زانیوته‌ جۆرێك له‌ فیشه‌ك هیچ زیانێكى لاوه‌كى نییه‌؟!

کاتژمێرێک لەمەوپێش



سیستەمی C-RAM وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمە زەمینییە خێرا تەقەکەرەکان پۆلێن دەکرێت. ئەم تەکنەلۆژیایە بە تایبەت بۆ دۆزینەوە، شوێنپێهەڵگرتن و تێکشکاندنی تەنە فڕیوە مەترسیدارەکانی وەک درۆن، موشەک و هاوەن دیزاین کراوە. 

 بەپێی ڕاپۆرتە تەکنیکییەکانی بواری بەرگری، سیستەمه‌كه‌ یەکەیەکی چەکی گاتلینی جۆری  M61A1ى 20 ملیمەتری  شه‌ش لوولەیی بەکاردێنێت بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان. 

لەڕووی خێرایی و هێزی ئاگرینەوە، ئەم سیستەمە توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە و دەتوانێت لە هەر خولەکێکدا چوار هه‌زار و 500 فیشەک بتەقێنێت، کە ئەمەش یەکسانە بە تەقاندنی 75 فیشەک تەنها لە یەک چرکەدا.

لەڕووی تەکنەلۆژیاوە، وەک لە سەرچاوە تەکنیکییەکانی سوپای ئەمریکادا ئاماژەی پێدراوە، ئەم سیستەمە لە (Phalanx CIWS)ی دەریایی وەرگیراوە و پشت بە راداری وردی (Ku-band) و تەکنەلۆژیای تیشکی ژێر سوور (FLIR) بۆ دۆزینەوە و شوێنپێهەڵگرتن دەبەستێت. 

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگە زانستییەکانی ئەم بەرگرییە، بەکارهێنانی تەقەمەنی جۆری HEIT-SDیە، ئەم فیشەکانە بە جۆرێک پەرەپێدراون کە ئەگەر بەر ئامانجەکە نەکەون، لە هەوادا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خۆیان دەتەقێننەوە تا رێگری لە زیانی لاوەکی بۆ ناوچە نیشتەجێبووەکان و سڤیلەکان بگرن.

بەپێی هەڵسەنگاندنی راپۆرتە مەیدانییەکان، C-RAM لە بەرگریی مەودا کورتدا کاراییەکی بێوێنەی هەیە و بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ لە عێراق و ئەفغانستان بەکارهاتووە و، لەئێستاشدا لە هەولێر بۆ بەرپەچدانەوەی درۆنەکان بەکاردەهێنرێت. 

لەڕووی ئابوورییەوە، ئەم سیستەمە بە یەکێک لە کەم تێچووترین بژاردەکان دادەنرێت. تێچووی هەر فیشەکێکی ئەم چەکە نزیکەی ٢٧ بۆ ٣٠ دۆلارە و، تێچووی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی تەواو بۆ تێکشکاندنی یەک ئامانج نزیکەی هه‌شت هه‌زار و 100 دۆلارە، کە ئەمە بەراورد بە موشەکە بەرگرییەکانی تر تێچوویەکی زۆر کەمە.

ئەم سیستەمە لەناو تۆڕێکی ئۆتۆماتیکیدا کاردەکات کە لە کاتی هەستکردن بە مەترسی، دەستبەجێ زەنگی ئاگادارکردنەوە کارادەکات بۆ ئەوەی کارمەندان کاتی پێویستیان هەبێت بۆ پەنابردنە بەر پەناگەکان، پێش کاتی لێدانەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار