ئایا ئەگەر ژنێک لە ژوری نوستن مێردەکەی بکوژێت تاوان نییە ؟

2 ساڵ لەمەوپێش



شێرکۆ کرمانج

لە پەراوێزی ڕەشنووسی یاسای توندوتیژیی نێو خێزان

ماوەی چەند ڕۆژێکە قسە لەسەر ڕەشنووسی یاسای توندوتیژیی نێو خێزان دەکرێت. ھەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یاسایەکی لەم چەشنە دەبێتە مایەی ھەڵوەشانەوەی خێزان. یەکێک لە بەندەکانی یاساکە مامەڵە لەگەڵ بەزۆر ئەنجامدانی سێکس دەکات لەگەڵ ھاوسەر. ئەوانەی دژی یاساکە ھەڵوێست دەنوێنن، دەڵێن ئەمە تەدەخولکردنە لە پرسە تایبەتییەکان و ھێنانی یاسا و دادگایە بۆ سەر جێ و ژووری نووستن.

لە وەڵامی ئەوانەدا دەبێت بڵێین، ئایا بەزۆر سێکسکردن ھاوتای لاقەکردن نیە؟ ئایا لاقەکردن تاوان نیە؟ ئایا ئەگەر ژنێک پیاوەکەی لە ژووری نووستن بکوژێ، مەگەر دەکرێت بڵێین ئەمە تەدەخولکردنە لە پرسی کەسیی چونکە لە ژووری نووستن و لەسەر جێ ڕوویداوە؟ ئەگەر ئەمە تاوان بێت و پرسێکی کەسیی نەبێت ئەوە لاقەکردنیش، جا چ پیاو بیکات چ ژن، ئەوە تاوانە و پرسێکی کەسیی نیە.

بۆیە لەم پەیوەندە و لە پرسی ترسی ھەڵوەشانەوەی خێزان دەبێت ئەوە بڵێم کە خێزانێک بنەماکەی لەسەر ئەتککردن و لاقەکردنی ژن⁄پیاو دانابێت نەک ھەر شایستەی ھەڵوەشانەوەیە بەڵکو شایان بە زبڵدانە.

ھاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە ڕەشنووسی یاساکە لە ھەندێک شوێن زیادەڕەوی کردووە و دەکرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام من دەزانم لەم کۆمەڵگەیەی ئێمە، لە کوردستان، من باسی ھیچ وڵاتێکی دیکە ناکەم، پیاو ھەیە بەزۆر و زۆرداری سەرجێیی لەگەڵ ژنەکەی دەکات. ئەمە لاقەکردنە نەک سەرجێیی، بۆ چارەسەری ئەم گرفتە دەبێت یاسا ھەبێت کە ھەم ڕێگریی لە کردارێکی لەم چەشنە بکات ھەم سزای تاوانکار بدات. کردارێکی وا خێزانی لەسەر ھەڵوەشێتەوە باشترە لە مانەوەی خێزانێک کە ھەر لە ئەساسدا ھەڵوەشاوە بێت. لە کۆتایی دەبێت ئەوەش بڵێم کە بانگەشەی ئەوەی بەھا و ماناکانی کۆمەڵگەی کوردی ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە قەبوڵ ناکات بانگەشەیەکە بۆ بەچەقبەستوویی ھێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و بەھاکانی. ئەم بەچەقبەستوویی ھێشتنەوەش تەنیا ھێزە کۆنەپارێز و دۆگماکانی لە پشتە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار