کرێی پۆشاكی بووك دەگاتە زیاتر لە 700 دۆلار

خانمان تەنها بۆ یەك رۆژ پۆشاكی بووكێنی دەپۆشن و دەڵێن ئەو رۆژە وەك «فریشتە» دەردەكەون

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

پۆشاكی بوكێنی یەكێك لەپۆشاكە تایبەتەكانە لەژیانی هەموو كچێكدا و خەونیانە كەپێوەی دەربكەون، چونكە تەنها لەڕۆژی هاوسەرگیریدا لەبەردەكرێت، خانمێكیش دەڵێت:» كچان تەنها بۆ یەك رۆژ پۆشاكی بووكێنی دەپۆشن و دەڵێن ئەو رۆژە وەك فریشتە ئاسا دەردەكەون».
ماری شاژنی سكۆتلەندا یەكەمین كەس بووە لەڕۆژی هاوسەرگیریەكەیدا لەگەڵ پاشای فەڕەنسا جلی سپی لەبەركردووە لەساڵی 1559، پاشان لەساڵی 1840 شاژن ڤیكتۆریا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەلبێرت ساكس كرد و جلێكی سپی پۆشی لە ئاهەنگەكەیدا و پاش زەماوەندەكەیان رەنگی سپی بووە مۆدێكی نوێ‌ لەنێو چینی دەوڵەمەندەكاندا و پاشان لەناو خەڵكدا دوای ساڵی 1990 بڵاوبووەوە.
 خانمێك: لەبەركردنی پۆشاكی بوكێنی دەبێتە جوانترین یادگاری ژیان.                                                                                                                                               لەنجە سەركۆ تەمەن 23ساڵ، خانمێكە هاوسەرگیری ئەنجامداوە و لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو پۆشاكە لەرۆژێكی تایبەتیدا دەپۆشرێت و ئاواتی هەموو كچێكە كە ئەو پۆشاكە لەبەربكات وتیشی:» بەڵام گرنگ ئەوەیە پاش لەبەركردنیشی ئەو كەسەی دێتە ژیانتەوە دڵخۆشت بكات».
هەروەها خەرمان ئەنوەر تەمەن 34ساڵ، دووكانی پۆشاكی بووكی هەیە لەشاری هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» عادەتەن پۆشاكی سپی بۆ كاتی گواستنەوە بەكاردێت و ئارامی بەدڵی بووك دەدات هەندێك پێیانوایە بووك لەو رۆژەدا فریشتە ئاسا دەردەكەوێت».
 خەرمان ئەنوەر ئەوەشی خستەڕوو، خانمان زیاتر پۆشاكی بووك بەكرێ دەبەن و كەم خانم هەیە بەدلەی بوكێنی بكڕێت.
هاوكات ئەوەشی باسكرد كە لەهەرێمی كوردستاندا كارگەی پۆشاكی بوكێنی نییەو  وەك كاری سەرەتایی هەوڵ دراوە بەڵام بەشێوەیەكی فراوان كاری بۆ نەكراوە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ كەمی دیزاینەر و نەبوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئەو كەسانەی ئارەزووی ئەو كارە دەكەن.
بازرگانێكی پۆشاكی بووك: بەشێكی زۆری پۆشاكی بوكێنییەكان هاوردە دەكرێن.                                                                                                     ئومێد عەباس تەمەن 51ساڵ، بازرگانێكی پۆشاكی بووكە لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پۆشاكی بوكێنی مۆدێلەكانی زۆرن و بەهۆی ئەوەی بۆ یەك رۆژ بەكاردەهێنرێت كچان زیاتر بەشێوەی كرێ دەیبەن، بەهۆی نرخەكەیەوە زیاتر خواست لەسەر پۆشاكە توركییەكانە بەراورد بەپۆشاكی بوكێنی فەرەنسی وڵاتانی دیكە».
هاوكات باسی نرخەكەی كرد  كە ئەگەر خانمێك بەوێت بیكڕێت لە 300 دۆلار تا 500 دۆلار هەیەو ئەگەر خانمێك بیەوێت بەتایبەت بۆی دیزاین بكرێت نرخەكەی دەگاتە 700 دۆلار.
پەیامنێرەکەی هاوڵاتى دوای بەدواداچوونی زیاتر بۆی دەرکەوت  کەهەندێک لەپۆشاکی بووک کرێکەی زیاترە لە  700 دۆلار کە لەفەرەنساو وڵاتانی تری ئەوروپاوە دەگەنە هەرێم و هەندێکیشیان نرخی کڕینیان دەگاتە پێنج هەزار دۆلار.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار