وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندنی 2026/2025 ڕاگەیاند

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 بڵاوکردەوە. ئەم ساڵنامەیە قوتابخانە و خوێندنگە حکوومی و ناحکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە.
لەلایەکى دیکەوە لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، هەڵمەتی شوشتنی قوتابخانەکانی هەولێر دەستی پێکرد، هەڵمەتەکە لەلایەن شەش تیمەوە جێبەجێ دەکرێت.
ساڵانە هەفتەی یەکەمی پێش دەستپێکی ساڵی خوێندن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشوازی لە قوتابیان.
بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، دەستپێکی پرۆسەی خوێندن لە 21ـی ئەیلوولی 2025 دەبێت و هەفتانە پێنج ڕۆژ خوێندن بەردەوام دەبێت.
خشتەی تاقیکردنەوە و پشووەکان بەم شێوەیەیە:
خوێندنی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز لە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 دەستپێدەکات و تاقیکردنەوەکان لە 23ـی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام دەدرێن.
تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەستپێدەکات و تاوەکوو 24ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام دەبێت. پشووی وەرزی یەکەمیش لە 25ـی کانوونی یەکەم 2025 دەستپێدەکات و تا 3ـی کانوونی دووەمی 2026 کۆتایی دێت. کۆی گشتیی ڕۆژانی خوێندن لە وەرزی یەکەمدا 67 ڕۆژ دەبێت.
تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم لە 12ـی نیسانی 2026 دەستپێدەکات و تا 23ـی نیسانی 2026 بەردەوام دەبێت، کە تێیدا چوار ڕۆژ پشوو دەبێت.
تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم لە 9ـی ئایاری 2026 دەستپێدەکات و تا 21ـی ئایاری 2026 بەردەوام دەبێت. کۆی گشتیی ڕۆژانی خوێندن لەم وەرزەدا 96 ڕۆژ دەبێت.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێر وتى: شەش تیممان ئامادەکردووە لە سنووری هەر شەش شارەوانیی هەولێر، ئەو تیمانە ڕۆژانە 12 بۆ 15 باڵەخانەی قوتابخانەکانی سەنتەری شاری هەولێر خاوێن دەکەنەوە.
لە سەنتەری شاری هەولێر نزیکەی 200 باڵەخانەی قوتابخانە هەیە و بەشی زۆری ئەو باڵەخانانە لە هەڵمەتەکەدا خاوێن دەکرێنەوە.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و 531 قوتابخانە هەن، ساڵانەش پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ئەو قوتابخانانە ئامادەکاری پێویستیان بۆ دەکرێت وەک شوشتن و خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پۆل و هۆبەکان.

