سەرۆکی ئۆکرانیا داوایەك ئاراستەی یەكێتی ئەوروپا دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئۆکرانیا بەشداری دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپای کرد و رایگەیاند: "ئۆکراین دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپا بێت و دڵخۆشن بە پشتیوانی کردنیان".
ئەمرۆ سێشەممە 1ی ئاداری 2022 . ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەڕێگەی بەشداریکردنی ڤیدیۆوە وتارێکی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئۆکرانیا روبەڕووی کارەسات بووەتەوە و رۆژانە دەیان کەس دەکوژرێن و روسیا مووشەک ئاڕاستەی منداڵان دەکات".
ئەوەشی وت،"لە ئێستادا لەگەڵ واقیعێکی تاڵدا مامەڵە دەکەن و دەجەنگن لەپێناو ئازادی خاکی وڵاتەکەیان و گەلی ئۆکراینا پەرۆشە بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی".
زیلینسکی راشیگەیاند، "دڵخۆشن بە پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپا وئۆکرانیا دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپا بێت و لە پێناو ئەو ئامانجەدا دەجەنگن، داواشی لە ئەوروپا کرد کە بۆیان بسەلمێنن بە کردار لەگەڵ ئۆکراینن".
ئەمڕۆ شەش رۆژە هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، روسیا هێزێکی زۆری بەرەو کێڤ جووڵاندووە و بەیانی ئەمڕۆ لە دەروازەکانی شاری خێرسۆن خاڵی سەربازییان دانام هاوکات بە موشەک ناوەڕاستی خارکیڤ-یان کردە ئامانج.
هەر ئەمڕۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئۆکرانیا هەوڵیداوە چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، وتی ئۆکرانیا "هێشتا تەکنەلۆژیا و رێگەکانی سۆڤیەتی لەبەردەستە بۆ ئەوەی ئەو چەکە بەدەستبهێنێت".
