ئەمڕۆ کازمی لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراق کۆدەکاتەوە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وابڕیارە ئەمڕۆ لەباڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لەسەر داوای مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراق کۆببنەوە و بەدوای دەروازەیەک بۆ چارەسەری دۆخی وڵاتدا بگەڕێن.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش لەدوای ئەو ڕاگەیەندراوەوە دێت کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ بڵاویکردەوەو تیایدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو "لە سۆنگەی بەرپرسیاریێتیی نیشتمانیی هاوبەش کە هەموو عێراقییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتیی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی کۆدەکاتەوە، داوا لە برایان لە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم، چوارشەممە لە کۆشکی حکومەت لە کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی بەشداربن بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگێکی جیدی بکەن، ئەوەش لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستا."

هەروەها وتبووی "داوا لە هەموو لایەنە نیشتمانییەکان دەکەم ئاڵۆزیی جەماوەریی و میدیایی رابگرن، دەرفەتی پێویست بدەن بۆ خستنەڕووی پێشنیازی گونجاو و گفتوگۆی نیشتمانی. بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە زمانی دیالۆگ سەربخرێت، دەرفەتی ئاشتیی نیشتمانیی بدرێت و رێگە لە ناکۆکییەکان بگیرێت."

جێگای ئاماژەیە تا ئێستا زۆرینەی لایەنەکان ڕەزامەندییان نواندووە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار