بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە

2 ساڵ لەمەوپێش



لیوای مافناس تەهای حاجی ئەوڕەحمان

 

 

 

بەشی یەكەم:

هێزی نیشتیمان چییە..؟ بریتیە لەسوپای رەسمی وهێزی چەكداری وڵات ، بەوە جیادەكرێتەوە لەهێزە ناڕەسمیەكان، ئەمانە دەرچووی مەشق و راهێنانی كۆلیژە سەربازی و فێرگە جەنگیەكانن.. بەشێوەیەكی زانستی و سەربازیانەی سەردەم پێكهێنراون و رێكخراون و گۆشكراون بەخۆشەویستی و پاراستنی نیشتیمان، ئەم هێزانە پابەندو ملكەچی نیزام و یاسا سەربازیە كارپێكراوەكانن. بەپێچەوانەی سوپا نانیزامی و ناڕەسمیەكانی وەك میلیشیاو بەكرێگیراوانی شەڕو هێزە نیمچە سەربازی و خۆبەخش و فیدائیەكانن. واتا سوپای رەسمی وڵات بریتیە لەو سوپایەی كە بەشێوەیەكی رێكوپێك و زانستییانە مەشق و راهێنانی پێكراوەو پابەندی یاسا سەربازییە كارپێكراوەكانی وڵاتە.

ئەركی هێزی نیشتیمانی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی وڵات و پاراستنی سنورەكانی زەمینی و ئاسمانی و دەریاییەكانی ئەو وڵات و هەرێمەیە كە لەپێناویدا دروست بووە..یان دوورخستنەوەی مەترسییە دوژمنكاریەكانی سەر وڵاتەكەی و پارێزگاری كردنیەتی، لەهەندێ حاڵەتدا سوپا لەكارەساتە گەورە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی دەستوەردان دەكات بۆ بەرژەوەندی گشتی.

گەلی كورد لەهەموو قۆناغەكانی مێژوو كەم تا زۆر هێزی چەكداری هەبوو بۆ پارێزگاری لەخۆی و نیشتیمانەكەی، هەندێ جارو بەتایبەت لەشۆڕشەكانی ئەم دواییانە ، ئەم هێزانە هێزی گەورەو پڕ چەك و تاڕادەیەكیش رێكخراو بوون، بەڵام هیچ كات دەسەڵاتدارانی كورد نەیانتوانیوە ئەم هێزانە بەشێوەیەكی سەربازیانەی سەردەم رێكبخەن و بیخەنە خزمەتی دۆزی رەوای نیشتمان و نەتەوەوە..زیاتر ئەم هێزانە لەدەستی حزب و گروپ و خێڵ و عەشیرەتدا بوون، زیاتر بۆ شەڕی ناوخۆو یەكلا كردنەوەی كێشە سەربازی و عەشائریەكان بەكارهێنراون.

بەشی دووەم:

 لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٠ساڵە هێزی پێشمەرگە بەحساب لەناو وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراون، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ئەم هێزانە لەهێزی دوو حزب زیاتر نین.. هەردوو حزب كە هۆكاری گەورەو سەرەكین بۆ مانەوەی ئەم هێزانە بەم جۆرەی ئێستا، هەنگاو نەنانیان بۆ ئەوەی ئەم هێزانە وەك هێزی نیشتیمان دەربكەون. هەر ئەم دوو حزبەشن ماوەی ٣٠ساڵە ئیدیعای ئەوە دەكەن كەهێزەكان یەكدەخەینەوەو لەدەستی حزبەكاندا دەری دەهێنین.

ساڵی ٢٠٠٩بەڕێز بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەت بوو، لەسەر جادەی سلێمانی تاسڵوجە .. لەوحە كانی سەر جادەكەی لەبەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندن فڕێدایە خوارەوە كە نووسرابوون (فەرماندەیی گشتی و مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە ) گوایا چیتر هێزی حزب نامێنێ وهێزی پێشمەرگە دەبێ بەهێزی نیشتیمان.

لەم رۆژانەی رابردوو بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەكۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان داوای لەهەردوو حزبی دەسەڵات كرد دەستی حزب لەناو پێشمەرگە  دووربخەنەوە..و..تاد. جگە لەوەی چەندین جارو لەچەندین شوێنی جیاواز لەلایەن هێزی هاوپەیمانان و دۆستانی گەلەكەمان..لەناوخۆی كوردستانیش چی لەلایەن حزبەكان یان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی یان كەسایەتییە سیاسی و سەربازییەكان پڕۆژەو داواكاری پێشكەشكراوە و فشاری زۆر كراوە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی دڵخۆشكەر نیە.

 بەش سێیەم: زۆر بەسادەو ساكار..ئەگەر هەردوو حزب بەڕاستی نیەتی ئەوەیان هەبێ بۆ یەكگرتنی ئەم هێزانە و دوورخستنەوەی دەستی حزب لەناویداو، ناساندنی وەك هێزێكی نیشتیمانی..چەند خاڵێكی زۆر سادەو ساكار هەیە كە دەبێ بەزووترین كات و هەرئێستا هەنگاوی جددی بۆ بنێن و بەپەلە لەپەرلەمان یاسایەكی بۆ دەربكەن:-

1-هەردوو هێزەكانی ٧٠و٨٠و هەموو هێزەكانی تر لەژێر هەر ناوێكدابن بەزووترین كات بخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە.

2-دەستوەرنەدان لەكێشە سیاسییەكانی ناوخۆو تەحریم و تەجریمی شەڕی ناوخۆ.

3-لابردنی هەموو لق و مەڵبەندو كۆمیتەو ناوچە و ناوەندە حزبیەكان لەناو هێزی پێشمەرگە، لەجیاتی كادرانی حزب مامۆستاو كادری هۆشیاری نیشتیمانی دابنرێت.

4- دەست لەكاركێشانەوەی هەموو فەرماندەو ئەفسەران لە كاری حیزبی و قەدەغە كردنی كاری سیاسی لەناو هێزی پێشمەرگە بە یاسا.

5-لابردنی دەست بەجێی بندیوارەكان.

6-لابردنی تەسكیە بۆ وەرگرتن لەكۆلیژە سەربازییەكان وناوەندەكانی وەرگرتنی خۆبەخش.

7-وەستاندنی دامەزراندن و لەجێ دانان لەناو پێشمەرگە و وەرگرتن بەموالید و بەشێوەی خۆبەخش یان ئیجباری.

8-كردنەوەی ناوەندەكانی مەشق و راهێنان.

فەرموون گەر دەتانەوێ پێشمەرگە یەكخەن و بیكەنە هێزی نیشتیمان لەم خاڵە سادەو ساكارانەوە دەستپێبكە ن، فەرمون كێ دەیەوێت كوردستان هێزێكی نیشتیمانی هەبێت، ئەوە ئەرز و ئەوە گەز كەسیش دەستی نەگرتوون.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار