لە گەرمیان حكومەتی هەرێم بە «ژمارەی هەوایی» زەوی دەداتە رزگاربوانی ئەنفال
بڕیارێكی قوباد تاڵەبانی بۆ رزگاربوانی ئەنفال لەگەرمیان چوار ساڵە جێبەجێ ناكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی_ نیگار عومەر
ماوەی چوار ساڵە زیندانیانی ڕزگاربوی ئەنفال ژمارەیەكیان بۆ پێدانی زەوی وەرگرتوە بەڵام تا ئێستا زەویەكەیان وەرنەگرتووە، زیندانیانی ڕزگاربوی ئەنفالیش دەڵێن: جگە لە ڕزگاربوی ئەنفال كەسانی دیكەش خزێنراوەتە ناو لیستەكەیان، و حكومەت لەخەمی ئەواندانیە و تا ئێستاش ڕێكارەكانی دیكە بۆ پێدانی زەوییەكە دەستی پێ نەكردوە.
لەساڵی 2018 بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێ بڕیاردرا زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی ڕزگاربوانی شاڵاوی ئەنفال و كەسوكاری شەهیدان دابینبكرێت، لە ساڵی 2019 زیندانیان تەنها ژمارەیەك(رەقەمی هەوایی)یان وەرگرتووە و تا ئێستا ڕێكارەكانی دیكەی تەواونەكراوە.
تەحسین حەمید ڕزگاربوی ئەنفال، كە وەك خۆی باسی دەكات ماوە نزیكەی نۆ مانگ لەنوگرە سەلمان لەگەڵ كەسوكارەكەیدا زیندانی بووە، سەبارەت بەو پرسە بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت:»دوای ئەوەی بڕیاری دابەشكردنی زەوی بۆ زیندانیانانی سیاسی ئەنفال و كەس و كاری شەهید دەرچوو، ئێمە وەك دانیشتوانی ناحیەی ڕزگاری ماوەی چوار ساڵە تەنها ژمارە هەوایەكمان وەرگرتوە، تا ئێستا زەوییمان وەرنەگرتووەو هیچ كارێكی تاپۆكردنی بۆ نەكراو و لەچاوەڕواندیدا ماوینەتەوە».
وتیشی: لەكاتی دابەشكردنی زەویەكاندا جیاوازیەك لەنێوانماندا كراوە بڕیاربو هەر ڕزگاربویەك لەشوێنی نیشتەجێبونی خۆی زەوی پێ بدرێت بەڵام خەڵك هەیە خەڵكی ڕزگاریە لە كەلار زەوی وەرگرتوە یان بەپێچەوانەشەوە، بەشێك لە پیرو بەتەمەنەكانیش لە چاوەڕوانی پێدانی زەویەكاندا كۆچیان كرد هەر هیچان بۆنەكرا».
هاوكات بەرزان كەریم بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەكانی گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:»لە سێ شوێن لەگەرمیاندا ئەو زەویانە دابەشكراوە، لە كەلار 958 پارچە زەوی و لە ناحیەی ڕزگاری 493 پارەچە زەوی و لە قەزای كفری 442 پارچە زەوی بە ژمارە (ڕەقەمی هەوایی) دابەشكراوە، لەناحیەی ڕزگاری لەهەوڵداین كار بۆ مامەڵەی زەویەكان بكەین و لەم نزیكانەدا كارەكانی حزمەت گورزاریان بۆ دەكرێت»، وتیشی:»سەبارەت بە كێشەی زەویەكانی كەلار ئەو زەویانە كە دابەشكراوە بەر زەوی كشتوكاڵی دەكەوێت و پێویستە خاوەنی زەوییەكان قەرەبوو بكرێنەوەو دواتر ئەو كەسانەی كە وەریانگرتوە دەستبكرێت بەبامەڵەكانیان و تا ئێستاش ئەو كێشەیە چارەسەرنەكراوە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «لەكاتی دابەشكردنی ژمارەی زەوییەكان بەهۆی نزیك بونەمان لە یادی ئەنفال و وردبینی زۆری بۆ نەكرا ئەو هەڵەی تێكەوت كە هەندێ خەڵك لەشوێنی خۆی ناوی نەهاتۆتەوە، و لەئێستادا لیژنەیەكمان دروستكردوە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت و ئاڵۆگۆڕەكان چاك بكرێتەوە».
بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەكانی گەرمیان وتیشی: «ئەو كەسانەی كە ئێستا نیشتەجێی ناوچە جێناكۆكەكانن بڕیاربوو لە نزیك ترین شوێن زەوی وەبگرن، ئەوەش قەزای كفری دیاریكرا بەڵام خەڵكی ئەو ناوچانە وەرگرتنی زەوی لە قەزای كفری رەتدەكەنەوە بەبیانوی ئەوەی كە نرخی زەویەكان كەمترە لەهەندێ لەشوێنەكانی تر».
بێستون ئیبراهیم، كە ڕزگاربوی شاڵاوی ئەنفالە بە هاوڵاتی وت:» ئێمە نزیكەی 150 كەس كە فەرمانی وەرگرتنی زەویمان هەیە بەڵام ناومان لە ناحیەی رزگار هاتەوەو خۆم خەڵكی كەلارم داوای گواستنەوەم كردوە تا ئێستا گواستنەوەی زەویەكانمان بۆ نەكراوە». وتیشی:» ئێمە چوار ساڵە چاوەڕوانین زەوییمان پێبدرێت بەڵام تا ئێستا پێمان نەدراوە».
ئامینە ساڵح، كە ڕزگاربویەكی تری شاڵاوی ئەنفالە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «حەوت مانگ زیاتر لە نوگرەسەلمان و لەگەڵ كەس وكارەكەم زیندانی كراوم دوو خوشكم لەوێ كۆچیان كردوە و حەوت كەسمان گەڕاینەوە تا ئێستا حكومەت هیچی بۆ نەكردوین و تا ئێستا هیچ موچەیەكیشمان بۆ نەكراوە»، و سەبارەت بەزەویەكانیش دەڵێت:»حكومەت بێ باك و كەمتەرخەمە و بۆیە كێشەی زەویەكانی زیندانیانی دانیشتوی كەلار چارەسەرناكرێت، كە بەشێك لەو زەویانە دەكەوێتە بەر زەوی كشتوكاڵی دەبێت حكومەت قەرەبویان بكاتەوە تا ئێستا نەیكردوە».
وتیشی:» دوای پرۆسەی ئەنفال بەشێكی خەڵكی ناوچە ئەنفالكراوەكان لەلایەن رێژمی ئەو كاتی عێراقەوە زەوییان پێدراو كردیان بە خانوو، بەڵام ئەوەتا من و كەسەوكارەكەم لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پارچە زەوییەكمان پێ رەوا نابینن».

