سەد ساڵەی یولیوسێس: لەدایکبوونی مۆدێرنە

سەردار عزیز

4 مانگ لەمەوپێش



سەردار عزیز

لەساڵی ١٩٢٢ لە پاریس نوسەری گەورەی ئایرلەندی جەیمس جۆیس رۆمانی یولیوسێسی چاپکرد. لەهەمان ساڵدا تی ئێس

ئیلیوت شیعری وێرانە خاکی بڵاوکردەوە.  رۆماننوسی گەورەی ئایرلەندی کۆڵم تۆبین پێی وایە هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو دەقەکەدا. هەردوکیان کار لەسەر دەڵەمەیی ژیانی شار دەکەن. جۆیس لە یولیوسێسدا ئەو حەقایەخوانە گێڕەرەوەی کوشت کە هەموو شتێکی دەزانی. یولیوسێس لەسەر بنەماکانی وۆدیسەی هۆمەر بونیادنراوە، بەڵام باس لەژیانی سەردەمی شار دەکات. دابڕانێکە لەگەڵ ئەدەبی دەشت و دەرو سروشت و رۆمانسیەت. جۆیس لەڕێگای زمانەوە دونیا دەخولقێنێت.

کۆڵم تۆبین ئەمڕۆ لەڕۆژنامەی فاینانشال تایمز، کە یەک لاپەڕەیان بۆ ئەو یادە تەرخانکردبوو، بابەتێکی ئێجگار دڵگیری دەربارەی ئەم یادە نوسیبوو. رۆمانەکەی جۆیس کە بە گرنگترین دەقی سەدەی بیست دادەنرێت، دەربارەی ژیانی ئاسایی جولەکەیەکی ئایرلەندیە لەشاری دۆبلن، لەسەرەتاکانی سەدەی بیست. کاتێک جۆیس ئەم رۆمانە دەنوسێت لە دەرەوەی دۆبلن دەبێت. سەرەتا لەشاری تریەست دەست بەنووسینی دەکات پاشان لەپاریس کۆتایی پێدەهێنێت.

بوونی مرۆڤی ئاسایی بەپاڵەوانی چیرۆکەکان لەبری کەسانی بەرزو گەورە، یەکێکە لەخەسڵەتکانی ئەدەبی مۆدێرن.

 لەم روانگەیەوە منیش ژیانی رۆژی شەممەم دەگێڕمەوە. ئەو رۆژەی کە لەبەیانی زوودا چوومە نهۆمی سەرەوەی کتێبخانەی گشتی شاری کۆرک بۆ خوێندنەوەی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز. من زۆربەی شەممانی تر رۆژنامەکە دەکڕم، بەڵام بڕیارمدا ئەم شەممەیە نەیکڕم، رۆژنامەی تر بکڕم لەبەر هەندێ روماڵی تر. شەممان من و هاوسەرەکەم بەیانی زوو دێین بۆ بازەڕە خۆماڵییەکە. ئەو بازاڕەی کە جوتیارو نانەواو ماسی فرۆش و میوە فرۆشەکان بەروبوومی خۆیان لە گوندەکانەوە دەهێنن بۆ فرۆشتن. بەگشتی خۆراکەکان ئۆرگانین، یانی پەینی کیمیاویان تیادا نیە. ئەمڕۆ لەئەوروپا بایەخێکی زۆر دەدرێت بەجۆری خۆراک. خواردن چیدی تەنها لەپێناو تێرکردندانیە، بەڵکو وەک دەرمان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها وەک سەرچاوەیەک بۆ باشکردن و خراپکردنی ژینگە. کەواتە خواردن کارێیی پێوستی و تەندروستی و ئەخلاقییە.

 ئەم بەیانییە خۆم بە تەنها هاتم، چونکە نامۆ تیپی دوو گۆڵییەکەی یاری هەبوو، لەهەمانکاتدا. ئەوەی دڵتەنگی کردم نەهاتنی سێوفرۆشەکە بوو، کە هەموو شەممانێک دوو سندوقی گەورەی سێوی جیاوازی پڕ لەتام دەهێنێت: سندوقێک بۆ خواردن و سندوقێک بۆ کێک دروستکردن. هەموو هەفتەیەک منیش بیست دانە سێوی لێدەکڕم. نەهاتنی سێو فرۆشەکە لەنگییەک دەخاتە بەرنامەی خۆراکی ئێمەوە، چونکە سێوەکانی تر هەمان تامیان نیە. لێرە، لەم دورگەیەی ئایرلەندا، تام تیمایەکی گرنگە. چونکە خۆر هێندە بەدەرەوە نیە، تامیش لەمیوەو خۆراکەکاندا کەمە. هەمیشە میوەی تامدار دەمباتەوە بۆ وڵاتی خۆر. ئەمە یەکێکە لە ئەو بوارانەی کەزۆر بیری گوندەکەمان و گەرمیان دەکەم، تامی میوەو تامی خۆر. هەنجیری سەرتەک بۆ نموونە.

ماسی فرۆشە ئەڵمانەکە لەوێ نەماوە، ساڵی پێشوو بەزۆری من لێرە نەبووم، کەهاتمەوە سێ لاوی تازە خەتداوی ئایرلەندی ماسی دەفرۆشن. ماسیفرۆشە ئەڵمانییەکە کەسێکی دڵگیربوو، هەمیشە، بەپێچەوانەی زۆربەی ئەڵمانەکانی تر، زۆر بەویقاربوو. هەندێک جار هێندە بەڕێکی و گۆشەیی پارچە ماسییەکانی دەبڕی مایەی پێکەنین بوو، کارێک تەنها ئەڵمانەکان دەتوانن بیکەن.

کاتێک سێو فرۆشەکانم نەبینی، رۆشتم لە جەیمسم پرسی. جەیمس وتی پیاوی سێوفرۆشەکە، رەنگە نەیەت. جەیمس ساڵانێکی زۆرە دەناسم. ئەو ئێستا کتێبی دەستی دەفرۆشێت، بەڵام چالاکوانێکی سیاسی ناسراوە. ئێمە جاران زیاتر هاوڕێتیمان هەبوو، بەڵام پاش هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق من لە خەتی چەپ جودابوومەوە، بەڵام هاوڕێتیمان ماوە. جەیمس چەپێکی ملیتانتە، یانی بڕوای بەبەکارهێنانی چەک هەیە. کێڤن دەیوت ئەو پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ئای ئار ئەیدا (سوپای ئازادیخوازی ئایرلەندی) هەیە، بەڵام من هەمیشە وەک ئەنارکستێک ناسیومە.

لەگەڵ جەیمسدا، ئوجینی سەوزە فرۆشیش لەوێ بوو، ئەویش لەباڵی ئەنارکیستەکانە. تێکەڵی من لەگەڵیاندا دەگەڕێتەوە بۆ کێڤن کە ساڵانێک زۆر هاوڕێ بووین. کێڤن دۆیل رۆماننوسێکی دیاری ئەم شارەیە، جگە لەهاوڕێیەتی چەند ساڵێک دراوسێ بووین کاتێک ئێمە لەماڵێکی کۆنی سەردەمی ئینگلیزەکاندا دەژیان لای بنکە سەربازییەکەی ناو شار.

دەبوو بۆ کارێک نزیکی دوو کاتژمێر بمێنمەوە. دەمێک بوو وەها بە تەنها لەشاردا نەبووم. تامێکی تایبەتی هەبوو. لە کتێبفرۆشی واتەرستۆن کتێبێکی دەگمەنم دەربارەی مێژووی چەپی فیدائین خەلقی ئێرانیم کڕی.

وەها دیارە کتێبێکی پڕ زانیارییە، دەربارەی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی چەکداری چەپی جودا لە تودە، لە ئێران. ویستم بڕۆم بۆ کافێ، کاپۆچینۆیەکی بێ کافایین بکڕم و دەستبکەم بەخوێندنەوە، بەڵام ئەو کافێیەی کە ساڵانێک تیایدا دادەنیشم،  ناوی گوستۆیە، هێشتا بەتەواوی نەکرابوەوە. ژنە بچکۆلەکەی خاوەنی ناسیمیەوە، وتی دووشەممە بەتەواوی دەکرێینەوە. پاشان بڕیارمدا بچم بۆ کتێبخانەی گشتی. لەڕێگا مارکۆی ئیتالی و یارینی هاوڕێیم بینی. بەئیتاڵی بەیانی باشم لێکردن، هەرچەندە یارین کۆبییە بەڵام بەئیتاڵی وەڵامیان دایەوە. قسەکردن بە ئیتاڵی لەژێر هەورێکی رەشدا حەزێکی زۆری تیادا چەکەرەکردم بۆ خۆرو قاوە و گەرمیی.

ئەوان دەچون جاکۆبۆ ببینن، کە دوێنێ لە ئیتاڵیا هاتەوە. ئێمە هەمومان پێکەوە ئێوارانی هەینی لەپارکی زانکۆ یاری دووگۆڵی دەکەین.

کە لەنهۆمی سەرەوەی کتێبخانەی گشتی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست و لەندەن رڤیو وۆف بوک و فایناشاڵ تایمزم لەگەڵ خۆمدا برد بۆ خوێندنەوە چێژێکی خۆشی هەبوو، بەڵام قاوەی کەم بوو. بیرمکردەوە ئەگەر  کەشەکەی خۆرو گەرما بوایە نەدەهاتم بۆ خوێندنەوە. ئەم رۆژانەی پێشوو، بابەتی نووسەرێکی نایجیرم خوێندەوە کە چۆن هەورو هەڵای لەندەن هاوکاری بووە  بۆ خوێندنەوەی زیاترو جیاوازتر.

جۆیس ئەمڕۆ نەک وەک نووسەر بەڵکو وەک یەکێک لە سیمبول و ئاماژە دیارەکانی ئایرلەندا دەناسرێتەوە. بەڵام لەڕۆژانی ژیانیدا سیاسی و پیاوە ئاینییەکانی ئەم وڵاتە نەفرەتیان لێدەکرد. دەڵێن جارێک سەرۆک وەزیرانی ئایرلەندا لەپاش سەربەخۆیی، کە نیمچە ئایرلەندی و نیمچە ئیسپانییە، بەناوی ئەیمەن دیڤیلێرا، لە زیورخی سویسرا دەبێت، دەچێتە لای هەمان دوکتۆری چاو، کە جۆیسی چاو پڕ لەکێشە، نەخۆشی هەمان دوکتۆر دەبێت. جۆیس کە ئاگادار دەبێتەوە بەهاتنی سەرۆک وەزیران، داوای لێدەکات لە جێگایەک پێکەوە نانێک بخۆن، بەڵام ئەو رازی نابێت.

کاتێک جۆیس دەمرێت بەهیچ شێوەیەک لە ئایرلەندا یادی ناکرێتەوە. ئەمە قەدەری هەموو بیرمەندێکە لە گەڵ خەڵک و وڵاتی خۆیدا. لەساڵی ١٩٥٤ کۆمەڵێک نوسەر لە دۆبلن بە هەمان ئەو رێچکەدا دەڕۆن کە لیبۆلد بلومی پاڵەوانەکەی جۆیس پیادا رۆشتوە. ئیتر دوای ئەوە ئەو رۆژە هەموو ساڵێک یادەی دەکرێتەوە، کە بەڕۆژی بلوم ناسراوە.

جۆیس لەزۆر رووەوە کەسێکی وەک بەختیار عەلی-م بیردەخاتەوە، کەسێک کە ئێمە لەغوربەتتدا فەرامۆشمان کردووە. چاوەڕێمان کرد هەتا ئەوانی تر دانی پیادابنێن، ئینجا ئێمەش. بەڵام هێشتا سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سیاسی ئێمە ناتوانێت ئەو بەبێ مەرج قبوڵ بکات.

جۆیس بەئاسانی ناخوێندرێتەوە. هەندێ کاری نەبێت خوێندنەوەی زۆر پڕ لەئالنگارییە. بیرم دێت لەکۆتایی هەشتاکان دەستمکرد بەخوێندنەوەی دۆبلنییەکان، پاشان وێنەی هونەرمەند لەتافی لاویدا. کاری سەختن، بەڵام ئەوانە لەدەقە ئاسانەکانی جۆیسن بەبەراورد بەیولیوسێ و فینگانس وەیک.

جۆیس لەزۆر رووەوە کەسێکی وەک بەختیار عەلی-م بیردەخاتەوە، کەسێک کە ئێمە لەغوربەتتدا فەرامۆشمان کردووە. چاوەڕێمان کرد هەتا ئەوانی تر دانی پیادابنێن، ئینجا ئێمەش. بەڵام هێشتا سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سیاسی ئێمە ناتوانێت ئەو بەبێ مەرج قبوڵ بکات

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار