ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی: گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی بەرەو چارەسەر دەچێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای ده‌کات گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بەرەو چارەسەر دەچێت، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌کات کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە هەموو کارەکان گرنگتره‌ تاوەکو ئەمەش نەکرێت، ناتوانرێت کات بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری بکرێت.
 
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 15ی ئەیلوولی 2022 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە 01-10-2022 ناتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت ئەمە لەبەرئەوە نییە کە کاری بۆ نەکراوە، سەرۆکایەتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە خەمخۆرییەکی زۆرەوە هەوڵیان دا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، کاتی خۆیشی کە 01-10-2022 بۆ هەڵبژاردن دیاریکرا، بۆ ئەوە بوو کە کۆمیسیۆن نەکەوێتە گرفتێکەوە کە ببێتە رێگر لەبەردەم هەڵبژاردن.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر گرنگ بوو ئەم خولە درێژ نەکرێتەوە و ببێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە نەکرا. ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆئەوەی پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ ماوەیەک درێژ بکاتەوە و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنی کۆمیسیۆن پێکەوە بکرێن و لەسەری رێکبکەون، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ کۆبوونەوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە، گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بەرەو چارەسەر دەچێت."
 
وتیشی، "پێشنیازی جیددی هەبوون بۆئەوەی پارتی بە فرەبازنەیی رازی ببێت، لەسەر ئەو پرسە جارێ ماوین و یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامن و لێکتێگەیشتن هەیە، تائێستا تەنانەت یەکێتییش مۆدێلێکی تەواوی لەسەر فرەبازنەیی پێشکێش نەکردووە، ئەو تیمە نێودەوڵەتییانەی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە کاریان دەکرد، بەرچاوڕوونیی باشیان بە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان پێشکێشکرد."
 
بە بڕوای جەعفەر ئیمینکی، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە هەموو کارەکان گرنگترن، "تاوەکو ئەمەش نەکرێت، ناتوانرێت کات دیاری بکرێت، بۆئەوەی هەوڵەکان بەردەوامن و ئەگەر رێککەوتن هەبوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکات."
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار