بافڵ تاڵه‌بانی: سه‌رۆک کۆمار‌و هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌به‌ینه‌وه
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بافڵ تاڵه‌بانى له دیدارى یه‌کێتى له سلێمانى رایگه‌یاند:"له سیاسه‌تى نه‌وت و سیستمه‌که رازى نیم ئێمه نه‌وتى کوردستان ده‌ریده‌هێنن تا چه‌ند کۆمپانیایه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ین یان بۆ ئه‌وه‌مانه خزمه‌تى خه‌ڵکى خۆمانى پێبکه‌ین"، راشیگه‌یاند:"یه‌کێتى ده‌که‌ینه‌وه به یه‌کێتیه‌که‌ى مام جه‌لال و سه‌رۆک کۆمار‌و هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌به‌ینه‌وه".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 28ى ئایارى 2022، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى له‌میانى به‌شداریکردنى له پانێڵێکى تایبه‌تدا له دیدارى گشتى یه‌کێتی، رایگه‌یاند:"پێویسته یه‌کێتى بکرێته‌وه بهیهکێتیهکهى مام جه‌لال و یه‌کێتى ئێمه، پێویستمان به‌وه‌یه که گه‌نجان و ژنان و چه‌ند لایه‌نێکى تر خوێنى یه‌کێتى تازه بکه‌ینه‌وه ئه‌وه‌ش به‌هاوکارى هاوڕێ دێرینه‌کانمان ده‌بێت".
ناوبراو راشیگه‌یاند: "زیاتر له 31 سه‌عات و نیو له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌کانى کوردستان کۆبونه‌وه‌م کردوه که بۆ خۆپیشیاندان ده‌که‌ن، دواتر پرسیارى ئه‌وه‌م لێکردن بۆ تائێستا خۆپیشاندانتان نه‌کردوه، کاتێکیش له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى خوێندکارانى خۆپیشانده‌رى زانکۆ و په‌یمانگه‌کان کۆبومه‌وه شه‌رمم ده‌کرد که لهحکومهتێکین که ئه‌و خوێندکارانه به‌و شێوه‌ى پشتگوێ بخات، گه‌نجانى ئێمه زۆر زیره‌کن و ده‌بێت ئومێدیان بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه، چونکه ئه‌وه‌ى هه‌مانه نه نه‌وته نه غازه، به‌ڵکو سه‌رمایه‌ى ئێمه‌ن، بۆیه ده‌بێت گه‌نجان بهوهڕازى نه‌بن که هه‌یه، ئه‌وان ده‌توانن دۆخه‌که بگۆڕن، ئێمه گله‌یى و ره‌خنه‌مان له‌حکومه‌ت هه‌یه".
هاوکات، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى باسى له‌وه‌شکرد که هه‌مو خه‌ڵکى کوردستان و حزبه‌کان، ره‌نگه حزبێک یان دوحزب به‌جۆرى حکومڕان رازى نه‌بن، وتیشى:"وه‌ک یه‌کێتى ئه‌مڕۆ سیاسه‌تى خۆمان هه‌یه، پاشکۆى هیچ لایه‌ن و حزبێک نابین، هاوڕێکانمان به‌جێناهێڵین و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان کۆبونه‌وه‌مان کردوه بهپارتى دیموکراتى کوردستانیشه‌وه، زۆرینه‌ى لایه‌نه‌کان بۆچونیان وه‌ک ئێمه‌یه، پێویسته چه‌ترێکى وا دروستبکه‌ین و کارێکى واى بۆ بکه‌ین که له‌م هه‌ڵبژاردنه گۆڕانکارى راسته‌قینه لهحکومڕانى کوردستان بکه‌ین".
له‌باره‌ى کۆبونه‌وه لایه‌نه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، بافڵ تاڵه‌بانى وتی:"نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان نیگه‌رانه له‌وه‌ى لایه‌نه کوردییه‌کان پێکه‌وه‌نین، ئه‌وه‌ى تێگه‌یشتم به‌بیانوى هه‌ڵبژاردن ئێمه‌یان کۆکرده‌وه، جا بزانه ئه‌وه چه‌ند خراپه، پێویسشتمان به‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان کۆمان بکاته‌وه، له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه باسمان کرد کۆمسیۆن و بازنه‌کان و یاساى هه‌ڵبژاردن و دابه‌شکردنى کورسییه‌کان و که‌مایه‌تى و کۆتاکان بوو، راسته یه‌که‌م کۆبونه‌وه بوو، به‌ڵام دوا کۆبونه‌وه‌ش نابێت و 9-6 کۆبونه‌وه‌یه‌کى تر ده‌کرێت، ئامانجمانه ئه‌وه‌ى بۆچونه‌کان نزیک ببنه‌وه‌و تا گۆڕانکارى جددى له‌کۆمسیۆن و یاساى هه‌ڵبژاردن بکه‌ین و له‌هه‌ڵبژاردن باڵانسى هێز راستبکه‌ینه‌وه".
ده‌رباره‌ى فرۆشتنى نه‌وتى خاوى هه‌رێمى کوردستان و سیستمى فرۆشتنى نه‌وت، سه‌رۆکى یه‌کێتى وتی، "له سیاسه‌تى نه‌وت و سیستمه‌که رازى نیم، ئه‌وه‌شى تێگه‌یشتوم نزیکه‌ى 60%ى داهاتى نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆمپانیاکان که نه‌وت ده‌رده‌هێنن و ده‌فرۆشن و گوازنه‌وه، پرسیارى من ئه‌وه‌یه ئێمه نه‌وتى کوردستان که له‌م خاکه جوانه که ئه‌و هه‌موو خوێنه له‌سه‌ر رژاوه ده‌ریده‌هێنن تاچه‌ند کۆمپانیایه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ین یان بۆ ئه‌وه‌مانه خزمه‌تى خه‌ڵکى خۆمانى پێبکه‌ین، به‌و کێشانه‌ى که عێراق هه‌یه که‌چى دۆخه‌که پێچه‌وانه و زیاتر له 30%ى داهاتى نه‌وت ده‌چێت بۆ کۆمپانیاکان و 70%ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ى عێراق".
"کوردستان هه‌ر غازى ماوه و ده‌بێت سیاسه‌ته‌که‌مان بۆ گاز دروستبێت و خه‌ڵکى کوردستان قازانج له‌و غازه ببینێت، هه‌ڵه تێمه‌گه‌ن ئێمه دژى ئه‌وه نین که غاز به‌کاربهێنرێت و ره‌وانه‌ى ئه‌وروپا بکرێت، به پێچه‌وانه من و هێزه‌کانى دژه تیرۆر شانبه‌شانى هێزه‌کانى ئه‌وروپا شه‌ڕمان کردوه و ده‌مانه‌وێت غازى کوردستان به‌و جۆره به‌کارنه‌هێنرێت و پێویستمان به سیاسه‌تێکى شه‌فافه که باش بێت بۆ کوردستان و عێراق، ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه‌یه"، بافڵ تاڵه‌بانى واى وت.
له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ی، ماوه دو خوله پارتى دیموکراتى کوردستان کاندیدى هه‌یه بۆ سه‌رۆک کۆمارى عێراق، له‌کاتێکدا یه‌کێتى رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه له‌وباره‌یه‌وه، ئایا له داهاتودا یه‌کێتى کاندیدى ده‌بێت بۆ سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى وتی، "یه‌کێتى کاندیدى ده‌بێت بۆ سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، ئامانجى ئێمه ئه‌وه‌یه ببین به حزبى ژماره یه‌ک، هه‌ربۆیه ئێمه ده‌مانه‌وێت لایه‌نه‌کان و گه‌نجان کۆبکه‌ینه‌وه و ده‌مانه‌وێت ئه‌مجاره گۆڕانکارى جددى بکه‌ین له حوکمڕانى کوردستان، پێشموایه شتێکى باش ده‌بێت له کوردستان".