لەسلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژە راگیراوەو 900 بەڵێندەریش مایەپوچ بوون

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

لەپارێزگای سلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژەی خزمەتگوزاری راگیراون، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانیش دەڵێت زیاتر لە 300 كۆمپانیاو نووسینگە بەهۆی باجی حكومەتەوە مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەوتەی ئەندامێكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش ترلیۆنێك دیناری بەڵێندەران لای حكومەتە كەزیاتر لە 800 ملیاری پارەی بەڵێندەرانی سلێمانییە.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»تائێستا مەسەلەی مایەپووچ بوون وەك خۆی باس نەكراوە، ئەو كۆمپانیایانەی مۆڵەتەكانیان هەڵدەوەشێننەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باج و رسوماتەی دەخرێتە سەریان ئەمەش مانای مایەپوچ بوون نییە».

«حكومەت یەك ترلیۆنی بەڵێندەران قەرزارە»

ناجی شێخ عیزەدین سەرمایەدارو ئەندامی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» نزیكەی دوو هەزار و 500 پرۆژە لەهەرێمی كوردستان راگیراون كەزیاتر لەهەزار پرۆژەیان لەسلێمانین، یەك ترلیۆن دیناری بەڵێندەرانیش لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، جگە لەو پارە لاوەكیانەی لەنێوان بەڵێندەران و حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، تەنها بەڵیندەرانی سلێمانی نزیكەی 800 ملیار دیناریان لای حكومەتە».

«ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە بۆ پرۆژە و وەبەرهێنەرو بەڵێندەران»

میران كامیل وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»ئەمساڵ خراپترین ساڵ بووە، حكومەت تەنیا مووچەی داوەو ئاوڕی لەبەڵێندەران نەداوەتەوە، لەكاتێكدا پرۆژەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە، بەپێی داتاكان لەساڵێكدا زیاتر لەهەزار پرۆژە هەبووە كە 100 هەزار هەلی كاری رەخساندووە، ئێستا ئەو ژمارەیە بێكارن».

بەوتەی میران كامیل «لەسلێمانی زیاتر لەهەزار پرۆژە راگیراون، بەپرۆژەی بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنانیشەوە، تەنانەت ئەو پرۆژانەی ئەمساڵیش راگەیەندراون پارە نییە بۆیان دابین بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەڵێندەری دیكەش مایەپوچ بێت و پرۆژەكانیان رابگیرێت».

وتەبێژی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت:» لەسلێمانی نزیكەی هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون لەكاتێكدا هەزارو 242 بەڵێندەر لەسلێمانی هەن، بەهۆیەوە نزیكەی 100 هەزار كەس بێكاربوون».

لەهەولێرو دهۆك چەند پرۆژە راگیراون؟

بەپێی ئەو داتایەی هاوڵاتی لەدەستەی وەبەرهێنانی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەستیكەوتووە، لەهەولێر پرۆژەكان لەلایەن هەزارو 559 بەڵێندەرەوە جێبەجێدەكرێن، بەڵام تائێستا زیاتر لەهەزارو 200 پرۆژە لەهەولێر راگیراون، ئەو پرۆژانەش كەحكومەتی هەرێم ئەمساڵ تەواویكردوون مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 و 400 و پرۆژەن، ئەو پرۆژانەش كەئێستا بەردەوامن لە 10% بۆ 20%ی شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجكراوە.

لەكابینەی نۆدا نزیكەی 200 پرۆژە تەواوكراون، بەڵام لەبەرامبەردا 400 پرۆژە راگیراون و زیاتر لە 350 ملیار دیناریان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەدهۆكیش نزیكەی 200 پرۆژە وەستاون و بەڵێندەران 181 ملیار دیناریان لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

بەپێی ئەو داتایانەی هاوڵاتی لەوەزارەتی پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە دەستیكەوتوون، لەسلێمانی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا جگە لەساڵی 2022 ، نزیكەی 900 بەڵێندەر مایەپوچ بوون، زۆربەی ئەو مایەپوچ بوونانە بۆ ساڵی 2014و ساڵی 2020 دەگەڕێنەوە یەكەمیان شەڕی داعش تێیدا روویداو ئەوی دیكەشیان كۆرۆنا تێیدا سەریهەڵدا، لەساڵی 2022 ش 70 پرۆژەی نوێ لەسلێمانی حكومەت بڕیاریداوە دروستیانبكات، بەڵام ئەوانیش كێشەی پارەداركردنیان هەیە كەیەكێكیان رێگای سەرەكی كەلار- سلێمانییە.

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: پرۆژەكان دەستی دەستییان پێدەكرێت

رەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» كێبڕكێیەكی زۆر دروستبووە لەنێوان پڕۆژەكانی سلێمانی و هەولێردا، كێبڕكێكە بۆ پێشخستن نییە، بەڵكو لەپێناو ئەنجامنەدان و كەوتنیەتی، كام زۆن دەسەڵاتی لاهەبوو، ئەوەیان زیاتر سزای زۆنەكەی تر دەدات، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت لەپارتییەو لەهەولێرە دەسەڵاتەكانی زیاتر چڕبووەتەوەو زۆبەی پۆستەكانی حكومەت لەئەندامانی حزبەكەی خۆیەتی و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە سزامان بدەن، جارجار هەندێك پڕۆژەی بچووك جێبەجێ دەكەن كە وا خۆیان نیشاندەدەن دڵسۆزی سلێمانین».

رەمەزان نامیق دەڵێت:»هەرچەندە ناوەناوە بەردی بناغەی پڕۆژەیەك دادەنرێت، بەڵام دواتر یان پشتگوێ دەخرێت، یان لەكاتی جێبەجێكردنی بودجەكەی بۆ خەرج ناكرێت، بۆ نموونە پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان كە50%ی تەواو بووە، بەڵام تەنها 3%ی بودجەكەی بۆ خەرجكراوە».

بەوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی :»پڕۆژەكانی سلێمانی لە دوو هۆكار بەدەر نییە، یەكەم دەستی دەستی پێكردنی پڕۆژەكانی سلێمانییە، كاتێك پڕۆپۆزەڵی شەقامی 100 مەتری سلێمانی پێشكەش كرا باسی شەقامی 120 مەتری هەولێر نەبوو، ئێستا شەقامی 150 مەتریش لەهەولێر جێبەجێكراوە، پردی دووسایدو تونێل دروستدەكرێت و شەقامەكان لەهەولێر فراوان دەكرێن، ئەمانە هەمووی لەقۆناغی قەیرانی دارایی دەكرێت، قەیرانی داراییان تەنها بەسەر پارێزگای سلێمانیدا سەپاندووە، بەڵام سوودیان بۆ خۆیان لێ بینیوەو پڕۆژەكانی هەولێریان جێبەجێ كردووە».

رەمەزان نامیق وتیشی: «حكومەت فێڵێكی دیكەی كردووەو هەموو ئەو پڕۆژانەی سلێمانی كە دروستدەكرێت لەسەر داهاتی سلێمانییە بۆ ئەوەی ئەگەر یەكێتی داهاتی نەگەڕاندەوە، ئەوكات ئەنجامەكەی ئەوەیە كە پڕۆژەكانی سلێمانی تەواو ناكرێت».

سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی هەر لەلێدوانەكەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «دیاردەیەك دروستبووە كە كۆمپانیاكان هەڵدەوەشێنەوە چونكە بەرگەی ئەو پارەیە ناگرن كە وەك باج خراوەتەسەریان، چونكە حكومەت رسوماتێكی بێ بنەما لەخەڵك وەردەگرێت و كۆمپانیا یان ئەو شوێنە ناچار دایدەخات، لەمێژووی ژووری بازرگانی شتی وا رووینەداوە وەك ئەمساڵ كە ئەو هەموو كۆمپانیاو نوسینگەیە دابخرێت، ئەویش بەهۆی رێنمایی نوێی وەزارەتی داراییە».

وەك سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی دەڵێت: «بەوهۆیەوە سەدان بەڵێندەر پرۆژەكانیان راگرتووەو پارەیان پێنەماوە تابەردەوامی پێبدەن، تەنها ئەمساڵ 330 نوسینگەو كۆمپانیا لەسلێمانی مۆڵەتیان هەڵوەشاندووەتەوە، چونكە هەلی كاركردن بۆ كۆمپانیا بچوكەكان و بەڵێندەر نەهێڵدراوەتەوە».

پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە راگرتنی پرۆژەكان بەتایبەت لەسنووری سلێمانی پێكهێناوە، لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەكەیە كەهاوكات ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتییە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو لیژنەیەی پێكمان هێناوە لەهۆكاری راگرتنی پرۆژەكانی سلێمانی دەكۆڵێتەوە، بەڵام جارێ راپۆرتەكەمان تەواو نەكردووەو بڕیارە تا 1-9-2022 تەواوی بكەین».

لوقمان وەردی وتیشی:»تا ئەوكاتەی راپۆرتەكە رادەستی پەرلەمان دەكەین ناتوانین لەبارەی ناوەرۆكی راپۆرتەكە زانیاری بدەین، بەڵام داوامان كردووە پەرلەمان لەسەر راگیرانی پرۆژەكان و بەتایبەتیش ئەو پرۆژانەی سلێمانی كۆبوونەوە بكات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار