بزوتنەوەی ژنانی لیبڕاڵیزم یان چارەسەری یەکلاکەرەوە؟!

یەک ساڵ لەمەوپێش



بروا ستار

پێش هەموو شتێک پشتیوانی هەر جوڵانەوەیکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیریم، کە داکۆکی لە مافی ژن-پیاو بە یەکسانی دەکات، چونکە لە بنەمادا هەردوو ڕەگەزەکەی مرۆڤ، یەک بنچینە و بنەڕەتییان هەیە، ئەمەش ئەگەر بۆ کەسێک کە بەدەر لە بیر و تێڕوانینی ئاینی و کلاسیکی کۆمەڵایەتی بیر بکاتەوە، شتێکی نامۆ و چاوەڕوان نەکراو نییە، بۆیە پێویستە ئێمە ئەم دوو بەرەیە پۆڵێنبەندبکەین و لەیەکییان جیابکەینەوە، چونکە ناکرێت مرۆڤێک هەبێت کە پابەندی هیچ بیرکردنەوەیەکی ئاینی-مەزهەبی و کلاسیکی کۆمەڵایەتی نەبێت، بەم شێوازەش بیر نەکاتەوە، ئەگەر وا نەبوو، ئەوا بێگومان ئەمە کەسە لە بەرەی ئاینی- مەزهەبی و کلاسیکی کۆمەڵایەتییە.

ڕاستییەکە ئەوەیە، لە دوای سەرهەڵدانی دەستەڵات و کۆتاییهاتنی ڕژێمی کۆمەڵبەندی (کۆمیناڵ)، کە لە سەرەتای مێژووی دەرکەوتنی مرۆڤەوە تا هەزارەی دەیەمی پێش زاین بەردەوام بوو، ئەم سیستمە وەک سیستمێکی پیاوسالاری لە دژی ڕژێمی دایکسالاری دەرکەوت، بەمەش کۆتایی بە ڕۆڵ و پێگەی ژن هێنا، دواجاریش بە درێژایی ئەم مێژووە، ژن لەلایەن پیاوەوە دەچەوسێندرێتەوە، هەر بۆیە کێشەی هەرە سەرەکی لەنێوان مرۆڤەکان ئەو لاسەنگبوونەیە لە بەڕیوەبەری لەنێوان ژن و پیاودا، بەمەش بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئازادی ژنان بەردەوام هەبووە و پێداگری لەسەر مافەکانی کردووە، کە لەلایەن پیاوەوە زەوتکراوە.

لەو ماوە درێژەدا کە ژن بووە بە کێشەیەکی بنەڕەتی بۆ کۆمەڵگەی پیاوسالاری، بە دەیان و سەدان بیرمەند و کۆمەڵناس و هەتا بگرە ئاینەکانیش باسیان لەم کێشەیە کردووە، ئەم گفتوگۆ گەرمە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئەگەر زێدەگۆییش نەبێت، تا هاوسەنگبوونی ماف و ئەرکی هەردوو ڕەگەزەکە بەردەوام دەبێت، چونکە سرووشتی کێشە بەردەوامییە تا چارەسەری، کێشەی ژنیش لە کۆمەڵگەدا، ئەو کاتە کۆتایی پێدێت، کە ماف و ئەرکەکانی لەگەڵ پیاودا هاوسەنگ بێت.

ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە، بەراوردکردنی تێڕوانینە زانستی و کۆمەڵناسییەکانە لەسەر پرسی ژن، کە ئاخۆ کام هزر و تێڕوانینە توانیویەتی ئەم کێشەیە تا ئاستی چارەسەری ببات، لەم چەند سەد ساڵەی ڕابردوودا چەندین مۆدێل لە هزر و تێڕوانین درووستبوو بۆ چارەسەری پرسی ژن لە کۆمەڵگەدا، لەوانەش ڕەنگە بەشی زۆرییان توانیبێتییان بەشێک لە چارەسەری پێشبخەن، بەڵام ئەوەی کە توانی کرۆکی کێشەکە بخاتە بەرچاو، بەڕێز ئوجئالانە، بە پێوەری ئەوەی هەم لە واری بیردۆزیدا توانی چارەسەری گونجاو پێشبخات، هەمیش هەمان بیردۆزی لە واری کردەییدا خستە بەر جێبەجێکردن. کە لەمەوبەر هەمان دۆخ دووبارەبووەوە، بەڵام نەبووە چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەو پرسە، بەمەش ئەم هزرەی کە ئەم بیرمەندە پێشیخست، دەتوانێت بەرچاومان ڕۆشن بکات بە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندی پڕۆژە چارەسەرییەکە، بەڵگەی ئەوەی کە ئەم بیردۆزە توانیویەتی وەڵامگۆی پرسەکە بێت، ئەو یەکسانییەیە لەنێوان ژن-پیاو لەناو بزونتەوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکەی، کە بەڕوونی دەتوانین بیبینین، نموونەی هەرە زیندووش بۆ بابەتەکە، سەرهەڵدانی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەژێر ئەو درووشمەی کە بیردۆزەکەی لەسەر چنراوە.

ئەوەی سەرم لێی دەرناچێت و ناتوان هەڵیبێنم، ئەو خۆدوورخستنەوەی چالاکوانان و پیشەگەرانی ئەم پرسەن، کە دوور و نزیک نایانەوێت لە دیدی ئەم بیردۆزەوە (ئەگەر زێدەگۆیی نەبێت لەوسەر بۆ ئەو سەری دنیا سوودی لێوەردەگیرێت و توێژینەوەی زانستی لەسەر دەکرێت) چارەسەری پێشبخەن، بەڵکو ئەوەی جێگەی داخە دەچن کۆمەڵێک تێروانین و هزر هاوردە دەکەن، کە لەمێژ ساڵە تاقیکراوەتەوە و نیمچە شکستی هێناوە، با ڕوونتر بڵێین، بەشێک لەمان هاوردەی هزری تێگەیشتنی لیبڕالیزمی ناوەند و نوێ بۆ پرسی ژن دەکەن، کە بە هیچ شێوازێک ناتوانێت وەڵامگۆی پرسەکە بێت، بەڵکو خودی ئەم هزرە بەشدارە لە بە کۆیلەکردنی ژن لە چوارچێوەیەکی ئابووری و بازرگانیدا، ئەگەر وردتر بڵێین، ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتن و بە کاڵاکردنی ژن لەلایەن کۆمەڵگە و دەستەڵاتەوە، لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی ناو هزری لیبڕالیزم، ئەگەر هاوتاش نەبێت، نزیکە لە ڕیژەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە گۆتەی ئەوان دواکەوتوو و پیاوسالارن.

پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە، ئایا ئەوانەی خەریکی ئەم جۆرە بزاوت و جوڵە کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریانەن، ئامانج لە جوڵەکانیان ئەگەر بۆ بابەتی کەسابەت و سەرقاڵی خۆیان نەبێت، ئەی بۆ هیچ بەرهەمێک لەلایەن ئەوانەوە ڕەنگینەداوەتەوە لەنێو کۆمەڵگەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار