جوتیار ڕەشید: نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز/باڤڵ تاڵەبانی

یەک ساڵ لەمەوپێش



جوتیار ڕەشید

سەرەتای نامەکە بە وتەیەکی بەڕێوەبەری کۆمپانیای فۆرد دەستپێدەکەم،کە لە ساڵی 1950 لەوەڵامی داواکاری خەڵک بۆ چەند ڕەنگ کردنی ئۆتۆمۆبێلەکانیان پێشکەشی کۆمپانیاکەیان کردبو.

(خەڵک مافی خۆیانە هەر ڕەنگێک داوا بکەن،بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە ڕەش بێ)،چونکە فۆرد ئەو کاتە تەنها ڕەنگی ڕەشی دروست دەکرد،دڵنیاش بو بەرهەمەکانی لە بازاڕ ساغ دەبنەوە،چونکە ڕکابەرێکی ڕاستەقینەی نەبو.

ئایا بەڕێوەبەری کۆمپانیای فۆرد ئێستا دەتوانێ ئاوا وەڵامی کڕیارەکانی بداتەوە؟

بێگومان نەخێر.

چونکە،ئێستا دەیان ڕکابەری ڕاستەقینەی لە بازاڕدا هەیە.

پارتی لەوەتەی هەیە بە پڕەنسیپی کۆمپانیای فۆردی ساڵی 1950 مامەڵە لەگەڵ حیزبەکانی ڕکابەری و خەڵکیش دەکا.

بۆ؟

چونکە ڕکابەری ڕاستەقینە و جدی بەرامبەر بەخۆی نابینێ.!

پێغەمبەر(د.خ)،وتەیەکی هەیە دەفەرموێ،(مرۆڤی باوەڕدار دوو جار لە هەمان کونەوە مار پێوەی نادا).

یەکێتی و تەواوی حیزبەکانی تر دەیان ساڵە و سەدان جار لە هەمان کونەوە،هەمان مار پێتانەوە دەدا.

ئێوە(ی.ن.ک)، و تەواوی حیزبەکانی تر ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێ و بڕیارتان داوە،پارتی وەک حیزبی سیاسی و هاوبەشی دەسەڵات مامەڵەتان لەگەڵ بکا و خۆشی وەک حیزبێکی سیاسی ببینێ(چونکە پارتی خۆی بە حیزبی سیاسی نابینێ،خۆی بە خاوەن و بڕیاردەری نەک هەر باشوری کوردستان بەڵکو هەر چوار پارچەی کوردستان دەزانێ و کەسیش وەک هاوبەش قبوڵ ناکا).

دەبێ ئێوە خۆتان حیزبی سیاسی بن و خۆتان لەو قاڵبە دەربێنن کە پارتی بۆی دروست کردون.

پارتی دەتوانێ و توانیویشیەتی سیاسەت بکا و حیزبی سیاسیش نەبێ،توانیویەتی و دەشتوانێ دەسەڵاتداری بکا و حاکمیش نەبێ.

بەڵام ئێوە نەتوانیەتانەو نە دەشتوانن بەو فۆڕمە کە پارتی بەزۆر بەسەریدا سەپاندون بەردەوام بن.

ئێمەومانان ناچارین ئەوەندەی دەرکی پێدەکەین بەرچاو ڕونیتان بدەینێ،چونکە پارتی واقعێکی لە باشور دروستکردوە لە ئێستادا ئێوە (ی.ن.ک) وەک پارسەنگێکی بەهێز زەرور بن بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە کەم ئەندام کراوەی ئێستامان،پارتی ئێوە و هەموو حیزبەکانی تری قبوڵە،بەڵام بە لاوازی و سەرکزی،ئەوەش لە 20 ساڵی ڕابردودا نە لە قازانجی خودی خۆتان بوە نە لە قازانجی خەڵک.

ماوەیەکە ڕاتانگەیاندوە ستۆپ بە پارتی دەکەن و ئەم جارە بە ڕاستیتانە و گەیوەتە لوتتان.

من ڕاشکاوانە پێتان دەڵێم

ئەم جارەیان لەوانەیە دوا جار بێ بتوانن ئەو دروشمە بەرز بکەنەوە،چونکە زۆر جاری تر (ی.ن.ک)،ئەو دروشمەی بەرز کردەوەتەوە و دوا جار بە ڕەنگی ڕەش ڕازی کران و بازاڕی پارتیتان گەرمترکرد.

لە دوای ڕوخانی صدام کە هەردوو ئیدارە تێکەڵکرانەوە،ئەوسا من هەم کادری (ی.ن.ک) بوم،هەمیش لە ئیدارەدابوم،(ی.ک.ک) دروشمی شەڕی (دەسەڵاتداری نمونەیی) بەرامبەر پارتی بەرزکردەوە،دروشمێکی زۆر کرداری و گونجاو بو،ئەگەر جێبەجێ بکرایا،دەمانتوانی بە نمونەیەکی جوانی دەسەڵاتداری حیزبێکی سۆشیال دیموکرات لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی پارلەمانی ببەینەوە و بە پشتگیری و هاوپەیمانی ڕاستەقینەی حیزبەکانی تری دەرەوەی پارتی زۆرینەی زۆری پارلەمانی و دەسەڵاتداری لە بەرژەوەندی خەڵک مسۆگەر دەکرا.

بە داخەوە بەرژەوەندیخوازەکانی ناو (ی.ن.ک) بە هاوکاری پارتی نەیانهێشت ئەوە سەربگرێ.

ئێستاش تەنها یەک ڕێگاتان لەبەردەمە و دووەم بونی نیە،ئەویش شەڕی دەسەڵاتداری و حیزبی نمونەییە،ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێ دەڤەری سەوز و هەموو هەرێمیش بۆ هەتا هەتایە لەو قوڕەی تێیچەقیوین دەربازمان ببێ.

واز لە پارتی بێنن،وای دابنێن پارتی لەم دەڤەرە بونی نیە (کە لە ڕاستی و کرداریشدا وایە)،وەرن با لەم زۆنە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنمان ڕێکبخەینەوە و پێداچونەوەی جدی تێدا بکەین،بۆ ئەم مەبەستەش دەرگا بکەنەوە بۆ ئەقڵە زانستی و سیاسیەکانی دەرەوەی (ی.ن.ک) بەشدار بن لە دروستکردنی بڕیاری چاکسازی و کردەی چاکسازی و بەڕێوەبردنی داهاتوی ئەم زۆنە،ئەگەر بتوانن ئەوە بکەن چەکێک دەخەنە دەست خۆتان کە هەرگیز پارتی نەک نەتوانێ وەک پاشکۆ سەیرتان بکا بەڵکو سازشیشتان بۆ بکا و مەمنونی هاوبەشتان بێ لە دەسەڵات.

بۆ دواجار ئاگادارتان دەکەمەوە

نە ڕەوشی ناوخۆی (ی.ن.ک)

نە ڕەوشی سیاسی و ئابوری ئەم زۆنە

نە ڕەوشی سیاسی و ئابوری هەرێم

نە ڕەوشی سیاسی وڵاتانی دەوروبەرمان و ناوچەکە و جیهانیش

بواری ئەوەی بۆ نەهێشتونەوە لەسەر هەڵەکانی ڕابردوتان و ئەو شێوازە لە دەسەڵات و حیزبایەتی بەردەوام بن

بۆیە تکاتان لێدەکەم ئەم جارەش وەک جارانی پێشو بۆ هەندێ دەستکەوتی حیزبی و کەسی سازش بۆ پارتی مەکەن،چونکە سازشی ئەم جارە مەترسیدارترینە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار