وەزیری دارایی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە و جێگرەوەی بۆ دانرا

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزیری دارایی عێراق دەستی لەکارکێشایەوەو مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانیش پەسندی کردووە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئابی 2022 ى ئەنجوومەنی وەزیراندا، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووەو مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسندکردووە.
هاوکات مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، (ئیحسان عەبدولجەبار) وه‌زیری نه‌وتی عێراقی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وه‌زاره‌تی دارایی بە وەکالەت، راسپارد. جێگای ئاماژەیە لەماوەی دوو ساڵی دەستبەکاربوونی عەلی عەللاوی وەکو وەزیری دارایی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی داو بووبە جێگای ناڕەزایی هاوڵاتیان.
عەلی عەللاوی پێشتر لە مانگی شووباتی 2022دا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بانگهێشت کرا بۆ پرساندنی سەبارەت بە گرانیی نرخی کەلوپەل و خۆراک لە عێراق، بەڵام بانگهێشتنامەکەی رەتکردەوە بەهۆی ئەوەی لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بوو؛ حاکم زاملی، جێگری یەکەمی ئەوکاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی قەدەخەی گەشتکردن و لێسەندنەوەی متمانەی لە وەزیری دارایی عێراق کرد، بۆیە دواتر عەللاوی چووە ژێر باری بانگهێشتنامەکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار