فشارەكانی بەغداد لەبواری نەوت و گاز لەسەر هەرێم دەستپێدەكاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی لەڕۆژی 15ی شوباتی رابردوو دادگای فیدراڵی بڕیاریدا كەیاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان نادەستوورییەو دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان تێكڕای نەوتی بەرهەمهێندراوی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات، لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا هەوڵەكانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم یەكێكیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەو ئەوەكەی دیكەشیان بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكە دەستیپێكردووەو هەردوولایان دەیانەوێت بەئەنجامێك بگەن كەهیچ یەكێكیان نەدۆڕێن، هەربۆیە هەوڵ و تەقەلاكانیان بەردەوامەو خەریكی مانۆڕی سیاسی و ئابوورین.

لەو چوارچێوەیەدا لەتازەترین لێدواندا عەلا یاسری بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق «سۆمۆ» رایگەیاند: «داوایان لەكۆمپانیا جیهانییەكان كردووە نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان نەكڕن، حكومەتی هەرێمیش ناچارە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكات».

یاسری كەقسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمیی عێراق كردووە دەڵێت: بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هەموو ئەو گرێبەستانەی كەحكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆی كردوون بۆ دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت پووچەڵن».

ئاماژەی بەوەش كردووە:»وەزارەتی نەوت رێكاری گرتووەتەبەر بۆ گواستنەوەی ئەم دۆسیەیە بەتەواوەتی، دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەنگاوەی لاپەسەند نەبوو، بۆیە وەزارەتی نەوت رێكاری یاسایی گرتەبەرو كۆمپانیای سۆمۆ داوای لەهەموو كۆمپانیا جیهانییەكان كردووە نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان نەكڕن».

ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ دوابەدوای سەردانەكەی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت كەسەردانی بەغداو هەولێری كردو رایگەیاند: بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی مەترسیی چوونە دەرەوەی كۆمپانیا ئەمریكی و بیانییەكانی دیكەو نەمانی متمانە بەژینگەی بازرگانیی عێراقی».

وتیشی:»ئەمریكا پێشنیاز دەكات هەولێرو بەغدا ناكۆكییەكان لەبارەی نەوت و گازەوە لەڕێگەی ناوبژیوانیی لایەنی سێیەم چارەسەر بكەن».

سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵیش ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:» 17 كۆمپانیای بیانیی بواری نەوت كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئامانجی ئەوانن، تاوەكو ئێستاش زیاتر لەحەوت كۆمپانیا بانگهێشتی دادگای كەرخی بەغدا كراون و دادگاكە داوای راگرتنی كاری چوار كۆمپانیای كردووە».

رۆژی 1ی ئەیلولی ئەمساڵیش، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە، ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن لەڕێگای چەند نامەیەكەوە تێیدا داوا لەحكومەتی ئەمریكا دەكەن بۆ ئەوەی هەناردەكردنی نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا بەردەوام بێت و ئەنقەرە ناچار نەبێت نەوتی زیاتر لەئێران و روسیا وەربگرێت. هاوكات داوایان لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە هاوكاریان بێت لەچارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانەی لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە سەبارەت بەپرسی نەوت و گازی هەرێم. هەروەها لەنامەكاندا، ئەو كۆمپانیایانە ئەوەشیان بۆ ئەمریكییەكان خستووەتەڕوو ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی لەدەستبدات ئەوا ترسی داڕمانی ئابوورییەكەی هەیە».

لەكۆتاییەكانی مانگی ئابی رابردووشدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بەهەڕەشەكانی پێشووتری كۆمپانیای سۆمۆ بۆ راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، رایگەیاند: مافی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی سەرچاوەكانی هایدرۆكاربۆن لەسنووری هەرێم بەردەوامە وەك لەدەستووری فیدراڵی و یاسای كوردستاندا هاتووەو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەبەرهەمهێنان و ناردن و فرۆشتن و پاڵاوتنی و بەكارهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان و پێشبینیش دەكرێت بەرهەمهێنان زیاد بكات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار