خوێندنەوەیەک بۆ یاداشتی سێقۆڵی (تورکیا، فنلندا، سوید)

2 ساڵ لەمەوپێش



هیوا سەید سەلیم
رۆژی 2022/6/28 نوێنەرانی هەریەک لە وڵاتانی "تورکیا و فنلندا و سوید" لە ژێر چاودێری سکرتێری گشتی ناتۆ کۆبوونەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە هەڵگرتنی ڤیتۆی تورکیا بوو دژ بە وەرگرتنی هەریەک لە فنلندا و سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ. 

 لەو پێناوەدا یاداشتێکی سێ قۆڵی واژۆکراوە، بە پێویستی دەزانین ناوەڕۆکی یاداشتەکە خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین.

یاداشتەکە لەسەر بنەمای پڕەنسیەپەکانی هاوپەیمانی ناتۆ دامەزراوە، کە دەڵێت:" هاوپەیمانی ناتۆ بۆ بەرگری گشتی دامەزراوە، ئەو بەرگریەش بەش بەش ناکرێت، بۆیە دوای وەرگرتنی هەریەک لە فنلندا و سوید دەبێت ئەوانیش پابەندی بەها و پڕەنسیپە هاوبەشەکان بن کە رێکخراوی ناتۆی لەسەر دامەزراوە بە گەڕانەوە بۆ رێکەوتنامەی واشنتۆن.

خاڵی چوارەمی یاداشتەکە هاتووە "هەریەک لە فنلەندا و سوید دەبێت پابەندی ئەوە بن کە بە هیچ جۆرێک هاوکاری PYD, YPG و رێکخراوی گولەن نەکەن" 
تا ئێستا هەریەک لە فنلندا و سوید هیچ هاوکاریەکی سەربازی YPG,یان نەکردووە، بگرە هاوکاری ئەوان لە رێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بووە،  کە ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات، ئەمەریکاش دوێنێ لە کاتی واژۆکردنی یاداشتەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای رایگەیاند بوو کە بۆ وەرگرتنی هەریەک لە فنلندا و سوید هیچ سازشێکیان بۆ تورکیا نەکردووە.
 هەر بۆیە ئەو خاڵە جگە لە هەندێک گرەنتی سەر کاغەز بۆ تورکیا هیچی دیکەی لێ ناکەوێتەوە، فەرەنسا ئەندامی ناتۆیە کەچی لە کۆشکی ئەلیزا پێشوازی دەکات لە سەرکردەکانی PYD , YPG، هەروەها لە واشنتۆن PYD نوێنەرایەتی هەیە.
خاڵی پێنجەمی یاداشتەکە باس لەوە دەکات کە دەبێت فنلەندا و سوید جەغت لەوە بکەنەوە کە PKK هێزێکی قەدەغەکراوی تیرۆرستیە، دەبێت رێگری لەسەرجەم چالاکیەکانیان بکرێت.
نەک هەر ئەو دوو دەوڵەتە،  بگرە تا ئێستا PKK لە ئەمەریکا و تەواوی ئەوروپاش لە لیستی تیرۆر دایە، بەڵام کەمن ئەو دەوڵەتانەی کە تا ئێستا ئەو خالەیان جێبەجیکردووە، هەر ئەو هەفتەیە لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا کە ئەندامێکی سەرەکی ناتۆیە گەورەترین چالاکی بۆ پشتیوانی PKK ئەنجامدرا لە کاتێکدا کە گەورەترین ڕەوەندی تورکیا لە ئەلمانیایە.
خاڵێکی دیکەی ناو یاداشتەکە باس لە میکانیزمی ڕاگواستن و ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانە دەکات کە تورکیا داوایان دەکات کە گومانی تیرۆرستیان لێدەکرێت، بە پێی ریکەوتنامەی یەکێتی ئەوروپا.
جێبەجێکردنی ئەو خاڵەش نەک هەر ئاسان نیە بگرە لە ئێستادا خاڵی ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و تورکیایە،  کە ساڵانێکە تورکیا داوای ڕادەستکردنەوەی فتحواللە گولەن لە ئەمەریکا دەکات، بەڵام داواکەی ڕەتدەکرێتەوە.
بەڵام لەگەل هەموو ئەمانەشدا یاداشتە سیقۆڵیەکە لەسەر حسابی کوردە بەتایبەت لەو خاڵەی کە باس لە هەڵگرتنی سزا و کۆتوبەندەکانی فرۆشتنی چەک بە تورکیا دەکات، هەروەها ئەو خاڵەی باس لە هەماهەنگی ئیستخباراتی دەکات لە نێوانی هەرسێ وڵات.
شایانی باسە، هەریەک لە فنلەندا و سوید بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و هەڕەشەکانی روسیا لە دژیان پێویستیان بەوە بوو کۆسپەکانی بەردەمیان بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ کە بەهۆی تورکیا بۆیانی دروستکردبوون هەلبگیرێت، هەر بۆیە چوونەتە ژێرباری ئەو یاداشتە.
یاداشتەکە فنلەندا و سوید ناچاردەکات کە سنورێک بۆ چالاکیەکانی PKk دابنێن، بەڵام لە ناوخۆی ئەو دوو وڵاتەش کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، تەنانەت جێبەجێکردنیشی ئاسان نابێت.

بەڵام مخابن وەک هەمیشە رێکەوتنی ولاتان لەسەر کەوڵی کورد واژۆ دەکرێت بەڵام کورد مەترسیەکان بەهەند هەلناگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار