کۆمەڵی دادگەری: لایەنە سیاسییەکان حەوت ناکۆکیی سەرەکییان لەسەر هەڵبژاردن هەیە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاشکرای دەکات حەوت خاڵی ناکۆک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنەوە هەیە و ئاماژە بەوەدەکات بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدان نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات و تۆماری دەنگدەرانیش خاوێن بکرێتەوە.

لەوبارەیەوە شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەکەناڵی(ڕووداو)ی ڕاگەیاندووە:"ناکۆکییەکان زۆرن، لەوانە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن، حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و یەکێتییش دەڵێن، بە شێوەی فرەبازنەیی بێت، واتە (چوار بازنە)، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیکەش دەڵێن با بە شێوەی یەک بازنەیی بێت، دواجار پارتی رەزامەندیی داوە بەوەی لەنێوان هەردوو سیستمەکە بە نیوە بە نیوە بێت."
 
سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنیش، ئەو ئەندامە باڵایەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی لایەنەکانی کردووە، دەڵێت، "پارتی دەڵێت تازە هەڵبژاردن لە رۆژی 1ـی 10ی ئەمساڵ ناکرێت، با دوابخرێت، حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هی دیکەش دەڵێن، نەکردنی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا هۆکارەکەی حکومەتە و هەرگیز بڕیاری دواخستن نادەن تەنانەت ئەگەر حکومەت یان پەرلەمانیش بڕیاری دواخستنی بدات."
 
شوان رابەر سەبارەت بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، ناکۆکییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "هەندێک لایەنی سیاسی دەڵێن با ئەو کۆمیسیۆنەی ئێستا هەیە بەو ستافەوە کارا بکرێتەوە، پارتییش دەڵێت با کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئێستا دەستکاری بکرێت، جا ئەگەر حیزبەکان بە یەک بازنەیی رازی بن، ئەوا پارتییش بە مانەوەی کۆمیسیۆن وەکو خۆی رازی دەبێت، یەکێتییش لەگەڵ هەردوو بارەکەدا کێشەی نییە."
 
سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت و گشتیش کە لە دوو رۆژی جیاوازدا دەکرێن و دەنگدەرانی تایبەت پێش دەنگدەرانی گشتی دەنگ دەدەن، شوان رابەر دەڵێت، "حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەندێکی دیکە دەڵێن، دەنگدانی گشتی و تایبەت لە یەک رۆژدا بکرێت، بۆئەوەی هێزە ئەمنییەکان و دەنگدەرانی تایبەت لە رۆژی دەنگدانی گشتیش جارێکی دیکە دەنگ نەدەنەوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، با وەکو خۆی بمێنێتەوە و دەنگدانی گشتی و تایبەت لە دوو رۆژی جیا بەڕێوەبچێت، یەکێتیش لەگەڵ ئەوەدایە وەکو خۆی بمێنێتەوە."
 
تایبەت بە کورسیی پێکهاتەکان و کۆتاکانیشەوە، ئەو ئەندامە باڵایەی کۆمەڵی دادگەری ئاشکرای دەکات، "حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێکی دیکەشیان لەگەڵ ئەوەن پێکهاتەکان تۆماری تایبەت بە خۆیان هەبێت و نرخی کورسی زیاتر بێت، هەروەها بەربژێرەکانیان نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی خۆیان بکەن، واتە کادیری حیزبەکانی دیکە نەبن، هەروەها بەربژێرەکانیش بەسەر هەموو کوردستاندا دابەش ببن نەوەک تەنیا لە هەولێر بن."

شوان رابەر دەڵێت، "پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێکی دیکەشیان لەگەڵ ئەوەن دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و بە دەستیش بژمێردرێن، بەڵام پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بە ئەلیکترۆنی بێت." هەروەها دەڵێت، "بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدان لەپێش هەڵبژاردن تۆماری دەنگدان لە ناوی دووبارە و مردووەکان پاکبکرێتەوە و دەسەڵات ساختەکاری نەکات و گوشار نەخاتە سەر خەڵک و هەڕەشە نەکات."

رۆژی 06-11-2022 وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێدێت، دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی ئەم خولە لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2018 سوێندی یاساییان خوارد، بۆیە تەمەنی یاسایی ئەو خولە کەمتر لە سێ مانگی ماوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لایەنە سیاسییەکان لەبارەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی، یاسای هەڵبژاردن و وادەی هەڵبژاردن، ناکۆکن.

رۆژی 10ی ئابی 2022 کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بڕیاربوو سەرەتای ئەم مانگە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لایەنەکان کۆبکاتەوە، بەڵام ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەکەیان دواخست و بڕیاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە تاوەکو گەیشتنی لایەنەکان بە رێککەوتن، کۆبوونەوەی دیکە نەکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمیی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی واژۆ كرد و بڕیاریدا رۆژی 1/10/2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار