لاهور شێخ جەنگی: کەس ناتوانێت بەزۆر دانپێدانان لەمن وەربگرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



شاندێکی بەریتانی بە سەرۆکایەتیی کۆنسووڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی لاهوور شێخ جەنگییان کردووە و پێى ڕاگەیاندوون  کەس ناتوانێت بەزۆر دانپێدانان لەمن وەربگرێت و من هیچ شتێک (تاوان)م لەسەر نییە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە بەرەی گەل ڕاگەیاند،  ڕۆژى یەکشەممە، کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کردووە لە گرتووخانە.
 
هەمان شاندو کۆنسووڵی بەریتانیا، سەردانی پۆڵاد شێخ جەنگیشیان کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ماوەی دوو کاتژمێر و نیو گفتوگۆیان لەگەڵ هەردووکیان کردووە و کۆمەڵیک پرسیاری تایبەتیان لێکردوون لەبارەی کۆی رووداوەکەی 22ی ئاب بەتایبەت لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و هەروەها پرسیاری ئەوەیان کردووە ئایا ئەشکەنجە دراون یان هەوڵدراوە بە زۆر دانپێدانانیان لێ وەربگیرێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، لاهوور شێخ جەنگی پێی گوتوون من هیچ شتێک (تاوان)م لەسەر نییە، بابەتەکە ململانێی سیاسی و هەرێماییەتییە، بۆیە بەو جۆرە رووبەرووم بوونەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەمەوە کە ئاراستەی من وهاورێیانم کراون.
 
لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی زۆری تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە.
 
بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار