حكومەتی هەرێم شەش ساڵە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی راگرتووە

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

بەوتەی سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەپلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكات، سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییش پێشنیازەكان بۆ هاوڵاتی دەخاتەڕوو، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت سەرقاڵی راپۆرتێكن لەوبارەیەوەو هێشتا تەواویان نەكردووە، پسپۆڕێكی ئابووریش سودەكانی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەخاتەڕوو.

سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەهاوڵاتی وت :»بەپێی بڕیارێك لەم كابینەیەدا، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوەو بۆ ئەم مەبەستەش دوو پێشنیاز هەیە، بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت، كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، داواكراوە بەداتا دەست بەكۆكردنەوەی زانیاری تەواو لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكرێت بەجۆرێك لەوكاتەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران وەستاوە تاوەكو ئێستا چەند پارە لەسەر حكومەت كەوتووە؟ هاوكات پارەی پێویست بۆ هەموو ساڵەكانی پلەبەرزكردنەوە چەندە؟.»

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم وتیشی: « مەسرور بارزانی داوای ئەوەی كردووە كە پلەبەرزكردنەوەكە بەپێی یاساو رێنمایی چۆنە و فەرمانبەر لە (2016)ەوە تاوەكو ئێستا چەند پلەبەرزكردنەوەی هەبووە؟ چۆن بۆی هەژمار بكرێت؟، دواتر بڕی پارەی پێویست بۆ كۆی گشتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران چەندە دیاری بكرێ؟.»

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەسەرچاوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران دەستیكەوتوون « پلەبەرزكردنەوەكە لەكاتی دەستپێكردنەوە واتە رۆژی جێبەجێكردنی  بڕیارەكەوە  دەبێت و شاییستە داراییەكانی ساڵانی رابردوو هەژمار ناكرێت، چونكە حكومەت پێیوایە ئەگەر قەرەبووی پلەبەرزكردنەوەی ساڵانی رابردووش بكاتەوە، ئەوا پارەیەكی زۆری پێویستە ئەمەش لەتوانای حكومەتدا نییە كە ئەو پارەیە دابین بكات، بۆیە لەو مانگەی كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە، پارەكە خەرج دەكرێت».

 

پلە بەرزكردنەوە لەكەیەوە راگیراوە؟

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بیانووی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، لەكۆتایی ساڵی 2015 بڕیاریدا بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و بڕیارەكەش لەیەكی كانوونی دووەمی 2016 جێبەجێكراو لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا پلەی فەرمانبەرانی مەدەنی (شارستانی) راگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوە لەدەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووەتەوە.

 

پەرلەمانتارێكی كوردستان: بەنهێنی پلەبەرزكردنەوە كراوە

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا پلەبەرزكردنەوەی  هێزی ئاسایشی ناوخۆو سەربازی بەردەوامە، ئەویش بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كراوە».

عەلی حەمەساڵح وتیشی:»بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  كە بەژمارە شەش هەزارو 522 لە 9/12/2018 دەرچووەو جیاوازی پۆلێن و پلەبەرزكردنەوەی دادوەرەكان بۆ ساڵی 2015 و 2016 و 2017 و 2018 ی گەڕاندووەتەوە».

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە» فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیەكان تائێستاش پلەبەرزكردنەوەیان بەردەوامە و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش تائێستا پلەبەرزكردنەوەی هەر رانەگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دەستی پێنەكردووەتەوە».

هەرێم حسێن فەرمانبەرە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :» من ئێستا لەپلەی پێنجدام لەفەرمانبەری، ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە دەبم بەپلە چوار ستێپی سێ كە ئەوەش بە پێنج ساڵ بەرزدەبیتەوە، چونكە لەپلە 10 تا وەكو پلە پێنج چوار ساڵ جارێكەو بەپێی پلەكانی دیكەش دەگۆڕێت».

ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتی دارایی وتیشی:» لە 2007ەوە فەرمانبەرم، بەڵام ئەگەر لە 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەم بۆ هەژماربكرێت زیاتر لە  150 هەزار دەچێتە سەر موچەكەم چونكە لەگەڵ هەندێك پلە بەرزكردنەوە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەش زیاد دەكات».

دوو هەفتە لەمەوبەر سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران رایگەیاند: «ئێستا لەبەرنامەماندا نییە كە پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە، بەڵام لە ئەگەری داواكاریی حكومەت ئەوەش لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ناچارین پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكەینەوە».

 سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو رێكخستنەوەیەی بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی هەرێم جێبەجێی بكات وتی: «ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەكان دەوام دەكەن و هەستدەكرێت لەو شوێنە زیادن، ئەوا ناچاردەكرێن بەگواستنەوە  بەگوێرەی پسپۆرییەكەی لەوەزارەتێكی دیكە كە پێویستیان پێیەتی».

 باسی لەوەشكرد: شێوازی گواستنەوە و رێكخستنەوەی فەرمانبەران بەئاسایی ناكرێت بۆیە لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری سەرقاڵی دروستكردنی داتابەیسێكن بۆ بەدیجیتاڵكردنی دۆسیەی كەسی فەرمانبەران، ئەوكات بەگوێرەی پسپۆری فەرمانبەران كاری گواستنەوەیان لەوەزارەت بۆ وەزارەتێكی دیكە یاخود لەبەڕێوەبەرایەتیەك بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكی دیكە دەكرێت».

 

هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274هەزار مووچەخۆری هەیە

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت :»سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكین لەسەر پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا تەواومان نەكردووە».

وتیشی:» راپۆرتەكە تەواوبوو وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت تا وەك راسپاردەیەك بدرێتە حكومەتی هەرێم و كاری لەسەر بكات».

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی هەردوو یاسای راژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠ و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨، پلەبەرزكردنەوە (الترفیع) وەك مافێكی فەرمانبەر جێگیركراوەو مافێكی یاساییەو بەپێی چەند مەرج و رێوشوێنێكی كارگێڕی پێویستە هەر فەرمانبەرێك چوار یان پێنج ساڵ جارێك بەپێی پلەو ئاستی فەرمانبەرێتی، پلەكەی بەرزبكرێتەوە بۆ پلەیەكی نوێ، بڕیاری راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیارێكی نایاساییەو دریژەدان بەم بڕیارەش دۆخی فەرمانبەرێتی تەواو شێواندووەو هەموو هاوكێشەكانی پەیوەندیدار بەپلەو ئاستی فەرمانبەرێتی و میلاكی تێكداوە.»

 ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: «لەساڵی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە، هەربۆیە هەندێك لەفەرمانبەران كە لەو ساڵەدا شایستەی پلەبەرزكردنەوە بوون دوو پلەو زۆرینەی زۆری فەرمانبەرانیش بەلای كەمەوە یەك پلەیان لای حكومەتەو چاوەڕوانی ئەو مافەیان دەكەن، ئەم بڕیارە مانگانە زیانی گەورە لەنزیكەی (٣٦٥,٠٠٠)  فەرمانبەرو مامۆستا دەدات، بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێك لە نێوان (٦٠ تا ٣٠٠) هەزار دیناری مانگانەیە».

 

زیانی راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران

 عومەر گوڵپی دەڵێت :»كۆی ئەو پارەیەی كەمانگانە بەهۆی پلەبەرزكردنەوەوە دەبێتە زیان بۆ فەرمانبەران، بەخەمڵاندنی ئێمە نزیكە لە (٥٠ ملیار) دیناری مانگانەوە، بەم پێیە بۆ ماوەی پێنج ساڵەكە بڕی ئەو پارەیەی فەرمانبەران لای حكومەتە زیاترە لە (سێ ترلیۆن) دینار.»

سەبارەت بەسودی ئابووری دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ بازاڕی هەرێم و گوزەرانی فەرمانبەران، نەبەرد كەریم مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی ئابووری بەهاوڵاتی وت:»لەمانگی یەكی 2016 ەوە بەفەرمانێك كە پاڵپشتی یاسایی نەبووە پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم راگیراوە، كە ئەوەش مافێكی یاسایی هەموو فەرمانبەرێكە بەپێی دەستووری عێراق دەبێت پلەبەرزكردنەوە بكرێت».

ئەو مامۆستایەی زانكۆ وتیشی:»ئێستا تەنها مووچەخۆری شارستانی پلەبەرزكردنەوەی راگیراوە كە ئەمەش زیانی زۆر لەئابووری و مووچەخۆرەكانیش دەدات، كە خەمڵێندراوە بەزیاتر لە 50 ملیار دینار، ئەگەر ئەم لێبڕینە بگەڕێتەوە ئەوە بازاڕ دەبوژێتەوە و كوالێتی ژیانی هاووڵاتیانیش باشتر دەبێت جگە لەوەی بەشێوەیەكی دیكەش سود بەحكومەت دەگەیەنن لەوەی باجی زیاتر دەدەنە حكومەت».

هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 274 هەزار فەرمانبەری هەیە، ئەوانەی فەرمانبەری مەدەنین ژمارەیان 750 هەزار كەسە، بەوپێیە تەنها ئەو فەرمانبەرانە پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار