خۆپیشاندان بۆ هەموو سیستمێكی دیكتاتۆری وەك یەك گونجاو نیە

2 ساڵ لەمەوپێش



پەیمان عیزەدین

 

ئێمە لەهەرێمی كوردستان بەچەندین شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدا تێپەڕیوین و گەیشتوینەتە جێگایەك كە تروسكاییەكی گۆڕانكاریمان لێدیارنیە و بڕواناكەین هیچ خۆپیشاندان و قسەكردنێك بمانگەیەنەتە جێ، لەوە دورتریش دەڕۆین و هەندێكمان باوەڕمان وایە كە بەشۆڕشێكی چەكداری و بێ خوێنڕشتن هیچ گۆڕانكاریەك ڕوونادات.

لەڕاستیشدا چەندین هۆكارمان هەیە بۆ گەیشتن بەم دەرەنجامە ، بەرچاوترینیان مانەوەی ناڕەزایەتیەكانە وەك خۆیان و دروستنەبونی هیچ گۆڕانكاریەك سەرباری ئەنجامدانی چەندین خۆپیشاندان لەهەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمدا.

ئێمە لەدەوروبەری خۆمان و لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا زۆرجار بەرهەمی خۆپیشاندانەكانمان بینیوە، تونس و میسر بەنموونە، عێراق لەهەندێ حاڵەتدا، ئەمانە جگە لەوەی خۆپیشاندانی زۆر لەكرێكاری كان و هێڵەكانی شەمەندەفەرو تادواییمان بینیوە یان بیستوە كەحكومەتیان ناچار بەگۆڕانكاری كردووە .

كەواتە گرفتی ئێمە چیە وا لەمیللەتان ناچین، بۆ وڵاتێكی وەك سریلانكا سەرباری دواكەوتویی ئەو وڵاتە بەڵام لەئێمە باشتریان پێكرا .

من بۆ قسەكردن لەسەر ئەمە لەسەر چەند خاڵێك ئەوەستم كە بەڕای من هۆكارن لە پشت ناكامی خۆپیشاندانەكان و دەنگی ناڕەزایەتیەوە:

١-شوێن و هەڵكەوتەی مێژوویی هەرێمی كوردستان

ئەم بەشەی كوردستان لەناو جەرگەی عێراقدایە و كاریگەر بووە بەڕووداوە لەدوایەكەكانی عێراق، عێراقێك كە بەزۆرو بێ خواستی پێكهاتەكانی بۆ پێكەوەژیان دروستكراو دوای دروستبوونیشی نەتوانرا سەكۆیەك بۆ پێكەوەژیان دروستبكرێت و بەرژەوەندی هاوبەش بدۆزرێتەوە كە لەپێناویدا كۆی پێكهاتەكان بجەنگن بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەو قەوارە سیاسیە كەبڕیاربوو نیشتیمانی هەموان بێت.

هەربۆیە دەبینین بەدرێژایی مێژوو كوردو عەرەب خۆشییان بەیەك نەهاتووە، موسەڵمان و مەسیحی و جولەكە تاسەر ئێسقان دژی یەكتر بوون، تەنیا مامەڵەی خراپ و هەموو ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر جولەكە كراوە لەزۆربەی شارەكانی عێراقدا بەسلێمانی و هەولێریشەوە بەسن بۆ دڵنیابوون لەدرۆی پێكەوە ژیان ، لەناو خودی نەتەوەو پارتەكانیشدا هەمان ناكۆكی و دژبەیەكی ئامادەییان هەیە، شیعەو سوننە ، شیعەو شیعە ، پارتی و یەكێتی ، بارزانی و سۆرانی ، سلێمانی و هەولێرو بەوجۆرە.

ئەم دژبەیەكی و ناكۆكییە مێژوویی و بەردەوامانە رێژەیەكی گەورەی رق و توڕەیی بەرهەمهێناوە كەزۆرترین خوێنڕشتن و سەربڕین و هەڵواسین بەر ئەم عێراقە كەوتووە، كە ئەمە بۆخۆی ئامادەییەكی دەروونی هەم بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و هەم بۆ ملكەچیش بەرامبەر توندوتیژی بەرهەم دێنێ.

لەمێژووی نزیكی حكومڕانی عێراقدا گەلانی عێراق بەرگەی ٣٥  ساڵی حكومڕانی سەركوتكاریی حزبی بەعسیان گرت بەكوردو عەرەبەوە، دواجاریش كە پشتیوانیی نێودەوڵەتیی  پەیدابوو بەدڵڕەقانەترین شێوە سەرانی ئەو حزبەیان قەتڵوعام كرد.

 

٢- سروشتی حكومڕانیی كوردی :

لەدوای ساڵی ١٩٩١و دروستبوونی قەوارەیەك بۆ كورد، پارتە كوردیەكان بەهەمان نەفەسی عێراقیبونیان بەردەوام بوون لەحكومڕانی، بەڵكو زیاترو زیاتریش برەویان دا بەپتەوكردنی رق و گیانی شەڕەنگێزی تا ئەو رادەیەی یەكتر كوشتنیان وەك شۆڕش و هەنگاوی پیرۆز وێنا دەكرد .

پارتی و یەكێتی لەماوەی حكومڕانیاندا درێغیان نەكردووە لەوەی زۆرترین خەڵك لەژێر سێبەری خۆیاندا بكەنە دەروێش، دەروێش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی حزب و دژ بەبەرژەوەندی گشتی .

كەرتی پەروەردەیان بەمەبەست پەكخست ، هیچ بەهایەكیان بۆ خوێندن و بڕوانامە نەهێشت، گەنجانیان ناچار بەسەرهەڵگرتن كرد، كۆی سەندیكا پیشەیی و رێكخراوەكانیان كردە حزبی، هەزاران بندیواریان دروستكرد ، بەجۆرێك ئیشیان لەسەر ئەم كۆمەڵگایە كرد، ئەوەی بەعسیش پێی نەكرابوو ئەمان دەستیان بۆبرد، تەواوی هەرێمی كوردستانیان كردە سەربازگەو هەر حزب و سەركردەیەك میلیشیای خۆی دامەزراند، هەرێمی كوەدستانیان بۆ دەوڵەمەندو هەژار دابەشكرد .

ئەو میراتی سیاسی و كۆمەڵایەتیەی لەعێراقەوە بۆیان مابووەوە بەباشی سودیان لێوەرگرت كەئەویش كەلتوری  تۆقاندن بوو .

ئەمان بەباشی هەموو رێگاو ئامرازەكانی تۆقاندنیان درێژەپێدا بەئامانجی بەهۆشنەهاتنەوەی خەڵك و دروستنەبوونی ئیرادە .

٣- سروشتی ئۆپۆزسیۆن :

ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی كوردستاندا بەهەمان

فەلسەفەی پارتی و یەكێتی بۆ حكومڕانی دەستیانپێكرد ، ئەمانیش دەرنەچوون لەبازنەی بەرهەمهێنانی دەروێشی حزبیی و قۆرخكردنی جومگە سەرەكیەكانی حزبەكانیان .

ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەدەسەڵات جیادەكاتەوە رقبوونە لەپارتی و یەكێتی، ئەگەر نا ئۆپۆزسیۆن ئەیانتوانی كاری جددی لەسەر شیرازەی تێكچوی كۆمەڵایەتی بكەن، ئەكرا پشتیوان بن بۆ دروستكردنی سەندیكاو رێكخراوی پیشەیی و جەماوەری سەربەخۆ كە بەڕاستی لەخەمیی ماف و بەژەوەندی چین و تووێژە جیاجیاكاندا بن، بەڵام ئەمانیش رێكخراوو سەندیكای تایبەت بەخۆیان دامەزراند، چوونەوە ناو ئەو بازنەیەی دەمێك بوو دەسەڵات چوارچێوەی كێشابوو .

ئەوەی ئۆپۆزسیۆن تیایدا پێشی دەسەڵاتی دایەوە لە بری دروستكردنی میلیشیای چەكدار ، میلیشیای جنێو و سوكایەتیكردنیان دروستكرد ، بەجۆرێك هیچ ئومێدێكیان نەهێشتەوە بۆ بنیادنانەوەی كەسێتی تێكشكاوی كورد .

 

ئەم سێ هۆكارە بەتوندی كاریگەرییان هەیە لەسەر جێنەكەوتنی هەر هەوڵ و رێگایەك بۆ گۆڕانكاری، ئێستا هیج گومانی تیانیە كەزۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەدەسەڵات رازی نین، بەدەست بێكاریی و نەبوونی و ناعەدالەتیی و كەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن، بەڵام لەهەمان كاتیشدا زۆرینە دوودڵ و نائومێدن لەحزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات، ئەو نائومێدی و بێبەهاكردنەی ئۆپۆزسیۆن دروستیكردوە هیچی كەمتر نیە لەو سەركوتكاری و ستەمەی چەند ساڵە پارتی و یەكێتی دەیكەن .

دەریا لەپێشمانەوەیەو دوژمن لەدوامانەوە ، كەواتە چیبكەین؟؟

بەڕای من بۆ دەربازبوون لەم دۆخە دەبێت بەدوو ئاڕاستە كاربكرێت :

یەكەم / حزب و گروپەكانی دەرەوەی دەسەڵات

پێویستە ئەمان كارو ستراتیجی خۆیان بەئاڕاستەی یەكتر قبوڵكردن و كاڵكردنەوەی رق و تۆڵە و بێڕێزیكردن بەبەرامبەر دابڕێژنەوە، ئەوەی لەم چەندساڵەی دواییدا حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات لەژێر تایتڵی ئیسلام و كافردا بەیەك و بەخەڵكیشیان كردووە دوژمنیش نایكات ، ئەوەندەی كادرو ئەندامی ئەم حزبانە جنێوو تەشهیریان پەخشكردۆتەوە هیچ نەیارێك بەخەیاڵیدا نایەت .

بۆیە كاری جددی ئەمان دەستكردنە بە پەروەردەكردنی ئەندامانیان و بنیادنانی خەتێكی پەیوەندی تۆخ لە نێوانیاندا لەبەرژەوەندی گشتی و گێڕانەوەی متمانە .

دووەم / شێوازی مامەڵە لەگەڵ دەسەڵات

بەپێی ئەزمونی چەند ساڵەمان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیەی خۆمان دەبێ تێگەیشتبین لەشێوازو پێكهاتەی ئەم دوو حزبە سەرەكییەی دەسەڵات .

دیكتاتۆریەتی پارتی و یەكێتی هاوشێوەی تونس نیە، چونكە لەتونس سەرباری گەندەڵی دەسەڵاتەكە بەڵام پەنای نەبردبوو بۆ نابوتكردنی سەندیكاو رێكخراوە جەماوەرییەكان، كاری لەسەر بێئیرادەكردن و كڕینی كەرامەتی خەڵك نەكردبوو، هەربۆیەش سەندیكا رۆڵی گەورەی گێڕا لەسەرخستنی خۆپیشاندانەكان. هەروەها هاوشێوەی سریلانكاش نین كە سەرۆكەكەیان جگە لەچەند هەزار دۆلارێك لەماڵەكەیدا خاوەنی هێزی چەكدارو كێڵگەی نەوت و كۆمپانیای دەرمان و هێڵی قاچاخچێتی نەبوو، تەنانەت وەك میسریش نین ، سەرباری گەندەڵی و ناعەدالەتی هێشتا سوپای نەكردبێتە میلیشیای حزبی و دەرەجەدارو ئەفسەری كۆیلەو بندیواری دروست نەكردبێ .

دكتاتۆریەتی دەسەڵاتی كوردی هاوشێوەی حزبی بەعسە، تۆقاندنی كردۆتە چەقی فەلسەفەی حكومڕانیەكەی و لەشكرێك لەبندیوارو كۆیلە هاوشانی چەندین میلیشیای چەكدار شورایەكی بەهێزیان لەدەوری ئەو حكومڕانیە شكستخواردووە دروستكردووە .

هەر بۆیەش گەل ناتوانێ بەئاسانیی ئەو شورایە ببڕێت، بڕینی شوراكە هاوشانیی خۆپیشاندان چەندین شێوازی تری ناڕەزایەتی دەوێت، شێوازێك كە هەم متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵك و هەم تیشكی نێودەوڵەتیش راكێشێت بۆ سەر هەموو ئەو ناهەقیانەی بڕسكیان لەخەڵك بڕیوە .

رەنگە كۆڕەوی ساڵی ٩١ نموونەیەكی بەرچاوی باش بێت لەم بوارەداو بەهەندێك خۆڕێكخستنەوە و دەرچوون لەبازنەی یەكتر سڕینەوەو یەكتر نابوتكردن هێشتان خۆپیشاندان سیحرو گرنگی خۆی ماوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار