تورکیا بۆ ڕێگه‌گرتن له‌هاتوچۆی گه‌ریلاکانی په‌که‌که تەواوبوونی ٦٤ کیلۆمەتر لە دیواری سەر سنووری تورکیا-ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکرده‌وه تاوه‌کو ئێستا ٦٤ کیلۆمەتر لە دیواری سەر سنووری تورکیا-ئێران ته‌واوبووه که ئه‌و وڵاته به‌مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له‌هاتوچۆی گه‌ریلاکانی په‌که‌که له‌ناو خاکی کوردستاندا ده‌ستی به‌دروستکردنی کردووه.
له‌وباره‌یه‌وه ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی بڵاویکردۆته‌وه کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی دیواری ئەمنی لەسەر سنوور بە درێژایی ٢٩٥ کیلۆمەتر کە لەئێستادا ٦٤ کیلۆمەتری تەواو بووە لەلایەن حەوت کۆمپانیا بەڵیندەر جێبەجێ دەکرێت و بە درێژایی ٢٨٣ کیلۆمەتریش خەندەق لێدراوە.هەروەها کارەکانی دروستکردنی ٥١ قولەی ئەلیکترۆ ئۆپتیکاڵی تەواو بووە و پلان بۆ ئەوە دادەنرێت لەگەڵ تەواوبوونی دروستكردنی ٧٢ تاوەری لێگۆ و ٤٥ تاوەری مۆنۆبلۆك لە ماوەیەكی كەمدا سنوورەكە بەتەواوی بخرێتە ژێر كۆنترۆڵ.
ئاماژه‌شی به‌وه‌کردووه لە پارێزگای وان کە لەنێو پارێزگاکانی دیکەی تورکیا درێژترین سنووری هەیە لەگەڵ ئێران، هێزە ئەمنییەکان بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بەردەوام بەسەر هێڵە سنوورییەکاندا دەگەڕێن و هەموو پێداویستییە تەکنەلۆجییەکانی وەک کامێرای چاودێری، تەلی هەستەوەر، دووربینی شەو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەکاردەهێندرێن.
ئه‌وه‌شخراوه‌ته ڕوو به‌وته‌ی بەڕێوەبەری کاروباری بیناسازی،مەندرێس، بەر لەهاتنی زستان کارەکانیان خێراتر کردووە، ئه‌وه‌شی خستۆته ڕوو لەلایەک خەندەق لێدەدرێت، لەلایەکی دیکەوە دیوار، رێگا و قولەی چاودێری دروست دەکرێت. کارەکان بە سەدان کەرەستە لەلایەن سەدان کارمەندەوە ئەنجام دەدرێن.
جێگای ئاماژه‌یه سوپای تورکیا به‌مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی چالاکی گه‌ریلاکانی په‌که‌که چه‌ندین ساڵه باس له‌دروستکردنی دیوارێکی وه‌ها له‌سه‌ر سنور ده‌کات.

