چیرۆکی نێرگز چنین و نێرگز فرۆشتنەکەم!

د. هێرش رەسوڵ

2 ساڵ لەمەوپێش



د. هێرش رەسوڵ

‎‎هەمیشە بۆن-ە تایبەتەکەی مەستمدەکات. ئەو بۆنە لای من تەواو ناوازە و سروشتییە. کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری هەمو ساڵێ حەزدەکەم ئەو بۆنە هێمن هێمن رۆبچێتە نێو هەست و رۆح و، تەنانەت مولولەکانی خوێنیشمەوە. ‎تا ئەو ساتەوەختە، تەنها بە دەستی ئەم و ئەوەوە بینیبوم و بۆنیم کردبو.. بۆنی ئەو گوڵە قەد سەوز و چاو زەرد و شەش باڵ سپییە. ‎کە چەپکەنێرگز توند بە لوتتەوە دەگریت و پڕ بە سییەکان بۆنەکەی هەڵدەمژی، دەنکە زەردەکانی ناو گوڵەکە، سەری لوتت زەرد دەکەن. رەنگکردنێکی زۆر جوان، کە هەندێجار هەستیشی پێناکەیت، یا یەکێک ئاگادارت نەکاتەوە. ‎تەمەنم تەنها دوانزە ساڵ و چەند مانگێک بو.

لەگەڵ شوانەی خاڵۆزام و کۆمەڵێ منداڵ و گەنجی دیکەی خزم و ناسیاو و ‎دراوسێی ماڵی باپیرم دەچین بۆ چنینەوەی نێرگز. ‎رۆژی پێشتر، من و دایکم لە رانیەوە هاتوینەتە حاجیاوا، شوانە، کە زوتر لەگەڵ هاوڕێکانیدا پلانی ئەو کار و گەشتەیان داناوە، داوا دەکات منیش بۆ سبەینێ هاوەڵییان بکەم. ‎بەیانییەکی زوی مانگی رەشەمێیە، پشوی نیوەی ساڵی خوێندنمانە. ساڵی ١٩٩٥ـە، و من لە پۆلی یەکەمی ناوەندیم. کۆمەڵێ کوڕ و کچ لە حاجیاواوە بەرەو بناری ماکۆک بەڕێدەکەوین. ماکۆک چیایەکی دڵگیرە و لەلایەکەوە بەسەر ناوچەی بیتوێن و خۆشناوەتی و لەلاکەیترییەوە بەسەر دۆڵێ-دا دەڕوانێت. ‎

گەشتی لەوجۆرە بۆ من، تاموچێژی تایبەتی هەبو، سەرەتا زۆر بە تاسەوە رێمدەکرد، بە ناو دەشت و دەر و بەردەڵان و تەنانەت پەڕینەوە لە روباریش. دواتر وردە وردە هەستدەکەم هیلاکدەبم. دەکەومە دوای هەموان. شوانە و هەندێ لە برادەرەکانی ئاوڕم بۆ دەدەنەوە، و بزەیەک دێتە سەر لێوەکانییان، وەکئەوەی بڵێن: ها شلەشاری، ئەوجۆرە گەڕان و رۆیشتنانە بۆ تۆ نابن! منیش بەردەوامدەبوم لەسەر هەنگاونان، گوایە ماندونیم و زۆر حەزم لێیەتی. ‎ئەگەرچی دەرکەوتنی نێرگز دەکەوێتە پێش هاتنی وەرزی بەهار، بەڵام بە "گوڵی بەهار"ـیش ناودەبرێت. ئاخر ئەو کوێستانییە و لەناو بەفرەوە سەردەردێنێ و لەگەڵ رەشبونەوەی چیا و بەندەن و نواڵە و بنارەکانیش، وردە وردە جێماندێڵێت. ‎هێشتا نەگەیشتوینەتە شوێنە دیاریکراوەکە. من زو زو دەپرسم: زۆرمان ماوە؟ ئەوانیش دەڵێن: پەلەمەکە، ئێستا دەیگەینێ. لە رێگاکە، ناوە ناوە پەڵەنێرگز دەبینین، بەڵام ئەوان هێشتا پێیانوایە دەبێ زیاتر بڕۆین، تاکو دەگەینە ئەوێ. ‎ئامانجی نێرگزچنین بەرەو سەفەرێکی درێژی بردین. سەفەرێکی جوان و پڕچێژ و یادگاریی. وەکئەوەی بڵێی ئەوە بۆنی ئەو گوڵە کوێستانییە ناسکە شۆخوشەنگەیە بەرەو لای خۆی راماندەکێشێت. ‎خۆ ئەوکاتە بە چیرۆکی ناوی ئەو گوڵە و ئەفسانەکەیم نەدەزانی.

دەگوترێت ناوەکە لە ئەفسانەیەکی گریکییەوە هاتوە، گوایە کوڕێکی زۆر قۆز هەبوە بە ناوی (نرسیس)، ئەو کوڕە قۆزە رۆژێک لە کاتی ئاوخواردنەوەدا لەسەر روبارێکدا، روخساری خۆی دەبینێت و تەواو شەیدای جوانی خۆی دەبێت و ئاگای لە خۆی نامێنێت، بۆیە بە دەمدا دەکەوێتە ناو روبارەکە و دەخنکێت، لەو شوێنەشدا کە (نرسیس) گیانی سپاردوە، گوڵێک رواوە، کەوا دواتر بە ناوی ئەو کوڕە خودشەیدایەوە ناونراوە، بەوشێوەیەش ناوی گوڵەکە ئاوا رۆیشتوە و لە ناو زمانە جیاوازەکانی دنیادا بە شێوەگۆکردنی جیاجیا جێی خۆی گرتوە. ‎ تا ئەوکات نەمدیبو پانتاییەکی گەورەی زەویی بەرین بەو گوڵە زەرد و سپییە داپۆشرابێت. مەزرای گوڵی نێرگز، یان وەک کورد پێیدەڵێت "نێرگزەجاڕ"، دیمەنێکی زۆر جوان دەبەخشێت بە ناوچەکە. ‎ماوەیەکی باش لەناو نێرگزەجاڕەکە دەستدەکەین بە نێرگزچنین. هەریەکەمان بەشی خۆی نێرگزی دەکاتە تەلیس (گوێنی)ـەوە. کەشێکی زۆر خۆش و تایبەت بو. بۆنی سەوزایی و شێداریی خاک و نۆبەرەی نێرگز ئاوێتەی یەکتر دەبن. مەستمان دەکەن. ‎پاش بڕینی هەمان رێگا، کاتی نیوەڕۆ تێپەڕیبو، کە بە هیلاکییەکی زۆرەوە گەیشتینەوە ماڵی باپیرم. ماڵی باپیرم (سۆفی حەسەنی ئاڵڵای) لە گەڕەکی (خەندەکەییەکان) بو لە ناحیەی حاجیاوا، خانوەکە لە روبەری ٤٠٠ مەتردا بو، ژورەکانی کەم بون، بەڵام گەورە، حەوشەیەکی فراوانیشی هەبو، ماڵی خاڵە گەورەکەشم (خاڵە حسێن) هەر لەو خانوەدا بو.

‎ئێمە دەگەینە ماڵەوە، هەر کە نەنکم ئێمە بەو ماندوێتییەوە دەبینێ یەکسەر بە پیرمانەوە دێت. نەنکم (هەمینی وسێنی ئاڵڵای ئەمەری) ژنێکی وردیلەی رۆحسوکی میهرەبان بو، تا ئەوکاتەوە هەر چالاک و گورجوگۆڵ بو. چەند ساڵ دواتریش، کارین-ی خوشکەزام کە تازە فێری قسەکردن ببو، ئەمەی بە زارییەوە گرتبو: "نەنکۆڵێ، گورجوگۆڵێ". ‎نەنکم، دەزانێ سەرباری هیلاکییەکەشمان زۆر برسیمان بوە، بە پەلە چەند هێلکەیەکی خۆماڵیمان بۆ دەکاتە رۆنەوە. بە پەلە نانەکەمان دەخۆین. لەسەر نانخواردنەکەش هەر بیرمان لای نێرگزەکانمانە، ئاخۆ چۆن بە پەلە بیانکەینە چەپک؟ ‎ئەو پاشنیوەڕۆیە هەریەکەمان بە تەشتێ چەپکەنێرگزەوە بە کۆڵان و شەقامەکانی حاجیاوا وەردەبین. "یەڵا نێرگز.. نێرگزی گەش و جوان".

بەڵام بەداخەوە من ئەو رۆژە بێئومێد دەبم، تەنها چەپکێکیشم بۆ نافرۆشرێت! ‎خۆ من یەکەمجارم نەبو شت بفرۆشم. لەگەڵ هیوا و هێمن-ی برامدا، کە یەکەمیان پێنج ساڵ و دوەمیشییان دو ساڵ لە من گەورەترە، بەردەوام هاوینان، و دوای تەواوبونی خوێندن دەکەوینە شتفرۆشتن، تاکو لانیکەم بەشی جلی خوێندنگە کۆبکەینەوە. من لە ژیانی منداڵییمدا، ئاو، پسکیت، گوڵەبەڕۆژە، جگەرە، بنێشت، چلورە و مۆطا و ئایسکرێم و کتێب و رۆژنامە و گۆڤار و زۆر شتی تریشم فرۆشتوە. ‎دروست نازانم بۆ هەر چەپکێ نرخی چەندمان دانابو، بەڵام پێموابێ دینارێک یان نیو دینار بو. رۆژی دواتر لەگەڵ دایکم دەچینەوە رانیە. لەوێش بە هەمانشێوە تەشتێ چەپکەنێرگز دەخەمەژێر باڵمەوە و هاواری نێرگزفرۆشتن دەکەم. پێموابێ چەند چەپکێکی کەم دەفرۆشم و ئەوەیتر لە ماڵەوە دابەشدەکەم. ‎هەموجارێ کە لەسەر رێگای دەرەوەی شارەکان و، لە قەراغی جادەکاندا منداڵە نێرگزفرۆشە جوانکیلەکان دەبینم، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو یادگارییە جوانە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار