کورد.. نەتەوەیەکی قوربانی دەری بێ بەرهەم.

2 مانگ لەمەوپێش



جوتیار ڕەشید

بە درێژایی مێژوی خەباتی کورد یەکێکە لە نەتەوە قوربانی دەر و بەخشندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا،ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆڵەکانی ئەم گەلە درێغیان نەکردوە لە قوربانی دان،بەڵام نەیتوانیوە بەری ڕەنجی قوربانیەکانی بچنێتەوە.

بۆ؟

ئەم پرسیارە دەبێ هەموومان لە خۆمانی بکەین و بەدوا وەڵامەکەیدا،لاپەڕەکانی مێژوی خۆمان و گەلانی دراوسێ و جیهانی بۆ بگەڕێین.

بە تێگەیشتنی سادەی خۆم،تاکە هۆکاری پشت ئەوە بەناو سەرکردە و ڕابەر و پێشەنگەکانی ئەم نەتەوەیەن.

گەل بەمانا گشتیەکەی ئەرک و فرمانەکانی خۆی بەجێهێناوە،ئەرکی گەل بەدەمەوەچونی بانگەوازی بەناو سەرکردە و پێشەنگەکانی بوە،ئەوە ئەرکی بەناو ئەو سەرکردانەیە تواناکانی گەل چۆن ئاراستە دەکەن و وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و زۆرترین دەسکەوتی بۆ خەڵک لێدەچننەوە.

ئەم پێشەکیە کورتە بەسە

دەمەوێ بێمە سەر ئەو ڕوداوانەی لە شەهیدکردنی کچە کوردی سنەیی ژینا امینی کەوتنەوە.

کچە شەهیدی کورد ژینا ئەمینی نە یەکەم کچی کوردی شەهیدە و نە دوا کچ و دوا مرۆڤی کورد دەبێ بەدەستی داگیرکەرانی کورد و کوردستان شەهید بکرێ.

سەدان هەزار مرۆڤی کورد شەهید بون و لە داهاتوشدا شەهید دەبن،کە بەداخەوە شەهیدەکانیشمان لە باشترین و هەڵکەوتوترین کچ و کوڕەکانمان بون و دەبن،دەیان هەزار ژن و کچ و کوڕو و پیاو ژنمان ئەنفال کراون،هەزارانمان بە غازی کیمیاوی و چەکی قەدەغەکراوی جیهانی شەهید کراون،هەزاران کچ و ژنمان داعش وەک دەسکەوتی جەنگ بردنی.

هەروەک لەسەرەتا باسم کرد قوربانیەکانمان زۆرن و کۆتاییان نایا،ئەگەر بیر لە گۆڕینی بەناو سەرۆک و دەسەڵاتدار و پێشەنگە سەپێندراوەکانی خۆمان نەکەینەوە.

ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێ ،ئاگری توڕەیی هەموو خەڵکی ئێرانە لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ،بەڵام شەهیدکردنی ژینای کچمان بوە شەماڵی گەشاندنەوەی ژیلەمۆکانی ئەو ئاگرە.

کوڕ و کچەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر شەقامەکانن و ئامادەی هەموو قوربانیەکن،کەچی سەرانی دەسەڵاتی باشور (راغب علامة) ی گۆرانیبێژی عەرەبیان بانگهێشت کردوەتە هەولێری تاقانە پایتەختی کوردان،لەهەولێر شەوانە ئاهەنگیان بۆ ڕێکخستوە،کوڕ و کچانی باشتوریان بۆ کۆکردوەتەوە،بۆ ئەوەی ڕاپەڕینی و کوڕ و کچانی ڕۆژهەڵاتیان لە بیر بەرنەوە.

ئێران لە ئێستادا لە ژێر فشاری ئەمریکا،ئیسرائیل،ئەوروپا و هەتا ڕادەیەکی زۆریش وڵاتانی عەرەبدایە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە مەرجەکانی ئەوان،بۆیە ئەو وڵات و هێزانە هەموو هەلێک دەقۆزنەوە بۆ مل کەچ کردنی ئێران بۆ داواکاریەکانیان،یەکێک لەو هەلانە قۆربانیەکان و ڕاپەڕینەکانی کوردە لە ئێران،بۆیە دەبێ ئاقڵمەندانی کورد لە پشت کوڕ و کچەکانیان بن،شەو بخەنە سەر ڕۆژ بەشێوەیەک ئاراستەیان بکەن دوجار نەبنە قوربانی،قوربانی گەلانی ئێران و قوربانی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی دەوروبەر و زل هێزەکان.

ڕاستیەک هەیە دەبئ هەموومان بیزانین،ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دوژمنی هیچ وڵات و زل هێزێکی جیهانی نیە،بەڵکو ڕێگرە لە بەردەم بەرژەوەندیەکانیان،هەرکات تینی بۆ بێ و مل بۆ بەرژەوەندیەکانیان بدات،دەبێتە نزیکترین دۆستیان،ئەوەش هەموو چرکەیەک ئەگەری ڕودانی هەیە لە ئێستادا.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی تەنها دوژمنی خەڵکی ئێرانە بە کوردیشەوە،بۆیە دەبێ خەڵکی ئێران بە کوردیشەوە تەنها پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و پلانی خۆیان هەبێ بۆ وڵات و دەوڵەتی خۆیان.

خاڵێکی گرنگی تر کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ لەبەرچاوی بگرێ،ئەویە کە بە هیچ شێوەیەک نەبێتە بەشێک لە پلانێکی دەرەکی بۆ ڕوخانی دەوڵەتی ئێران،بەڵکو بەشێک بێ لە بەرەیەکی ناوخۆ بۆ ڕوخان و گۆڕینی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی.

دەبێ ڕوخانی دەوڵەت و ڕوخانی ڕژێم و گۆڕینی لەیەک جیا بکەنەوە،بۆ ئەوەی توشی هەمان کارەساتی عراقیەکان و کوردانی باشور نەبنەوە،

درود بۆ گیانی ژینا امینی و سەرجەم کوڕ و کچە شەهیدەکانی کوردستان لە یەکەم شەهیدەوە هەتا دوا شەهیدی ئەم چرکەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار