڕەزایەتی و هۆشیاری و پێداگری لەدژی سڕینەوە و قەدەغەکاریی سەر کولتورو زمان رۆژ لەدوای رۆژ گەشە دەکات و کۆمەڵگە هۆشیارتر دەبێتەوە، ئێران و تورکیا هەوڵیانداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی کوردی و شلکردنەوەی بەشێک لەناڕەزایەتییەکان، زمانی کوردی لەژێر چاودێریی دەوڵەت و لەپێناو ئامانجەکانی دەوڵەت و سیاسەتەکانی دەوڵەتدا بەکاربهێنن، بۆ ئەوەش ئێران کەناڵی کوردیی لەسنە و مەهابادو چەند رادیۆیەک و کەناڵی سەحەرو جامی جەمی کوردی... هتدو وتنەوەی زمانی کوردی لەبەشێک لەزانکۆی کوردستان لەسنە بە کوردی بۆ گواستنەوەی چڕتری سیاسەتەکانی دەوڵەت بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردستان کردووەتەوە. هەروەها دەوڵەتی تورکیاش کەناڵی تی ئاڕ تی ٦، بەشی کوردیی ئەنادۆڵ و وتنەوەی وانەی کوردی لەبەشێک لە زانکۆی مێردین... هتد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێکۆشانی گەلی کورد خستووەتەگەڕ. ئێران و تورکیا ئێستا بەپێچەوانەی نکۆڵییەکانی پێشتریان بەناچاری و لە ئەنجامی گەشەی بزاوتی سەربازی، سیاسی، مەدەنی، پەرلەمانی، رۆشنبیری و میدیای کوردیدا، زمانی کوردییان وەک زمانێکی کۆنترۆڵکراو لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و بۆ دەوڵەت قبوڵە، بەڵام بۆ گەل و کۆمەڵگە قەدەغەیە.

داخستن و قەدەغەکردنی زمانی گەل

هاوکات ئێران و تورکیا هەموو توانای سیاسی و سەربازی و ئەمنی و پڕوپاگەندەیی و یاسایی و دەزگاکانی سزادانیان بۆ رێگریکردن و سڕینەوەی زمانی گەلی کورد گرتووەتەبەر.

 یەکەم، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە، جگە لەزمانی دەوڵەت، هیچ هاوکاری و پشتیوانییەکیان بۆ زمانی کوردی، گۆڤار، رۆژنامە، چاپکراوەکان، کتێب بەکوردی، کۆرسەکان بۆ وتنەوەی زمانی کوردی، پەیمانگە و ئەنیستیتۆتەکانیان نییە.

 دووەم، لەبەرامبەر ئەو رێگرییانەو زمانی دەوڵەتدا، گەلی کورد لەهەموو ئاستەکانی خوێندکاری، رۆشنبیری، میدیایی، دونیای دیجیتاڵ، کەناڵە ئاسمانییەکان و کردنەوەی پەیمانگەو خوێندنگە و کۆرس بۆ زمانی کوردی رانەوەستاون. کورد لەباکوور رۆژنامەی وڵات، ئەنیستیتۆی کوردیی ئیستەنبول، ئەنیستیتۆی کوردی خانی لە ئامەد، ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، بزووتنەوەی زمانی کوردی، کردنەوەی خوێندنگەی کوردی و کۆرسی کوردی و چاپکردنی کتێب و بڵاوکراوە بەکوردی بەقوربانیدانی زۆر گەورە بەرەوپێش بردووە. موسا عەنتەر لەپێناو زمانی کوردیدا گیانی خۆی بەخشی. دواتر مەد تیڤی و مەدیا تیڤی و بەدوای ئەواندا کاروانی کەناڵە ئاسمانییەکان بوونە چراوگ و مەشخەڵی شکاندنی بەستەڵەکی سەر زمانی کوردی. لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا لەساڵی ٢٠٠٧ رۆژی دەرچوونی رۆژنامەی هاوار، واتە ١٥ی ئایاریان کردە رۆژی جەژنی زمانی کوردی و ساڵ لەدوای ساڵ گەشەی زیاتر بەزمانی گەل دەدەن و سیاسەتی زمانی دەوڵەت بێ کاریگەرتر دەکەن.

سێیەم، دەوڵەت جگە لە زمانی دەوڵەت زمانی راستەقینەی گەل و کۆمەڵگەی قبوڵ نییە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا کارێکی بنەڕەتیی بووەتە داخستن و سزادانی ناوەندەکانی زمانی گەل. گەلیش بۆ زمانەکانی ناوەندێکی لێدادەخرێت ناوەندێکی تر دەکاتەوە، بۆ نموونە تائێستا چوار جار خوێندنگەی کوردیی فەرزاد کەمانگەریان داخستووە و هەر جارەو دوای سزاکەی بەشێوەیەکی تر دەیکەنەوە. چەندین جار رۆژنامەکانیان داخستووە و ناوەکانیان گۆڕیون، چەندینجار ناوەندە هونەری و پەیمانگەکانیان داخستووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە. بەڕێوەبەران و ئەندامانیان دەستگیرو زیندان کردوون و تەنانەت کەسی وەک موسا عەنتەریان شەهید کردووە.

چوارەم، دەوڵەتی ئێران جگە لەوە هیچ هاوکارییەکی ناوەندەکانی دەرەوەی رژێمەکەی ناکات، بەڵکو هەموو رۆژێک بەپاساوێک هەڵدەکوتێتە سەر چالاکوانان و مامۆستایانی کوردی و ناوەندو رێکخراوو چاپکراوە و بڵاوکراوە کوردییەکان، ئەگەر لە رێگەی گەمارۆی ماددی و ئابوریەوە نەیتوانی رێگرییان لێ بکات، تۆمەتی ئەمنی و سیاسییان بۆ هەڵدەبەستێت و بەو پاساوە پەراوێزیان دەخات و سزایان دەدات و زیندانیان دەکات. بەلانیکەمەوە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردودا نزیکەی ١٠٠ رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە لە زانکۆکان و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە دایکبوون، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆریان داخران، کە هۆکاری قەیرانی ئابووری و گوشاری ئەمنی و زیندانیکردن و سزادانی بەڕێوەبەرەکانیان گرنگترین هۆکارەکانی داخستنیان بوون. لە رۆژهەڵات زمانی گەل بە رۆژنامەی رۆژی کوردی سمکۆی شکاک، گۆڤاری نیشتمان و رۆژژمێری کوردیی ژێکاف بە سەرنووسەریی عەبدولڕەحمان زەبیحی، شاعیرانی وەک هێمن... هتد و دەیان نووسەرو رۆشنبیرو نەوە لە دوای نەوە لەوانە، ژیلا حوسێنی، مارف ئاغایی و جەلال مەلەکشا و هەروەها ئەنجومەنە ئەدەبییەکان... و هتد  گەیشتووەتە زارا.

چیرۆکی زارا

زار محەمەدی تەمەنی ٣٢ ساڵە و خەڵکی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان (دێهگولان) لە پارێزگای سنەیە. ماستەری جۆگرافیای سیاسیی لەزانکۆی سنە وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠١٦دا لەشاری سنە یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی نۆژین بوو.  ماوەی ١٠ ساڵ لەگوندەکانی سنە و دەورووبەریدا بەخۆبەخشی زمانی کوردیی فێری منداڵانی کورد دەکرد.

هێزەکانی رژێمی ئێران لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٩ هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کرد. ماوەی ٦ مانگ لە زیندان رایانگرت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرد. خستیانە ژووری تاکەکەسی و گوشاری زۆریان لەسەر دروستکرد. بەدزییەوە و بەبێ ئاگاداریی پارێزەرەکەی بردبوویان بۆ دادگای شۆڕش. تۆمەتی «ئەندامبوون لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانیان»  خستبوە پاڵی و لە ٢ی دیسمەمبەری ٢٠١٩دا بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٠دا دانیشتنی دادگایکردنەکەی بەڕێوەچوو و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٢٠دا دادگا رایگەیاند، بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەمەدی دا دەسەپێنرێت. لە دوای تانە دان لەو بڕیارە دادگا لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا سزاکەی گۆڕی بۆ ٥ ساڵ زیندانیکردن. دوای ئەوە هیچ یەک لە تانەکانی تری زاراو پارێزەرەکانی قبوڵ نەکران و لەئەنجامدا رۆژی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بانگهێشت کرا بۆ زیندان تاوەکو ماوەی زیندانیکردنەکەی تێپەڕنێت. ئەویش لەو رۆژەدا لەناو ئاپۆراو پێشوازیی گەرمی چالاکوانان و خەڵکی سنەدا تاوەکو بەر دەرگای زیندان رۆیشت و لەلایەن رژێمی ئێرانەوە زیندانیکرا.

زارا هەڵنەهاتن و مانەوە، لوتکەو لاپەڕەیەکی نوێ

زارا بە جلوبەرگی کوردییەوە لەگەڵ سەیوان ئیبراهیمی هاوسەریدا بەناو ئاپۆرای خەڵکدا بەرەو دەرگای زیندان دەڕۆیشت. لەگەڵ ئەوەی ورەو هێز و بەرەنگاریی تیادا دەبینرا، سوپاسێکی زۆری خەڵکی کرد، کە بەو شێوەیە پشتیوانیی لێدەکەن و بەزمانی قانع پێی وتن، قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە و ئەو رستە ناسراوو ئاشنایەی کۆمەڵگەی کوردی ئەوەندەی تر زارای لە دیدی کۆمەڵگەکەیەوە گەیاندە لوتکە، بەڵام تەنها ئەوە لوتکەی زارا نەبوو، بەڵکو زارا سەرباری ئەوەی دەرفەتی هەڵهاتنی لە ئێران هەبوو و زۆر کەسیش داوایان لێکردبوو نەگەڕێتەوە بۆ زیندان و روو لە دەرەوەی ئێران بکات، بەڵام زارا پێداگریی لە مانەوە کرد و هەڵنەهات. هەڵنەهاتن، ئاسان نییە و مانەوە لەو دۆخەدا زۆر لەوە قورسترە، کە چاوەڕێ دەکرێت. زارا بەوە لاپەڕەیەکی پێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری چالاکوانان و رۆشنبیرانی تر هەڵدایەوە، هەڵنەهات و مایەوە. ئەمە لوتکە راستەقینەکەی زارا بوو. ئەوە لوتکەی ئازایەتی و نەترسی و پێشەنگانەی زارا بوو. ئیدی مانەوە و بەرەنگاری دەبێتە لاپەڕەیەکی نوێ لە شێوەی خەباتی مەدەنی، ژینگەی، ئەدەبی و سیاسی، کە رچەکەی لەلایەن زاراوە شکێنرا و رایگەیاند، دەمێنێتەوە. مانەوە لە ناو زیندان لە ژووی شیشدراوی کۆنکرێتیی پاسەوانانی دوژمن دا مانەوەیەکی ئاسان و ساکار نییە. مانەوەیەکە لە رەگەزێکی جیاواز.

ژنانی کورد و ئەفسانەی پێشەنگایەتی

دیارە رەگەزی ژنانی کورد جیاوازە، چونکە جۆری ئیرادە و پێشەنگایەتی و بەرەنگارییان هەمیشە جێگای سەرسوڕمان بووە. خۆهەڵدانە خوارەوەی ٨٨ ژنەکەی قەڵای دمدم لە سەر قەدپاڵەکانەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمن، فیداکارییەکانی عەدول و دەروێشی عەبدی، زینەکەی مەم، مەستورەی ئەردەڵان، زەریفەکەی عەلی شێر، قەدەم خەیر، خۆهەڵەدانە خوارەوەی بەسێ و دەیان ژنی تری دێرسیمی لە کاتی کۆمەڵکوژیی دێرسیمەدا بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی جەندرمەی تورک، مارگرێت، لەیلا قاسم، سارا، بێریتان، زیلان، ئالکان، شیرین عەلەم هولی، ژنانی شەنگال، ژنانی رۆژئاوا و کۆبانێ، فیگەن، کشاناک، هەڤرین خەڵەف، نەسرین عەبدوڵا، نادیە موراد، نەسرین و شەهلا  کەعبی... هتد و سەدان نمونەی تر ئەوە دەسەلمێنن، کە ژنانی کورد ئەفسانەی پێشەنگایەتین.

لەیلا گیوڤەن و مانەوە بۆ گۆڕینی مێژوو

لەیلا گیوڤەن تەمەن ٥٧ ساڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە پاساوی ئەوەی دژایەتیی هێرشی دەوڵەتی تورکیای کردووە بۆ سەر عەفرین لەساڵی ٢٠١٨ دەستگیرکرا. لە زینداندا بۆ ماوەی ٢٠٠ رۆژ مانی لە خواردن گرت و داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان و ئازادیی زیندانیانی سیاسی و ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەکرد. مانگرتنەکەی، کە مانگرتنی زیاتر لە ٤ هەزار زیندانیی بە دوادا هات، سەرکەوتنی بە دەستهێنا و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامدرا. دوای ئەوەش گیوڤەن ئازاد کراو چارەسەریی وەرگرت. سەرباری ئەوەی لە ساڵانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٥ لەئەڵمانیا ژیا بوو و دەرفەتی هەڵهاتنی لە تورکیا هەبوو، بەڵام مایەوە و بەرەنگاریی کرد. تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠ چەندجارێک دەستگیرکراو وتەی لێوەردەگیرا و ئازاد دەکرا، بەڵام هەر هەڵنەهات و مایەوە. لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا کاتێک پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی پێی وتن، دەمتوانی رابکەم و لێرە بڕۆم، بەڵام نەڕۆیشتم و مامەوە. دەوڵەتی تورکیا سزای ٢٢ ساڵ و ٣ زیندانیی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخستنەکانی پەکەکە دا بەسەردا سەپاندووە. 

لەیلا و زارا دوو ژنی کوردن، کە دەیانتوانی وەک هەزارانی تر رابکەن و لەوڵاتێکی تر ژیان بکەن، بەڵام مانەوە و بەرەنگارییان هەڵبژارد. ئەوان ماونەتەوە بۆ ئەوەی رەوتی مێژوو بگۆڕن. لەیلا و زارا هەردووکیان لەخەباتی مەدەنی دا تێکۆشاون و داکۆکییان لەزمان و ناسنامەی خۆیان کردووە، بەڵام ئێران و تورکیا کە دوو دیوی یەک دراون، جگە لە زمانی دەوڵەت هیچ زمانێکی تر قبوڵ ناکەن، لەیلاو زارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی زمانی دەوڵەت ماونەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار