لهیهکهم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن لهتورکیا هەدەپە هەڵمەتێک بۆ 'خوێندن بە زمانی کوردی' رادەگەیێنێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژی دووشەممە 12ی ئەیلوولی 2022، وەرزی نوێی خوێندن لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستپێدەکات پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکات و بە دروشمی "سیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی رابگرن" لە چەند شارێکی باکووری کوردستان و تورکیا کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئەنجام دەدات.
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، لە بەرامبەر "سیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی" کە ماوەی 100 ساڵە لە تورکیا پیادە دەکرێت، داوای پەروەردە بە زمانی کوردی دەکەن.
عومەر ئۆجەلان کە ئەندامی كۆمیسیۆنی زمان و رۆشنبیری و هونەری هەدەپە و ئەندامی دەستەی كارگێڕی ناوەندی هەدەپەشە دەڵێت، "تاوەکو کوردی زمانی فێرکردن نەبێت، مەترسی نەمانی لەسەرە، تاوەکو ناسنامەی کورد قبووڵ نەکرێت، زمانەکەیشی قبووڵ ناکرێت."
جێگای ئاماژهیه هەدەپە دەیەوێت ڕۆژی دهستپێکردنی خوێندن بقۆزێتهوهو داوای خوێندن بە زمانی کوردی بکات، بۆیە لە شارەکانی ئامەد، وان، مێردین، رووها، ئێلیهـ، چەولیگ، دێرسم، شارۆچکەی گەڤەر لە جۆلەمێرگ و شارۆچکەی جزیر لە شرناخی باکووری کوردستان، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئادانا و مێرسینی تورکیا کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئەنجام دەدات.
لە تورکیا و باکووری کوردستان، خوێندنی زمانی کوردی، وانەی بژاردەیە و لەسەر داوای دایک و باوکی قوتابی دەخوێندرێت.

