ده‌یان ساڵه‌ شوێنکارەکانی تواندنەوە و چاککردنەوەی زێڕ لە هەولێر لە کارکردن بەردەوامن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە بازاڕی قەیسەری شاری ھەولێر، جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشگاکانی زێڕینگەری، ھەروەها ژمارەیەک شوێنکاری تایبەت بە تواندنەوە و دروستکردنی زێڕ ھەیە کە بەپێی خواستی ھاووڵاتییان شێوە و بابەتەکانی زێڕ دروست دەکەن و پیشەکەیان مێژوویەکی درێژی ھەیە.

لە شوێنکارەکاندا ئاگردان، ترشی گۆگردیک و پاودەری سۆدیۆم بۆڕەکس و چەند ئامێرێکی تایبەت بە توانەوە و لە قاڵبدانی زێڕ بەکاردەهێنرێت و بە گشتی خاوەنی شوێنکارەکانی زێڕ لە شارەکە تەمەنێکی زۆریان لە پیشەکەیاندا بەسەربردووە و درێژەیان بەکارەکەیانداوە.

بە گشتی زێڕینگەران سەرەتا زێڕی شکاو دەکڕنەوە یان ھاوردەی دەکەن، دواتر دەیدەن بەو شوێنکارانە، لەوێش لە رێگای گەرمکردنەوە زێڕەکە دەتوێندرێتەوە و دواتر دەکرێتە قاڵب، ئینجا دواتر شێوەی قاڵبەکە دەگۆڕدرێت بۆ ئەو نەخش و بابەتەی کە خواستی هاووڵاتییانی لەسەرە، هاوکات چونکە زێڕەکە بەهۆی گەرمکردن یان تواندنەوە رەنگەکەی بۆ خۆڵەمێشی گۆڕدراوە، ئەوا دەخرێتە ناو ترشی گۆگردیک بۆ ئەوەی رەنگە خۆڵەمێشییەکەی لێ ببێتەوە و رەنگی زێڕ وەرگرێتەوە، دواتر دەخرێتە ناو پاودەری سۆدیۆم و ئینجا دەخرێتە ناو ئامێرێک پێی دەڵێن "هەلاشە" و لەوێیەوە لە رێگای شووشتنەوە لە هەموو ماددە پیسەکان پاکدەبێتەوە.

کەرخی عەبدولقادر کە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە پیشەکەی زێڕەنگەرییە و ئێستاش سەرپەرشتی ئەو شوێنکارە دەکات کە منداڵەکانی تیایدا درێژە بە پیشەکەی باوکیان دەدەن و وەک خۆی دەڵێت، ئەو سەردەمە کارەکانی ئەو هەمووی کاری دەستی بوون و ئێستاش بەهۆی زۆربوونی ئامێرەکانەوە کارەکان ئاسانتر بوون.

کەرخی عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەمجار ساڵی ١٩٧٣ هاتمە بازاڕ و لەلای وەستا رەمزی دەستم بەکار کرد کە کاری توانەوە و لە قاڵبدانی زێڕی دەکرد و ماوەی ١٨ ساڵ لەلای ئەو کارم کرد، دواتر دوکانی خۆم دانا و لە پیشەکەم بەردەوام بووم، ئەو سەردەمە هەموو کارەکان کاری دەستی بوون، ئێستا بووەتە ئامێر و کارەکە ئاسانتر بووە".

کەرخی عەبدولقادر دەشڵێت: "ئەو سەردەمەی پێشوو، جۆرەکانی زێڕ جیاوازبوون و خەڵک خواستی لەسەر گۆبەرۆک زۆر بوو ئەوانیش چەند جۆرێکیان هەبوو کە گوزارشتیان لە هەولێر و رەواندز و چەند ناوچەیەکی دیکە دەکرد و شێوازی دروستکردنیان جیاواز بوو، دوای ماندووبوون و هەڵکشانی تەمەنم، ئێستا دوای خۆم دوو کوڕ و دوو برازام فێری پیشەکە کردووە و ئەوان رۆژانە لە شوێنکارەکە کاری خۆیان دەکەن و پێویستییان بە من نییە".

ئەحمەد کەرخی عەبدولقادر کە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەلای باوکی دەستی بەکارکردن کردووە و ئێستا درێژە بە پیشەکەی باوکی دەدات لەبارەی پیشەکەیانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لەلای باوکم فێری پیشەکە بووم، ئەو شتانەی کاتی خۆی لە ھەولێر دروستدەکرا وەک گۆبەرۆک و میگڵاد و جۆرەکانی دیکەبوون، ئەوکات بەدەستی دروست دەکرا، بەڵام ئێستا کارەکان خێراتر و ئاسانتر بووە بەهۆی بوونی چەندین ئامێری پێشکەوتوو".

ئەحمەد کەرخی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە قۆناغەکانی وەرگرتن و تواندنەوەی زێڕ کرد و گوتی: "زێڕینگەران سەرەتا زێڕەکە دەھێننە لای ئێمە و لێرە زێڕەکە دەتوێنینەوە، دواتر ئەو جۆرەی دروست دەکەین کە خواستی هاووڵاتییانی لەسەرە، جگە لەوەش هەندێک بابەتی دیکە هەیە خواستی بەردەوامی هاووڵاتییانی لەسەرە بۆ نموونە لیرە کە ئەویش چەندین جۆری وەک روبعە لیرە و نیو لیرە، یەک لیرە و موخەمەس و ئەو جۆرانەی هەیە و دروستان دەکەین".

زێڕ چەند عەیارێکی هەیە و بەپێی ناوچەکانیش خواست لەسەر عەیارەکانی زێڕ هەیە و لەمبارەیەوە ئەحمەد کەرخی عەبدولقادر گوتی: "زێڕ جۆری زۆرە، زێڕی خەلیجی، تورکی و عێراقی ھەمووی عەیار ٢١ن، بەڵام بابەتەکانییان جیاوازە، بە گشتی ھەولێر ھەمووی لەسەر عەیار ٢١ کار دەکات، سلێمانی و کەرکووک کار لەسەر عەیار ١٨ دەکەن، دھۆک و زاخۆ کار لەسەر زێڕی ٢٤ دەکەن".

بە گشتی ئەو زێڕانەی کە دەتوێندرێتەوە یان کاری لەسەر دەکرێت هەندێک لە کێشی کەم دەکات و لەبارەی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زێڕەکەش، ئەحمەد کەرخی گوتی: "دوو جۆر کەمکردن ھەیە، کاتێک لە میانی تواندنەوەدا، بڕێک لە زێڕەکە کەم دەکات و ئەوە ناگەڕێتەوە، بەڵام جۆرێکی دیکەی کەمکردن ھەیە بەھۆی کارکردنمانەوەیە کە پارچەیەک دەکەوێتە خوارەوە یان سمپارەی لێدەدەین، لەم حاڵەتەدا ئەوەی کەم دەکات لە بەشی ئێمە دەڕوات، چونکە دواتر ئەوەی دەکەوێتە سەر زەوی ھەڵیدەگرینەوە، ھەر بۆیەش ساڵێ جارێک خۆڵی ناو دوکانەکە ھەڵدەگرینەوە و دەیبەینە کارگە و لەوێ لە رێگای ئامێرێک زێڕەکەی لە خۆڵ و خاشاکەکە جیا دەکاتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە سادە زێڕە، بۆیە ئەو زێڕەی کە کێشەکەی کەم دەکات، ئەوا لە ئێمە کەم دەبێتەوە و ئێمە ھەمان کێشی خۆی دەدەینەوە خاوەنەکەی".

لە شوێنکارەکەی کەرخی عەبدولقادردا چەندین ئامێری تایبەت بەرچاو دەکەوێت و لەسەر زەوییەکەش ماددەیەکی پلاستیکی کە پێنج سانتیمەتر بەرزە تەواوی زەوییەکەی داپۆشیووە، ئەم پارچە پلاستیکە بۆ ئەوە راخراوە کە ئەو وردە زێڕانەی لە میانی کارکردن دەپەڕێتە سەر زەوی، نەکەوێتە ژێر پێیان و لەژێر ئەو پلاستیکەدا بمێنێتەوە، وەک خاوەنی شوێنکارەکە ئاماژەی پێی کرد، ساڵی جارێک هەموو خۆڵ و خاشاکی سەر زەوییەکە کۆدەکەنەوە و لە کارگەیەکی تایبەت لە رێگای سووتاندنەوە، پاشماوەکان لە زێڕەکە جیادەکرێتەوە و زێرە پوختەکەی دەمینێتەوە.

 

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار