رۆژئاوای کوردستان: ژنێكی دیكەی ئێزدیی لە کامپی هۆل ڕزگاركرا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ لە ٢٠مین ڕۆژی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی مرۆیی و ئەمنیی لە كامپی هۆل، هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ژنێکی دیکەی ئێزدییان ڕزگاركرد.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هاوار نیوز، ئەمڕۆ لە ٢٠مین ڕۆژی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی مرۆیی و ئەمنیی لە كامپی هۆل، کە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پاڵپشتی هێزەكانی هەسەدە( یەپەژە/یەپەگە) بەڕێوەدەچێت، شەڕڤانانی یەپەژە توانیویانە ژنێكی دیكەی ئێزدیی لە کامپەکە ڕزگار بكەن.
ئەمەش لەكاتێكدایە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە، ژنێكی ئێزدی بە ناوی وەفا عەلی عەباس دوای ئەوەی لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لەلایەن چەتەكانی داعش لە شەنگال ڕفێندرابوو، پاش هەشت ساڵ لەلایەن هێزەكانی یەپەژەوە ڕزگاركرا.
جێگای ئاماژەیە دوێنێ وەفا ڕادەستی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی كرا و دواتر لە خانەسۆر بە بنەماڵەكەی شادبووەوە.
لە ڕۆژی ٢٥ی ئابەوە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە پشتیوانیی هەسەدە قۆناغی دووەمی هەڵمەتی مرۆیی و ئەمنییان لە كامپی هۆل دەستپێكردووە و تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر ناوەندی پەروەردەی فكری تووندڕەویی لە ناو كامپەكە تێكدراون و ژمارەیەكی زۆر چەتەش دەستگیركراون.

