چۆن دەستی کورد چەند جار بە زاغی عوسمانیدا چـوو- کولاندنەوەی چەند برین

بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی کتێبی  بەنرخــی دکتۆر سەباحی غالـب

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەنوەر سوڵتانی

د.سەباحی غاڵب، «مێژووی کوردو کوردستان – دۆزی کورد لەکۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تاکۆتایی پەیمانی سیڤەر ١٩١٨-١٩٢٠، توێژینەوەیەکی بەڵگەنامەیی»، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم و دووەم، ناشر: نووسەر، چاپی هەولێر ٢٠٢٢ ISBN:  978-3-932574-43-6  

 

کورد بەدرێژایی چەندین سەدە لەلایەن داگیرکەرانی خاکەکەی واتە ئێران و عوسمانی (بەدەسەڵاتداریەتی تورکیاوە) هەڵخەڵەتاوەو تووشی زیانی گەورە هاتووە، بەڵام دوای ماوەیەک سەرلەنوێ دەستی خستۆتە ناوهەمان کونەماری پێشوو، پێوەیدراوەو هەمیسان جارێکیتر! ئەو بەیتی بلەیە بەداخەوە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە، بێ ئەوەی گەلەکەمان بە هۆکاری برینەکانی خۆی بزانێت و وانەیەک لەڕابردوو فێربێت. سەمەرە ئەوەیە لەزورێک ئەو حاڵەتانەدا داگیرکەرانی خاک، کوردیان کردووەتە کەواسووری بەر لەشکر، بەگژی ناحەزانیاندا کردوون و خۆیان وەک بەرزەکی بانان، لەولاوە قیت راوەستاون، بێ ئەوەی چاوی قووچاوی کورد بیانبینێت! دەزانم یادی رووداوەکان و رێزی کەسایەتییەکانیان لای خەڵک زۆرەو منیش وەک یەک لەئەندامانی کۆمەڵگا خۆشەویستی و رێزم بۆیان هەیە، بەڵام لەگەڵ راستەقینەی مێژوویی باوەکوو تاڵیش بێت چ دەکرێ؟ پێداهەڵگوتن و شانازی کردن بەخەباتی سەدەو ساڵانی رابردووی کورد، کارێکە بەهەزاران جار کراوە و دەشبێ بکرێت، بەڵام شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی هۆکارەکانی شکستهێنانیش ئەرکێکە دەبێ پسپۆڕان بەڕێوەی بەرن و ئەگەر بەڕێوەی نەبەن خەیانەتیان پێکردووین. ئەوانەی خوارەوە چەند بڕگەیەکن لەلایەنی نەرێنی چەند راپەڕین و سەرهەڵدانی کورد لەڕابردووی دوورو نزیکدا کەگەیشتۆتە ئەنجامی شکستێکی نەخوازراوو شیکاریی هۆکارەکانی ئەو شکستانە بەرگر نییە لەڕێزگرتنی بەشداربووان و تەنانەت رێبەرەکانیشیان لەلایەن کوردەوە:

-شەڕی خان ئەحمەدخانی برادۆست  و خانی لەپ زێڕینی قەڵای دمدم لەگەڵ سوپای شاعەبباسی سەفەوی (١٥٧١-١٦٢٩) نموونەیەکی بەرچاوی ئەو بێ سیاسەتییەی کورد بوو. چ عەقڵێک باوەڕدەکات خانێک کە لەپی زێڕینی بەفەرمانی هەمان شاعەبباس بۆ چێکراوە، بەخەونەپڵاوی یارمەتیدانی سوڵتانی عوسمانی ، لە پانتایی بەرتەنگی قەڵایەکی نێوان شنۆو ورمێوە بچێتە شەڕەجەنگێکی نابەرانبەر لەگەڵ «پێنسەت هەزار بەیداخ سوور»  و پیاوە مرۆڤخۆرەکانی شای سەفەوی کە هەموو هۆز و عەشیرەتە فارس و تورک و کوردەکانی ئێرانیان خستبووە شوێن خۆیان و هێنابوونیە سەر قەڵاکە. شەڕێکی ئەوتۆ تەنیا بەسوپای وڵاتێکی وەک عوسمانی دەکرا نەک بەخانێکی کورد کە تەنانەت نەیتوانی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی قەڵاکەی خۆی لەژەهراوی سیخوڕەکانی سوپای شا بپارێزێت و لەئەنجامدا، «دمدمی بەردی دەلان» بوو بە «مەسکەنی خەرتەڵان»، ئەوەش کە بۆ کورد مایەوە تەنیا خوێنی رژاوی پیاوان، تەرمی ژنانی رووسووری خۆکوژ، شیعرێکی ئەحمەدی خانی و بەیتێکی فۆلکلۆری بوو. 

-شێخ عوبەیدیللای نەهری، شێخێکی جێگەی رێزی خەڵک لەشەمزینانی باکووری کوردستان (بەشێک لەخاکی داگیرکەرانی عوسمانی) و خاوەن موڵک و ماڵێکی زەبەلاح، بەچ هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیەک کەوتە خەیاڵی راپەڕینی ساڵی ١٨٨٠ لەئێران- ئەویش نەک هەر لەموکریان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو لەشکرەکەی بەسەرکردایەتی شێخ عەبدولقادری کوڕی و ئەندامیەتی خێڵانێک کە سەرۆکی بەشێکیان لە ژێرەوە دەستیان لەگەڵ ئێرانییەکان تێکەڵ کردبوو، چووە ناو عەجەمستان، بەرەو شاری تەورێزی ‹وەلیعەهد نشین› ئاژوا و بەحیسابی ئەوەی دایکی زڕبرایەکی ناسرەدین شای قاجار (١٨٣١- ١٨٩٦)، کورد بوو، ویستی شا لەسەر تەختی دەسەڵات لابەرێت و ئەو کوڕە بێدەسەڵاتە (عەباس میرزای مولک ئاڕا)، کە تازە دوای ٢٧ ساڵ ژیان لە مەنفای ئەستەمبوڵ و بەغدا گەڕابووەوە خزمەت شا، بکاتە جێگرەوەی باوکی واتە ناڕاستەوخۆ حوکمی ئێران بکات. بەڵام هەر لەیەکەمین هەنگاوەکانیدا لەشاری بناوی ئازەربایجان تووشی شکان هات و سوپا شل و شەوێقەکەی دەم لەسەرپشت گەڕایەوە دواوە و تا ناو خاکی عوسمانی بەند نەبوو، دانیشتووانی گوندە کوردنشینەکانی دەوروبەری میاندواو و بەشێک لەموکریان لەلایەن سوپای ئێران و تورکانی داغ لەدڵی خۆجێیەوە تووشی کۆمەڵکوژییەک هاتن کە نموونەی کەمتر بینرابوو، سەدان گوند تاڵانکران و سووتێنران، سەدان کەس کوژران و هەزاران کەس بە پەنابەری چوونە خاکی عوسمانی و بێ ئەوەی لەوێ ئاوڕێکیان لێ بدرێتەوە گەڕانەوە ئێران. کێ نەخشەی ئەو بزووتنەوە بێ بەرنامە و بێ وردبوونەوەیەی داڕشتبوو، عوسمانییەکان کە دەیانویست ماری ئێران بە دەست دوژمنەکەی خۆیان (شێخ عوبەیدیللا) بگرن!

-سمایل ئاغای سمکۆ، کە بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردی ژێر دەسەڵاتی ئێرانی لەمێشکدا بوو، لەجیاتی هاوکاری کردن و هاوپشتیی ئازەری و ئەرمەنی و ئاسۆرییە جیلۆکانی ناوچەی ورمێ و یەکخستنیان دژ بەدەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بۆ گەیشتن بەئاواتی سەربەخۆیی، بەکام عەقڵییەتەوە مارشیمۆن، رێبەری سیاسی- ئایینی ئاسۆرییەکانی لەگوندەکەی خۆیدا کوشت، لەکاتێکدا کە بۆ وتووێژی سیاسی و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ کورد لەگوندی چەهریق ببووە میوانی سمکۆ! ئەو کارە دوور لەئەخلاق و سیاسەتە تەنیا بەفیتی عوسمانییەکان و بەڵێنی بەتاڵی ئێرانییەکان بەڕێوەچوو. عوسمانییەکانیش وەک تورکیای ئەمڕۆ کوردو ئاسۆری و ئەرمەنییان بەمیوانی نەخوازراو و مڵۆزمی سەر رێگای یەکێتی خاکی تورک و ئازەربایجانی دەزانی و بەهەموو تواناوە هەوڵی پاکتاوکردن و کۆچاندنی هەرسێ گەلەکەیان دەدا بۆ ئەوەی خاکی تورکیاو ئازەربایجان بەیەکەوە بلکێنن و ئیمپڕاتۆریەتی تورکی لێ پێک بهێنن، هەر ئەوەندەش کە ماڕشیمۆن کوژرا، عەلی ئیحسان پاشای تورک کەوتە گیانی جیلۆ واتە ئاسۆرییە شاخاوییەکان و لەسەڵماسی دەرپەڕاندن. لەولاوە، ئێرانییەکانیش کە بەهاسان نەیاندەتوانی هێزی سوپایی جیلۆ تێک بشکێنن، بەهەندێک بەڵێنی بێ بنەما سمکۆیان بەگژ مارشیمۆن و ئاسۆرییەکاندا کردو خۆیان لەپشت کورد شاردەوە. هەردوو دەوڵەت ئاواتی چەپەڵی خۆیان لەمەڕ پاکتاوکردنی ئاسۆرییەکان بەدەستی سمکۆ وەدی هێناو گەلی هەژاری ئاسۆری دوای کوژرانی مارشیمۆن و پاکتاوی رەگەزیی و راونانی عوسمانییەکان، چیتر شوێنی خۆیان نەگرتەوە و تائەمڕۆ بستێک خاکیان بەدەستەوە نەماوە.

-پێش دەسپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی، کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان، بەگیان و سامان یاریدەی سوپای عوسمانی و لەڕێگای ئەوانەوە سیاسەتی پاوانخوازیی ئاڵمانییەکانیان دا. بۆ نموونە، تەنیا نەمر حاجی بابەشێخی سەیادەت سەرۆکی لقێک لەحزبی داتاشراوی ‹اتحاد اسلام› لەڕۆژهەڵاتی کوردستان- کە بەهاندانی عوسمانییەکان و بەئامانجی یارمەتی گەیاندن بە لەشکری چڵێسی ئەوان، لەئێران دامەزرابوو، لەزستانی ساڵی ١٩٠٤دا لەگوندی جەمیانی نێوان بۆکان و سەقزەوە بە ٣ کاروان باری ٢٥٣ وڵاخ شتوومەکی باربووی عوسمانییەکان کرد ، هەر ئەو دەمارگیرییە ئایینییەی حاجی بابەشێخ لەنەمر قازی فەتاحی قازیشدا هەبوو کەهاوڕێ لەگەڵ کوڕەکانی خۆی و خەڵکی شاری مەهاباد بۆ پشتگیریکردن لە عوسمانییەکان چووە شەڕەجەنگی سوپای رووس و بەگولـلەی ئەوانیش گیانی بەخت کرد.  هەندێک بەرەو باشوورتر، لەسنەو کرماشانیش ئەو دەمارگیرییە ئایینییە کوردی خستە بەرەی عوسمانی و ئەڵمانیاوەو ئەنجامەکەی شەڕوگەری ئەوان بوو لەگەڵ سوپای ئینگلیز و بۆمبارانی ناوچەی سەنجاوی لەلایەن فڕۆکەکانی بەریتانیا و هەڵاتنی سەردار موقتەدیری سەنجاوی بۆ خاکی عوسمانی. ئێمە واهەیە ئاگاداری یارمەتیی فریوخواردووانی دیکەی داگیرکەری عوسمانی نەبین، بەڵام دەزانین کاتێ کەسوپای هەر ئەو عوسمانییانە گەیشتە موکریان، لەیەکەم هەنگاودا حەمەحوسێن خانی سەردار موکری، سەیفوڵڵاخانی ئەردەڵان حاکمی سەقز، حەمەخانی بانەو  شێخ بابای غەوساباتیان ئیعدام کرد، ئینجا وەربوونە سەر ماڵ و سامانی ئەوان بەخەڵکی شاری مەهابادەوە. ئەوە برایەتی ئایینی کورد بوو لەگەڵ عوسمانییە ئیسلامەکان؛ دەسکەوتەکانیشی لەو بێ سیاسەتی و نەناسینی بارودۆخە، قوربانیکردنی هەزاران رۆڵەی کوردو ئیفلاسی ئابووریی ناوچەکەو هەڵخەڵاندنی رووسەکان بوو بۆ کوشتارە دڵتەزێنەکەی ساڵ ١٩١٦ لەمەهاباد.

-کاری کورد لەگەڵ عوسمانییەکان بەگۆڕانی سیستەمی خەلافەت کۆتایی نەهات و هاوکاریی کورد لەگەڵ تورکەلاوەکان و بنیاتنانی کۆماری تورکیاش نەبووە هۆکار بۆ گۆڕانی بارودۆخ و تورکیای سەرهەڵداو لەگێژەڵووکەی شەڕی یەکەمی جیهانی بەئیعدامی شێخ سەعیدی پیران و ٤٧ هاوبیرەکەی لەساڵی ١٩٢٥ و تێکشکاندنی خەباتی مافخوازانەی خۆیبوون و ئیحسان نووری پاشا لەئاراراتی ساڵی ١٩٣٠ کۆتایی نەهات و تائەمڕۆش درێژەی هەیە. سەرکوت کردنی راپەڕینی عەفرین لەڕۆژئاوای ساڵی ٢٠١٨ و لەشکرکێشانی ئەمساڵی ئەردوغان بۆ سەر باشووری کوردستان و پلانە چەپەڵەکانی لەڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بۆ ساڵی دادێ، تەنیا چەند نموونەی ئەو سیاسەتەن کە بەداخەوە کورد چاوی لێ دەقووچێنێت و لەبەرانبەر درۆنەکانی تورکیا لەبادینان و شنگال و کەلار دەنگی دەرنایەت.

ئەوانە چەند ئاماژەیەک بوون بەچۆنیەتی پەیوەندی سیاسیی کورد لەگەڵ عوسمانییەکانی پێشوو و تورکیای ئەمڕۆ، بەبیانووی دەرچوونی کتێبی رچەشکێنی دوکتۆر سەباحی غاڵب و ورووژاندنی باسێک سەبارەت بەدۆخی کوردو تورک و ئینگلیزەکان لەسەردەمی حوکماتی یەکەمی شێخ مەحموودی بەرزنجی لەساڵانی ١٩١٩ و ٢٠ ی باشووری کوردستان. کتێبەکەی كاك سەباح لێكۆڵینەوەیەكی زانستی بەڵگەنامەییە، واتە دیعایەیەکی بی بنەما و بۆچوونێکی بێ بەڵگەی تێدا نەنووسراوە. دوو بەرگی ئێستای کتێبەکە تەرخانی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەیەکی رووداوەکانی کوردستان کراوە لەساڵانی نێوان ١٩١٨ و ٢٠ دا. بەڵام بەحیسابی ناوی کتێبەکە (مێژووی کورد و کوردستان)، خوێنەر دەتوانێ هیوا بخوازێت کە ئەو دوو بەرگە سەرەتای هەوڵی نووسەر بن لەپێناو نووسینی مێژوویەکی رەخنەگرانەی کورد و کوردستان کەتێیدا قۆناغەکانی دیکەی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان بخرێتە ژێر نەشتەری رەخنەگرانەو بوێرانە، بەهەمان شێوە کە لەم دوو بەرگەدا دەبینرێت.

من کە بەختی ئەوەم بووە کتێبەکە پێش بڵاوبوونەوەی بخوێنمەوە، لەم چەند دێڕەدا نامەوێ بەهەموو بەشێکی کتێبەکەدا بچمەوە بەڵکو دەمەوێ لەسەر یەک دوو خاڵی گرنگ بوەستم. یەکیان تاقیکردنەوەی تاڵی پەیوەندییەکانی شێخی بەردەقارەمان لەگەڵ حکومەتی عوسمانی و تورکە لاوەکانی ئەو ساڵانە و دووهەمیان رژدێی سەرۆکانی کوردو نەگونجاوییانە لەگەڵ یەکتر لە بڕگەی گەلێک هەستیاری کۆتاییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و لەتوپەت بوونی خاکی عوسمانی، کە چەندەها دەوڵەتی سەربەخۆی عەرەبی لێکەوتەوە بەڵام کورد بەکاڵەی دڕاوەوە لەڕێگەدا مایەوە.

بەشێکی بەرچاوی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و خوڵق وخوو و رۆحیاتی شێخ مەحموودی بەرزنجی و راوێژکاران و خەڵکانی دەوروبەری، هەروەها پەیوەندەکانی لەگەڵ تورکیاو بەریتانیاو شێوازی حوکمدارییەکەی. لەوبوارەدا کەڵک لەزۆر بەڵگەنامەی فەرمیی بەریتانیا، یادداشتی ئەفسەرانی سیاسیی ئەوان لەبەغدا و سلێمانی وەک ویلسن، مێجەر نۆئێل، مێجەر سۆن، تۆینبی و میس بێل، هەروەها نووسینەکانی رەفیق حیلمی و ئەحمەد تەقی وەرگیراوە و بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری هەواڵ و بۆچوونی مێژوونووسانی کورد وەک مامۆستایان ئەمین زەکی بەگ، دوکتۆر کەماڵ مەزهەر، محەمەد رەسووڵ هاوار، عەبدولڕەحمان قاسملوو و.... کراوە- ئەویش بەشێوەیەک کە تائێستا لەناو مێژوونووسانی کورددا کەمتر بینراوە. نووسەر، کە تامۆخی ئێسقان کوردەو بەخەمی بندەستبوونی گەلەکەیەوە دەناڵێنێ، چاو لەهەڵەی هیچ کوردو غەیرە کوردێک ناپۆشێت و وەک دڵسۆزێکی گەل و نیشتمان چەوتییەکانی هەرکامیان بەبەڵگە راست دەکاتەوە.

دوکتۆر سەباح سەبارەت بەکەسایەتی و رۆحیاتی شێخ مەحموود لەزمان رەفیق حیلمییەوە دەنووسێ: «شێخ مەحموود تەریقەت و خزمایەتی بۆ فەرمانڕەوایی بەکار دەهێنا. بەهێڵێکی تەریبی دەروێش، کەسوکارو خەڵکی بوودەڵە لەپەنا شێخدا کەڵکی زۆریان بینی و حوکمدارییان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان رام و دەستەمۆ کرد...لەو سەردەمەدا هەندێ لەزابتە کوردەکان هاتبوونە سلێمانی و هەندێ خوێندەواری باش و نیشتمانپەروەر لەوێ بوون و ئەیانویست دەس لەناو دەس تێبکۆشن و یارمەتی حوکمدار بدەن، بەڵام رێکەوتنی تاقمی دەوروپشتی حوکمدار و ئەمانەی تر نەدەگونجا... شێخ لەتوانایدا نەبوو بەربەستەکانی [ی نێوان دەروێشی چاوبرسی و دوای تاڵان کەوتوو، نۆکەری خەنجەر لەپشت و عەشایری تفەنگ لەشان لەگەڵ زابت و مونەووەر] نەهێڵێ.» و وەک هۆکاری ئەو چەوتی و ناتەواوییەی کارەکانی شێخیش، دەنووسێ: «دیارە ئەوە دەگەڕایەوە بۆ نەبوونی بنەمای فیکری، نەبوونی ئازایەتی و پێشەوایەتی، هەروەها شارەزا نەبوونی کارگێڕی و نەبوونی سیاسەتی ناوخۆیی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی لای شێخ مەحموود. بەمانایەکی دی، ئەستەم بوو شێخ لەچوارچێوەی سەردەمی کۆن بێتە دەروەوە و هەست بەبایەخی قۆناغی تازەو فەرمانڕەوایەتی خۆی و نەتەوەی کورد بکا.»  (ل. ٣٦٥ و٦)

ناتەواویی شێوازی بەڕێوەبەرایەتی تەنیا لەپەیوەندییەکانی حوکمدار لەگەڵ خەڵکی شارو ناوچەکە خۆ نەنواند بەڵکو لەشێوازی حوکمداری و راگرتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئینتدابی بەریتانیاشدا بەرچاو کەوت: «کاتێ شێخ مەحموود کرایە حوکمدارو نوێنەری بەریتانیا بۆ فەرمانڕەوایەتیی کوردستان لەسلێمانی، بەرنامەی بەریتانیا بۆ حوکمدارو خەڵک چەند خاڵێکی زۆر گرنگ بوون: یەکەمیان بۆ هێنانە ژێرباری خەڵک دەبوایە حوکمدار دادپەروەر بی، ژیرێتی و خزمەت بەکاربێنێ نەک زۆر و ستەم؛ دووەمیان پاراستنی تەرازووی پەیوەندیی سەرۆک خێلەکان و رەعیەتەکانیان بەهەند وەربگرێ بەشێوەیەک کەکەسایەتیی تاکی خێڵ و دەرەوەی خێڵ هاوسەنگ بن و ئەگەر حوکمدارو سەرۆک خێڵ ئەو سنوورەیان ببەزاندایە، بەریتانیا هەقدار بوو لێیان بپرسێتەوە؛ سێیەم بەرژەوەندیی بژێوی و کارو بازرگانیی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە پارێزراو بوو و گەلێک هەلومەرجی دیکە، لەوانە سیستەمی کارگێڕی، سەربازی، دارایی و ئابووری هەروەها ماف و ئەرکی دیکەی هاووڵاتییان و فەرمانبەران بەگرنگ وەرگیرابوون. بەڵام بە ماوەیەکی کورت دوای دانانی شێخ مەحموود بەحوکمدار، باری فەرمانڕوەوایەتی نەک هەر کاریگەرییەکی چاکی نەکردە سەر خەڵک، بەپێچەوانەوە هێندەی دیکە شیرازەی پەیوەندە کۆمەڵایەتییەکان تێکچوون و بۆشاییەکی گەورە کەوتە نێوان حوکمدار و خەڵکەوە.»(هەمان شوێن)

 شێخ هەلومەرجی سیاسیی ناوچەو جیهانی نەناسی و نەیزانی چۆن لەگەڵ تورک و ئینگلیزەکاندا بجووڵێتەوە- ئەو ئینگلیزەی وا ئەوی کردبووە حوکمداری کوردستان و خێڵ و شارنشینانی ناوچەکەی هێنابووە ژێر حوکماتی! بەپێچەوانە، «تا بۆی کرا بەوپەڕی هێزی بیرۆکەیی و جەستەیی خۆی، بۆ داکۆکیکردن لە دەوڵەتی عوسمانیی و کۆمەڵەی ئیتیحادو تەرەققی، لەگەل تورکدا هاوجووت و هاومەبەست و هاوکار بوو.» (ل. ٣٧١)... لەگەڵ هەموو ئەو پەیوەندییە ناجۆرو سووکایەتییەش وا تورک بە شێخ مەحموودی کردبوو [گرتن و بردنی بۆ کەرکووک و سەپاندنی فەرمانی خنکاندن بەسەریدا]، بەدڵدانەوەیەکی عەلیی ئیحسان پاشا کە فەرمان دەدا ٥ هەزار لیرەی ئاڵتوون و هەرچی کەرەسەی چەک و تەقەمەنیش پێویستی بێت بیدرێتی بۆ ئەوەی ناوچەی سلێمانی لەهێزەکانی ئینگلیز بپارێزێ. (٣٧٧)» وەک ئەنجامێکی ئەو روانگەیەش، بۆ بەرژەوەندیی تورک، رووی سیاسەتەکەی لە ئینگلیز وەردەگێڕێت، ئەفسەرە سیاسی و کارگێڕییەکانیان دەگرێت و ماوەیەک دواتردەچێتە شەڕە جەنگی سوپاکەیان.

نووسەر لەچەند لاپەڕەی دوای ٣٩٢دا سەبارەت بەدامەزرانی حوکمدارێتی یەکەمی کوردستان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە هەندێک هۆکاری مێژوویی، چوگرافیایی و کۆمەڵایەتی بۆ بەربڵاوی و یەکنەگرتوویی و دابڕانی ناوچەکانی کوردستان لەیەکدی دەست نیشان دەکات و دەڵێ «...وەختێکیش لەدوای جەنگی یەکەم بیرۆکەو نەخشەیەک بۆ دامەزرانی حکومەتی کوردستان هەبوو، کارەکان بەدامەزراوەیی و بەڕێکی بەرێوە نەچوون و لەوەدا کورد پشکی هەرە سەرەکیی بۆ نەگەیشتن بە چارەسەرکردنی دۆزەکەی خۆی بەرکەوتووە.» (٣٩٤). ئەو، مێجەر نۆئێل بە ئەفسەرێکی بەریتانی دەناسێنێ کە «دامەزرێنەری قەوارەی حکومەتی کوردستان» بەحوکمدارێتی شێخ مەحموود بوو و....»پێیوابوو ئامانجی سەربەخۆیی حکومەتی کوردستان بۆ کەڵک وەرگرتن لەقۆناغەکە و زیاتر فراوانکردنی سنووری حکومەتی کوردستان لەسلێمانییەوە گەیشتۆتە کەنارەکانی گۆلی وان.» (٤٠٨). وەک سەلمێنەری بۆچوونەکەی خۆیشی، ئەم دێڕانە لەڕاپۆرتی بەرێوەبەرایەتی تیپی سلێمانی بۆ ساڵی ١٩١٩وە کە نۆئێل بۆ بەغدای ناردووە، رادەگوێزێت: «زمانی کوردی دەبێتە زمانی رەسمیی حکومەت، بۆ قانوون دانان کەڵک لە دابونەریت و مامەڵەی رۆژانەی کۆمەڵگە دەبینرێ. دەبێ سیستەمی کۆکردنەوەی داهات و باج لەگەڵ پێداویستییەکانی خەڵکدا یەک بێتەوە... وڵاتەکە خاوەنی بودجەی ناوچەیی خۆی دەبێ و ئەو باجەی کۆدەکرێتەوە بۆ کارگێڕی و پێشکەوتنی وڵاتەکە بەکاردێتەوە.» (٣٩٦) هەروەها دەڵێ  ویڵسنی مەندووبی سامی لەسلێمانی لەگەڵ ٦٠ کەس لە نوێنەرانی خەڵک کۆدەبێتەوە و بەدوورودرێژی باسی بارودۆخی سیاسیی خوارووی کوردستان و نەخشەی سەربەخۆیی کوردیان بۆدەکا و دەڵێ «شێخ مەحموود بەناوی حکومەتی بەریتانیاوە فەرمانڕەوایی ناوچەکان [ی نێوان زێی گەورە تاڕووباری سیروان (جگە لەکوردەکانی ئێران)] دەکا. مەرجیشە شێخ ئیتاعەتی فەرمانەکانی بەریتانیا بکا. تا ئەو ئامادەی دۆستایەتی بێ، ئێمەش هاوکاری و پشتیوانیی دەکەین.» (٤١٠ و ١١).

بەوشێوەیە نووسەر هەوڵدەدات بیسەلمێنێ کە حکومەتی بەریتانیاو دامودەزگای ئینتداب لەبەغدا لەهەوڵی ئەوەدا بوون کورد سەرۆکێک و بەڕێوەبەرێکی جێگەی متمانەی هەبێت کەبتوانن کوردستانی پێ بسپێرن وەک لەحیجازو سووریاو عیراقیش وایان کرد، بەڵام «جۆری کەسایەتی و تێگەیشتنی شێخ مەحموود هی ئەوە نەبوو لەگەڵ قانوون و کارگێڕیدا بگونجێ و هەڵبکا.» (٤٥٢) و لەزمان میس بێڵەوە دەگێڕێتەوە کە «ناحەزیی کەسایەتی و سەردارانی کورد بەرامبەر بەیەکدی، کارەسات و بەڵای کورد بوو. ئەوان پێویستیان بە «فەیسەڵی کورد» بوو، یەکێک کە بتوانێ قورسایی و ناوەرۆکێک بۆ بزووتنەوەی کورد دابمەزرێنێ.» کە بەداخەوە شێخ مەحموود کەسی ئەو کارە نەبوو و لەزمان رەفیق حیلمییەوە دەڵێ: «نوئێل هەوڵی ئەدا کە چەوتییەک کرا راستی بکاتەوە، مەبەسی بیانوو گرتن نەبوو بەڵکو ئەیویست شێخ مەحموود پێبگەیەنێت و بۆ حوکمداری بەڕاستی دواڕۆژ ئامادەی بکا. زەمان بەدڵی نوئێل بچوایە بەڕێوە، شکم لەوەدا نییە کە بناغەی «کوردستانی گەورە»ی دائەمەزراند.» (٤٥٣)...ئینجا خۆی لێی زیاد دەکات و دەنووسێ  «رەنگە لەمێژوودا نەبووبێ بەبێ لێهاتوویی و بێ هاوکاریکردنی [سەردارێک]، دەوڵەتێکی زلهێز هاتبێ دەوڵەتێک بۆ ئەو گەلە دروست بکا کەسەردارەکە دەوڵەتی نەوێ! لەو دەرفەت[ی ئەو ساڵانەدا] زەمینە خۆشکرابوو بۆ بەرقەراریی دەسەڵاتی کوردی، بەڵام وەک دەبینرێ کاربەدەستی کورد کە شێخ مەحموود بوو نەیتوانی بیپارێزێ.» (٤٧٣).

نووسەر لەسەر ئەو بۆچوون و هێڵە فیکرییەی خۆی دەڕوات و هەڵەوپەڵەی دەسەڵاتدارییەکی شێخ مەحموود و ئاژاوەگێڕیی تایەر ئەفەندیی تورکخواز- کە بووبووە راوێژکاری سەرەکیی شێخ، دەخاتەڕوو تادەگاتە شەڕو شکستی دەربەندیخان کە بوو بەهۆی برینداربوون و بەدیل گیرانی شێخ و هاتنی سوپای ئینگلیز بۆ ناوشاری سلێمانی، بەم رستەیەش ناوەرۆکی سەرەکیی هەڵسەنگاندنەکانی خۆی رادەگەیەنێ: «ئەو شەڕە نابەرامبەرە، کەئەنجامی سەرگەرمی و عینادی شێخ مەحموود بوو، نەک هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ کورد تێدا نەبوو بەڵکو لەگۆڕنانی هەموو خۆزگەو ئاواتەکانی کوردیش بوو.» (ل. ٤٨٠) هێڵی ژێر دێڕەکان من کێشاومن (ئەنوەر)

دیارە، وەک لێکەوتەیەکی دەستبەسەرکرانی ئەفسەرانی ئینگلیزی لەسلێمانی و شەڕی دەربەندی بازیان، لەشێوازی بەڕێوەبەرایەتی کوردستان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە هەندێ گۆڕانکاری هاتە کایەوە، کەیەکیان هێنانی هێزی سوپایی و گەڕاندەوەی مێجەر سۆن بوو وەک ئەفسەری سیاسی و جێگرەوەی مێجەر نۆئێل لەسلێمانی. سۆن لەباری خولق و خووەوە لە نۆئێلی هێدی و هێمن گەلێک جیاوازبوو، بەڵام، هەر توندوتیژییەکی تاکەکەسیی خۆی هەبوو، هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئینتدابی بەریتانیای بەڕێوە دەبردو لێی لانەدان. «سۆن چەندە رقی لەعەرەب بوو، لەوەزیاتر کوردی خۆشدەویست. بە هەموو توانایەکی سیاسی، کارگێڕی و سەربازیی خۆیەوە مەبەستی بوو خزمەت بەکورد بکا...» لەدوو بەڵگەنامەی بەریتاننیاشەوە ئەم دێڕانە رادەگوێزێت: «سۆن سلێمانیی کاولکراوی دەستی تورکەکانی بنیاد نایەوە، چەندان جادەو پردی دروستکردو دروستکردەوە... بودجەیەکی گەورە و تایبەتی بۆ پەروەردە تەرخانکرد، قوتابخانە دروستکرانەوە... گرنگییەکی بەرچاو بەکشتوکاڵ دەدا، بۆ گشت بەش و دەزگاکانی حکومەت فەرمانبەرانی کوردی دامەزراند، لەبەرکردنی بەرگی کوردی کردە نەریتێکی خەڵکی، کارێکی کرد کەسلێمانی و دەوروبەری ببنە وێنەیەکی تەواوی کوردێتی و کوردستانی» (لل. ٤٩٩ و ٥٠٠) 

****

بەرگی دووەمی کتێبەکە تەرخانی هەڵسەنگاندنی ژیان و کارو چالاکیی بەشێک لەڕێبەرانی سیاسیی کورد کراوە کە لەو سەروبەندە واتە ساڵانی نێوان ١٩١٨ تا ٢٠ و مەودای حوکماتی شێخ مەحمووددا، لەباشوور، باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ناو و پێگەو دەسەڵاتێکیان بووە و رژدی و ناکۆکی و دژایەتی و دوژمنایەتییان لەگەڵ یەکترو کارتێکەریی ناتەواوییەکانی ئەوان لەسەر بۆچوون و بڕیاری دەوڵەتانی زلهێزو چۆنیەتی نووسرانی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان دەخاتەڕوو. ئەو کەسانەی وا لاپەڕەیەکی بەرچاوی کتێبەکەیان بۆ تەرخان کراوە، شەریف پاشای خەندان، سەید تەهای شەمزینی، شێخ عەبدولقادری شەمزینی و سمایل ئاغای شکاک (سمکۆ)ن کەدەڵێ پەیوەندیگرتنیان بەهێزەکانی ناوچەو دەرەوە لەپێناو دەسەڵات سەندن بۆ کورد و سەرجەم کوردستان نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوەبوو هەرکام لەقوژبنێک و شارو ناوچەیەک دەسەڵاتیان پێ بسپێردرێ و سەرۆکایەتی خەڵکێک بکەن، ئەویش لەو قۆناغە ناسکەدا کە لەناوچەکەدا خەریکە وڵاتانی سەربەخۆ یەک بەدوای یەک سەرهەڵدەدەن؛ بەڵام گەلی کوردی پارچە پارچە بووی ژێر دەستی ئەو رێبەرە بێ سیاسەت و لێنەهاتووانە، دەبوایە هەرکام سڵەوات لەدیداری یەکیان لێبدەن و ئاواتی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی بەخەون ببینن. نووسەر دەڵێ ناتەواویی، لێنەهاتوویی و ناکۆکیی نێوان سەردارە کوردەکان گەیشتبووە رادەیدک کە شەریف پاشا بە «پیاوە قۆزە خۆش رابوێرەکەی پاریس» ناوی لێدەبرێت،  شێخ عەبدولقادر و شێخ تەهای شەمزینی (مام و برازا) بەدژایەتیکردنی یەکتر دەست دەدەنە چەک و کاتێ کە فەرمانبەری کۆنسوڵخانەیەکی بەریتانیا لەئێرانیش هەواڵی شەڕی دەربەندی بازیان و بەدیلگیرانی شێخ مەحموود بەسمکۆ رادەگەیەنێ، لە جوابدا دەڵێ «باشتر!» ئایا مامۆستا هێمن حەقی نەبوو بڵێ «پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان»؟

هەرچۆنێک بێت،  بڵاوبوونەوەی کتێبی دوکتۆر سەباحی غاڵب رووداوێکی گرنگی فەرهەنگی و رچەشکێنییەکی گەورەیە بۆ نووسینی مێژووییەکی رەخنەگرانەی کوردستان بەدەست کورد، لەدواڕۆژێکدا کە هیوادارم زۆر درەنگ نەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار