مەترسی گەورە لەسەر ڕاپەڕینەکەی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



زاهیر باهیر

ڕەنگە گەورەترین مەترسی لەسەر ڕاپەڕیوانی ئێران بەدوای سەرکوتکردن و داپڵۆسینی ڕاپەڕیواندا لە لایەن پۆلیس و پاسدارەوە بەکارهێنانی چەك دژ بە پاسدار و پۆلیس هەروەها هاتنە ناوەوەی چەکدارانی حیزبە کوردییەکان بۆ ناو شارەکان بێت.

جەنگی شەقام و هاتنەوەی چەکدارەکانی حیزب ئاڕاستەی تەواوی خۆپیشاندەران و یاخیبووان لە دەسەڵات و دەوڵەتی ئێران دەگۆڕێت لە پاڵ ئامانج و ستراتیجییەتی جەماوەردا. ڕوودانی ئەم دوو دیارەدیە گەورەترین کۆمەك و هاوکارییە بە دەسەڵاتی ئاخوندەکان و باشترین بیانوو دەبێت بۆ دامرکاندنەوەی شەپۆلەکانی ناڕەزایی بە کوشتن و بڕینی خەڵکی وێرانکردنی شوێنەکانی کە چەکی تێدا بەکارهاتووە ، ئەمە جگە لەوەی کە ترس و نگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە نێو جەماوەری ڕاپەڕیودا دروستدەکات و دووریان دەخاتەوە لە هاتنە سەر شەقام و ئەوەی کە دەستیان پێکردبوو.

بەکارهێنانی تاکتیکی جەنگی سەر شەقام و چەك خەڵاتێکی گەورەیە بۆ دەسەڵات کە خۆیان لە ئێستادا ڕەنگە لە هەوڵی خولقاندنی چالاکییەکی ئاوادا بن . بەکارهێنانی تووندوتیژی لانی کەم لەم قۆناغەدا لە لایەن ڕاپەڕیوانەوە بە زیانێکی گەورە دەگەڕێتەوە تا ڕادەی تێشکانی تەواوی ڕاپەڕینەکە.

ئەوانەی کە پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە بیردەکەنەوە با ئاوڕێك لە مێژوی ئەو جۆرە چالاکییە لە باشوور سەردەمی بە عس ، باکوری کوردستان چەند ساڵێك لەمەوبەر و هەروەها لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێشتر و ئەم دواییەش بدەنەوە .

حیزب ئامرازی شۆڕش و راپەڕین نییە. حیزب شۆڕش و ڕاپەڕینی پێناکرێت بەڵام زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لەباری بەرێت و تێکیبشکێنێت. مێژووی حیزب ئەوە نیشاندەدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار