چاکسازی و خزمەتگوزاری ووتە نیە کردارە!

یەک ساڵ لەمەوپێش



دلشاد تالەبانی

لە ٢٠٠٠ بەملاوە دەیان جار چاکسازی و خزمەتگوزاریمان بیستوە ، لە کاتی دوو ئیدارەیی و پاش یەکگرتنیش لە لایەن حیزب و ناوەندەکانی بڕیارەوە، بەڵام بە کردار هیچی نەبینرا. زۆر لایەنی بە ناو ئۆپۆزسیۆنیش لە پێش هەڵبژاردنەکان وەک پڕوپاگەندە بەکاریان هێناوە، بەڵام لە کاتی بەشداربوون لە دەسەڵات کەمترین رۆڵیان نەبووە و هیچ نەگوڕاوە ، یان رەنگە خرابتریشی لێ هاتبێت. وای لێ هاتوە ئەوەی باسی چاکسازی و پاکسازی بکات ، ببێتیە گاڵتەجاری خەڵک و تۆڕەکانی سوسیال میدیا. ئەوەش بە هۆی هەموو بەڵێن و گفتە بێ ئەنجامەکان ، خەڵک بڕوای بە هیچ نەماوە. خەلەل لە کوێ یە ؟ نەزانین و نەشارەزایی و خرابی  بەڕیوەبردن و نەتوانینی جێەجێکردنە بە باشی ؟ گەندەڵی و بەفیڕۆدانی ئیمکانیات ، نەبوونی وویستی جێبەجێکردن ، فشاری دەرەکی و تەخریب بۆ کارەکان، یاخوود کۆی هەموو ئەوانە یان فاکتەری ترە؟

عیراق و کوردستانیش ئیمکانیاتیان زۆرە . گەرهێندێک بە چاکی بەکارهێندرابایە ، دەتوانرا لە کاتی روخانی سەدامەوە چەندین جار هەموو عیراق ، بە کوردستانیشەوە ، بیناو ئاوەدان بکرێتەوە.

ئەوروپا، لە پاش جەنگی جیهانی دووەم ، نەوەک هەر ژێرخانی ئابوریان بە تەواوەتی داڕوخابوو،بەڵکو زۆربەی شارەکان خاپورکرابوون ، کارنەبوو ، خەڵک برسی بوو، زۆربەی تواناکانی کارو بیریش لەناوبرابوون. رێگاوبان، پردەکان، کەنالەکانی ئاو وئاودیڕی هەموو تێکچووبوو. نە نەوت و نە غازو نە سەرچاوەی تری داهاتیشیان هەبوو، بەڵام بە ١٠- ١٢ساڵ هەموویان بیناکردەوە.

چین وڤێتنامیش لە پاش جەنگ بە تەواوەتی وویرانبوون، خەڵک لە برسان دەمردن، ئێستا تەماشایان بکە. یابان بە تەواوەتی پاش جەنگ ویران بوو و دووشاری گەورەشی بە ئەتۆم خاپورکرا. ئەندونیسیا ، مالیزیا ، کۆریاو تایوان لە وڵاتانی هەرە دواکەوتوەکان بوون ، ئێستا لە ریزی وڵاتانی پێشکەوتوون ( بە هاندانی بەرهەمهینان و راکێشانی سەرمایەی جیهانی بۆ کارکردن لەوێ) و داهاتی نەوتیشیان نیە.

قەتەرو دۆحەی پایتەخت و دوبەی و زۆر لە شارەکانی شازادەنشینەکانی ئیمارات تا ١٩٧٢ زیاتر لە گوندەکانی عیراق دەچوون  ، نەوەک شار. چۆن گەێشتنە ئەوەی سەرنجی هەموو جیهان راکێشن؟ ئایا شازادەکان ملیاردێرنین و خۆیان دەوڵەمەند نەکردوە ودەستیان بە سەر بەشێکی داهاتی وڵاتدا نەگرتوە ؟ یان بەشی ئەوە دەهێڵنەوە کە وڵاتیش ئاوەدان بێت و زۆری خەڵکەکەش لە خۆشگوزەرانیدا بژیت و جێگیری سیاسی و ئیداری بێتەکایەوە ؟ راستە خەڵکە بیانە کارکەرەکان وەک خەڵكی ئەسلی ئەوێ ناژین. کێشە نیە بە ناوی کارەباو رێگاوبان و ئاو ئاوەرۆ، هەرچەندە دەبێت ئاو لە دەریاو کەرەسەی بیناسازی لە شوێنی دورەوە بهێنن. تەنانەت لە کاتی رژیمی بەعسیش تا شەڕەکانی دوایی ئەو کێشانە نەبوو.

بۆچ لە عیراق وکوردستان تەنانەت پاش ٢٠ ساڵ لە روخانی بەعس کێشەی کارەباوو ئەوانەی تر خرابترە ؟بە هەموو سەرچاوەکانی ئاو بارانیشەوە کەم ئاویە ؟ کێشەی نیشتەجێبوون و مووچە هەیە ؟

هەر لە نەوەتەکانەوە و بە زیادبوونی ئیمکانیات ، بە تایبەت پاش روخانی بەعس و نەمانی بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک و گەڕانەوەی بۆ لای دەسەڵات و ئیدارەکان ، نەوەک هەر ئەقلیەتی زانستی و ئیداری و پلاندانان نەبوو ، نەوەک هەر وا نەکرا بەشێکی بۆ خەڵک بەکار بێت، بەڵکو بە هەڕەمکی بەر تاڵان و فەرهود کەوتوە . ئەوەشی دەکرێت گەندەڵی و نەزانینی پێوە دیارە ، بۆیە هەموو بوار وسەکتەرەکان بەرەو ویرانبوون رۆیشتوون. ئەگینا دەتوانرا (بە جەردەیی و دزیشەوە ، بەشی ئاوەدانکردنەوەی عیراق بە کوردستانیەشەوە بکات). بە چەند ساڵ کێشەی کارەبا و هەموو سەکتەرەکانی تریش چارەسەر بکرێت. ئەوانەی دادەنرێن لە مەوقیعەکان، زۆریان کەم توانا ونەشارەزا، گەندەڵ وترسنۆکیشن .

بیرمە کۆبونەوەیەکی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی سلێمانی  لە ٢٠٠٢ کرا . سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پرسی کێ پێشنیاری هەیە . بەندە ووتم گەورەترین کێشەی ئێستا کارەبا، رێگاوبان و نیشتەجێبوونە . با سەرەتا کێشەی کارەبا بنەبڕ بکرێت. ئەو ووتی خۆت پسپۆرو شارەزای و دەزانی ئەمانە بە رۆژیک و بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت. منیش ووتم ئەوە دەڵێم ، بۆ ئەوەی دوای چەندین ساڵ هەمان قسە نەکەینەوە. گەر دەتانەوێت من دەڕۆم چەند کۆمپانیای جیهانی دەهێنم ئەنجامی بدەن ( کە خەرجی تەنها دەیان ملیۆن دۆلارە یان پاش چەند ساڵ تەسلیم بە حکومەتی بکەن ) ،  بۆ هاوڵاتیانیش ئاسان و هەرزان بێت. بە ئاسانیش دەتوانرێت سەدان کارگە بۆ ژێرخانی ئابوری دروست کرێت ، کە فشاری دامەزراندن لە سەر دەوڵەت نەمێنێت. کارەبا ، جێبەجێکردنی رێگاوبان ، تەنانەت کۆکردنەوەی خاشاک کاری حکومەتە و نادرێتە کەرتی تایبەت لە زۆر وڵات، ئەگینا دەیان هەزار کارمەندی شارەوانیەکان، وزارەتی کارەبا، رێگاوان بۆ چین؟با ئەوەندەش بەرن کە بەشی خەڵکیشی تێدا بمێنێت. نیوەی ئەوی دەدرێت بە دەنگ کڕین و حیمایە ، بۆ بەرژەوەندی گشتی خەرج بکرێت، پێویست  بەوانە ناکات و هەمووبوارێکیش جێگیر دەبێت. لە ترسی خاوە، گەندەڵی ، ناجێگیری ، هیچ وەبەرهێنەرێکی جیهانی ئامادە نیە بێتە لای ئێمە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار