بایدن: لە پشگیری ئۆكرانیا بەردەوام دەبین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند:"  بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیا، بەڵام هێزەکانیان ناچنە بەرەی جەنگ لە ئۆکرانیا و راستەوخۆ روبەڕوی روسیا نابنەوە".

جۆ بایدن كاتژمێر 21:00ـی رۆژی 01-03-2022 بە کاتی ئەمریکا چووە کۆنگرێس و ئەندامانی کۆنگرێس بە ئاڵای ئۆکرانیاوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد و لە کاتی قسەکردنیشیدا بەردەوام چەپڵەیان بۆ لێدەدا بە تایبەت ئەو کاتانەی کە باسی دۆخی ئۆکرانیا و پاڵپشتیی لەو وڵاتە دەکرد.

وەکو بایدن دەڵێت، پووتین ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر "پەراوێزخراوە"، ئەو پەراوێزخستنەش بووەتە هۆی دابەزاندنی بەهای رۆبڵ بەخێراییەکی زۆر. لە ماوەیەکی کەمدا رۆبڵ 30%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، دابەزینەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو 40%ـی بەهاکەی لەدەستدەدات.

هەروەها بایدن پێیوایە، وایان لە روسیا کردووە کە دەستی بە تەکنەلۆژیاکان نەگات، ئەوەش لەڕووی سەربازییەوە ئەو وڵاتە لاواز دەکات.

جۆ بایدن لە قسەکانیدا زیاتر هێرشەکانی بۆ سەر پووتین بوو نەوەک روسیا، تەنانەت لە کاتی باسکردنی دابەزینی بەهای رۆبڵ ئاماژەی بەوە دا، "پووتین بەتەنیا لەمە بەرپرسیارە".

ئۆکرانیا بە وڵاتێکی دۆستی رۆژئاواییەکان هەژمار دەکرێت، هەرچەندە نە ئەندامی ناتۆیە و نە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتییەکی گەورەی ئۆکرانیا دەکەن. بە وتەی بایدن ئەمریکا لە پلانیدایە یەک ملیار دۆلار وەکو یارمەتیی پێشکێش بە ئۆکرانیا بکات.

بەڵام وتیشی، "هێزەکانمان لە شەڕدا نین و لە شەڕیشدا نابن لەگەڵ هێزەکانی روسیا لە ئۆکراینا. هێزەکانمان ناچن بۆ ئەوروپا بۆ ئەوەی لە ئۆکرانیا شەڕبکەن، بەڵکو بۆ پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ لەوێن ئەگەر پوتن بڕیاربدات بەرەو رۆژئاوا بکشێت. بۆ ئەم مەبەستە، جوڵەمان بە هێزی زەمینی ئەمریکی کردووە".

سەرۆکی ئەمریکا دیسانەوە رووی قسەکانی کردە پووتین و وتی، "دیکتاتۆرێکی رووسی وڵاتێکی بیانی داگیربکات، لەسەر ئاستی جیهان باجی دەبێت. کرداری پێویستیش دەنوێنم بۆ ئەوەی دڵنیابم سزاکانمان، ئابووریی رووسیا دەکەنە ئامانج."

سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتێک کە نزیکەی 40%ـی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا دابیندەکات بێ لێکەوت نابێت. دوای راگەیاندنی سزاکان، لە ماوەیەکی کەمدا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لە هەشت ساڵی رابردوودا و ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی برێنت 110 دۆلاری تۆمارکرد.

سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمریکا لەگەڵ 60 وڵاتی دیکە کاری کردووە بۆ ئەوەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوت لە نەوتی یەدەگیان بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە، هەروەها ئامادەن لەو بڕەش زیاتر هەناردە بکەن. بایدن پێیوایە بەم هەنگاوە دەتوانێت رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بگرێت.

بەرگریکردنی ئۆکراینا بووەتە رۆژەڤی میدیاکانی رۆژئاوا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام ستایشی رۆڵی سەرۆک و سەربازانی ئۆکراینا دەکرێن. لەو بارەوە بایدن دەڵێت، "ئۆکرانیییەکان بە ورەیەکی بەرزەوە شەڕدەکەن. بەڵام رۆژانی داهاتوو، هەفتەکانی داهاتوو، مانگەکانی داهاتوو قورس دەبێت بۆیان"، هەروەها وتیشی، پووتین "وایدەزانی ناتۆ ناتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام پووتین هەڵەیە و ئێمە پێکەوە بەرەنگاری دەبینەوە".

ئەمرۆ دەبێتە حەوتەم رۆژ كاتێك لە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە، سەرۆكی روسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا دەستپیكرد. تا ئێستا شەر بەردەوامە و ئامانجەكە لەسەر  كیێڤ ی پایتەختی ئۆكرانیایە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار