جێندەر چییە...؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئارام رەفعەت

هەرکاتێک تورکەکان تاوانێک دژی کورد ئەنجام دەدەن، پیاوەکانییان لەباشور بە پرسێکی لاوەکی رەشەخەڵک دەوروژێنن. یەکێک لەباشترین کارتەکانی گەوجاندنیش جێندەرە، کە نەک هەر رەشەخەڵک، بەڵکو رۆشنبیرەکانیش مەعریفەی سنوردارییان لەمەڕ ئەم پرسە هەیە....

بەڵام جێندەر چییە...؟

فەرموون بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە...

لە پەیوەست بە نێر و مێ یان ژن و پیاو لە زمانی ئینگلیزیدا دوو چەمک هەن، سێکس و جێندەر. ئەم دوو چەمکە لەکوردیدا هاوتا و رەدیفێکی گونجاوییان نییە و زۆرجار چەمکی رەگەز بۆ هەردووکیان بەکار دێت. بەڵام سێکس و جێندەر لە وەزیفە مانا مەغزادا جیاواز و سەربەخۆن. سێکس ئاماژەیە بۆ رەهەندی بایۆلۆژی رەگەزی مرۆڤ و جێندەریش بۆ رەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی رەگەز. لەکاتێکدا نۆرم و عادات و کەلتوور رەگەزی کۆمەڵایەتی مرۆڤ (جێندەر) دیاری دەکەن، جۆری کرۆمۆسۆمەکانی هەر تاکێک رەگەزە بایۆلۆژییەکەی دیاری دەکات. مێینەی مرۆڤ هەڵگری دوو کرۆمۆسۆمی X و نێرینەی مرۆڤیش هەڵگری کرۆمۆسۆمێکی X و کڕۆمۆسۆمێکی y . ئەم هاوکێشەیە رونکردنەوەیەکی سادەی سێکسە:

X + X = ♀

X + Y = ♂.

لەپاڵ کرۆمۆسۆمەکاندا کۆمەڵێک فاکتەری بایۆلۆژی تریش هەن کە بەشدارن لە جۆری نێرینەیی و مێینەیی تاکدا. کەم پیاو هەیە هەندێک تایبەتمەندی یان سیفەتی ژنانەی تێدا بێت و بۆ هەمان شت بۆ ژنیش راستە. زانستی سەردەم سێکسی بایۆلۆژی سێێەمیش دەستنیشان کردووە کە ترانس-جێندەری (نێرەمووکی)ە. بەڵام بەگشتی سێکس وەک سیفەتە بایۆلۆژییەکە نەگۆڕە و مەیل و ئاراستەی سێکسی مرۆڤیش راستەوخۆ پەیوەستە بە رەگەزی بایۆلۆژی سێکس نەک رەگەزە کۆمەڵایەتییەکەی. بەواتایەکی تر ئاراستەی سێکسی تاکێکی ترانسجێندەر؛ ئاراستە و مەیلی سێکسی ژن بۆ پیاو و پیاو بۆ ژن؛ مەیلی سێکسی تاک و تەرای خەڵک بۆ هاورەگەزەکەی خۆی (هاورەگەزخوازی) وە مەیلی سێکسی هەندێک پیاو بۆ فرەژنی هەموویان سەرەرای ئەوەی کایەی جیاوازن بەڵام هەموویان دەکەونە بازنەی سێکسچواڵەتی (رەگەزی بایەلۆژی) نەک جێندەری (رەگەز و ناسنامەی کۆمەڵایەتی).

بۆچی جێندەر رەگەزی کۆمەڵایەتیە؟

جێندەر پەیوەستە یان هاوتایە بەو رۆڵ و پێگەیەی کە کۆمەڵگا لەسەر بنەمای سێکس (رەگەزی بایەلۆژی) بەهەر یەک لە ژن و پیاوی دەدات. واتە، جێندەر ئەو رۆڵ و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتیانەن کە لەسەر بنەمای ئەو نۆرم و رەفتار و رۆڵ و چاوەروانییانە بونیادنراون کە کۆمەڵگا بۆ هەریەک لە ژن و پیاو دیاری کردووە. نموونە هەرە باوە و تەقلیدی و سادەکەی ئەم حاڵەتە جێندەرییە لە دابەشکردنی ئەرکی ژن و مێرد لەناو خێزانە تەقلیدییەکاندا بەرجەستە دەبێت. لەم دابەشکارییە جێندەرییەدا کاروباری دەرەوەی ماڵ و بەرپسیارێتی دابینکردنی بژێوی ژیان بە پیاو دەسپێرێت و کاروباری ناوماڵیش، لە چێشت لێنان و بەخێوکردنی منداڵ، دراوەتە ژن. بەم جۆرە کاری ژنانە و پیاوانە، رەفتاری ژنانە و پیاوانە، رۆڵ وبەرپرسیارێتی ژنانە و پیاوانە لەسەر بنەمای چاوەڕوانی کۆمەڵگا بۆ هەردوو رەگەز دیاری دەکرێن و سەرەنجام کۆمەڵگا ناسنامەی جێندەری ئەم دوو رەگەزە بایۆلۆژییە دیاریدەکات.

هەڵبەت، کۆمەڵگا سروشتێکی داینەمیکی و لەگۆڕان و پەرەسەندنی بەردەوامدایە، بەهەمان شێوەش ئەو رۆڵ و پێگە و رەفتار و چاوەروانییانەی کە بۆ هەر کام لە ژن و پیاوی هەیە بەردەوام لەگۆڕاندان و سەرەنجام رۆڵ و پێگەی رەگەزی کۆمەڵایەتی یان جێندەریش لەگۆڕان و پەرەسەندنێکی بەردەوام دایە. لێرەدا چەند نموونەیەک، لەسەر گۆڕان و پەرەسەندنی رۆڵ و ئەرک و مافی جێندەر رەنگە بەرچاوروونی زیاتر بداتە خوێنەر.

نموونەی یەکەم: پایسکل-سواری

مێژووی ئەزموونی پایسکل-سواری ژن و پیاو لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا نموونەیەکی باشە بۆ تێگەییشتن. ساڵی ١٨٩٥ پایسکلسواری کارێکی تەواو پیاوانە بوو و بوار بە ژنان نەدەدرا پایسکلسواری بکەن نە کۆمەڵگا چاوەڕوانی ئەم هەنگاوەی لێدەکردن و نە ژنانیش خۆیان ئەم چاوەڕوانییەیان هەبوو. لەو ساڵەدا، گۆڤاری "ئەمریکای زانستی"دا توێژینەوەیەکی جەست چامپۆنیەر، کە پزیشکێکی بەناوبانگی ئەو سەردەم بوو، بڵاودەکاتەوە. لە توێژینەەکەیدا، چامپۆنیەر لەتوێژینەوەکەیدا ئەو ئەنجامە دەخاتە روو کە ژنان لەرووی جەستەییەوە گونجان و نین بۆ پایسکل-سواری و ئەم توانا و ئامادەییەیان تێدا نییە.

دوای ١٢٥ ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ئەو توێژینەەیەدا ئەم رۆڵ و دابەشکارییە جێندەرییە لە بواری پایسکل-سواری لە ئەمریکادا گۆڕانێکی ریشەیی بەسەردا دێت. بەگوێرەی سەرژمێری گشتی ساڵی ٢٠١٩، ژنان رێژەی ٢٨٪ی ئەوانە پێکدێنن کە بە پایسکل دەڕۆن و ٤٤٪ی ئەوانەش کە بۆ کات بەسەربردن و لە٦٠٪ ئەوانەش کە بۆ چوونە سەرکار. بەمجۆرە لەماوەی سەدەیەکدا، ژن لە غیابی تەواوەوە دەبێتە روخسارێکی بەرچاوی پایسکلسواری لە ئەمریکا. هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەوانەش کۆمەڵگای کوردەواری و عەرەبستانی سەعودی، دواجار ئەو بەربەست و رێگرییە کۆمەڵایەتییانەی بەردەم ژنان بۆ ئاژۆتنی ئۆتۆمبێل تێکشکاون، بەلام هێشتا رێگری و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەم پایسکلسواری هەر ماون. تەنانەت لە ئێراندا دوای دەرکردنی فەتوایەک لە نۆڤەمبەری ٢٠١٧ لەلایەن ئایەتوڵا خامنەئی دژی پایسکلسواری ژنان، رەهەندێکی دینی و شەرعی و یاسایی ئیزافەی بەربەستە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت. بەمجۆرە، وەک لە ئەزموونی پایسکلسواریدا دەردەکەوێت، دابەشکردنی جێندەری بەگوێرەی کات و شوێن لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێت.

نموونەی دووەم: حەرەم و حەرەمسەرای

حەرەم نموونەیەکی نزیکتر و زیندووترە بۆ تێگەییشتن لە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای جێندەر. لە ١٨٩٥ کاتێک ئەمریکییەکان سەقاڵی ڕێپێدان و پێێنەدانی پایسکلسواری ژنان بوون، لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم زیاتر لە ٥٠٠ ژن لە حەرەمسەراکەیدا هەبوون. ئەو ژنانە پێکهاتبوون لە زۆرینەیەکی کەنیزەک و جارییە کە تایبەت بوون بە سەرگەرمی و شەوە سورەکانی سوڵتان و کەمینەیەک لە ژنە فەرمییەکانی سوڵتان و کەس و کارە نزیکەکانی. جگە لە خودی سوڵتان عەبدولحەمید هیچ نێرینەیەکی تر، واتە هیچ پیاوێکی تر بۆی نەبوو بچێتە ناو حەرەمسەراکەیەوە ئەم ژنانە بەتەواوی لە دوونیای نێرینە دابڕێنرابوون. لە حەرەمسەراکەی سوڵتاندا جۆرێ سێیەمی رەگەز هەبوو، کە ئەو پیاوە کۆیلانە بوون کە لەمنداڵییەوە لە ئەفریقا و بەلقان رفێنرابوون و هەر لە منداڵیشەوە خەسێنرابوون. موسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا بەدرێژی لەسەر ئەو پیاوە خەسێنراوانە دەدوێت و هەم خۆی و هەم هاوڕێکانی لەو پیاوە خەسێنراوانەیان بینیبوو. کاری ئەم پیاوە خەسێنراوانە پارێزگاری لە حەرەمسەرای سوڵتان بوو. ئەگەر سوڵتانەکانی ئەو سەردەم کەسی یەکەمی تورکیا بوبن، ئەوا سەرۆک و سەرۆکوەزیرەکانی ئێستای تورکیا کەسی یەکەمی ئەم سەردەمەن. پێچەوانەی حەریمەکانی سوڵتان، سەرۆک و سەرۆکوەزیرەکانی تورکیا نەک هەر ژنەکانییان لە حەرەمسەرا دیل و بەند ناکەن، بەڵکو بۆ زۆرینەی دەرکەوتنە گشتییەکانییان و سەردانە فەرمییەکانییان دەبێت هاوشانی ژنەکانییان دەربکەون هەم کۆیلە و هەم خەساندنیش بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ قەدەغە کراون.

نموونەی دووەم: حەرەم و حەرەمسەرای

حەرەم نموونەیەکی نزیکتر و زیندووترە بۆ تێگەییشتن لە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای جێندەر. لە ١٨٩٥ کاتێک ئەمریکییەکان سەقاڵی ڕێپێدان و پێێنەدانی پایسکلسواری ژنان بوون، لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم زیاتر لە ٥٠٠ ژن لە حەرەمسەراکەیدا هەبوون. ئەو ژنانە پێکهاتبوون لە زۆرینەیەکی کەنیزەک و جارییە کە تایبەت بوون بە سەرگەرمی و شەوە سورەکانی سوڵتان و کەمینەیەک لە ژنە فەرمییەکانی سوڵتان و کەس و کارە نزیکەکانی. جگە لە خودی سوڵتان عەبدولحەمید هیچ نێرینەیەکی تر، واتە هیچ پیاوێکی تر بۆی نەبوو بچێتە ناو حەرەمسەراکەیەوە ئەم ژنانە بەتەواوی لە دوونیای نێرینە دابڕێنرابوون. لە حەرەمسەراکەی سوڵتاندا جۆرێ سێیەمی رەگەز هەبوو، کە ئەو پیاوە کۆیلانە بوون کە لەمنداڵییەوە لە ئەفریقا و بەلقان رفێنرابوون و هەر لە منداڵیشەوە خەسێنرابوون. موسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا بەدرێژی لەسەر ئەو پیاوە خەسێنراوانە دەدوێت و هەم خۆی و هەم هاوڕێکانی لەو پیاوە خەسێنراوانەیان بینیبوو. کاری ئەم پیاوە خەسێنراوانە پارێزگاری لە حەرەمسەرای سوڵتان بوو. ئەگەر سوڵتانەکانی ئەو سەردەم کەسی یەکەمی تورکیا بوبن، ئەوا سەرۆک و سەرۆکوەزیرەکانی ئێستای تورکیا کەسی یەکەمی ئەم سەردەمەن. پێچەوانەی حەریمەکانی سوڵتان، سەرۆک و سەرۆکوەزیرەکانی تورکیا نەک هەر ژنەکانییان لە حەرەمسەرا دیل و بەند ناکەن، بەڵکو بۆ زۆرینەی دەرکەوتنە گشتییەکانییان و سەردانە فەرمییەکانییان دەبێت هاوشانی ژنەکانییان دەربکەون هەم کۆیلە و هەم خەساندنیش بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ قەدەغە کراون.

ئەوێ رۆژێ، نەک هەر سوڵتان، بەڵکو زۆرینەی ماڵباتە تورکەکانیش لە ماڵەکانییاندا حەرەم هەبوو کە مێینەکانی ئەو ماڵەی لەسەرجەم نێرینە نامەحرەمەکان جیادەکردەوە. لە ئێستادا و دوای ١٢٥ ساڵ نەک هەر دیوار و بەربەستی حەرەم لەناو ماڵی تورکەکاندا نەماوە، بەڵکو لەسەرتاپای کۆمەڵگای تورکیشدا، هەر لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکانەوە، تا فەرمانگە و یاریگا و بازارەکان ئەم بەربەستانە یان نەماون یان تەواو کاڵ بوونەتەوە.

نموونەکانی کوردستان

سەدەی بیست و یەک سەدەی گۆڕانکارییە ریشەییەکان بوو لە کۆمەڵگای کوردەواری. وەک هەر پرۆسەیەکی گەشەسەندن و پەرەسەندن لەجیهاندا، پرۆسەی سەرلەنوێ ئاراییشدانەوەی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و ئەو ئەرک و رۆڵ و بەرپرسیارێتییەی بۆ هەرکام لەو دوو جێندەرە دیاریکردووە بەردەوام لەهەڵبەز و دابەزدا بووە، بەڵام روو لە پێشەوە بووە. رێژەی خوێندکارانی کچ لەزانکۆکانی کوردستاندا، رێژەی ژنان لە هێزی کار و سەرەنجام لە فەزای گشتیدا، رۆڵ و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و تەنانەت سەربازی ژنیش بەهیچ شێوەیەک بەراوردناکرێت لەگەڵ ئەوەی نیو سەدە لەمەوبەر. ئەم ئاراستەیە لەچوونەسەری چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا بۆ ژن بەردەوام دەبێت، سەرەرای بەربەست و رێگرییەکانی.

خەباتی جێندەری

دابەشبوونی جێندەرییانەی ژن و پیاو هۆکاری سەرەکی نایەکسانی و نادادپەروەریی و کەلێنی گەورەی نێوان ژن و پیاوە لەبوارەکانی ئەرک و ماف و بەرپرسیارێتیدا. خەباتی جێندەری رێک بەمانای خەبات بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییەی نێوان ژن و پیاوە. ئەم خەباتە پەیوەست نییە بە یەک گۆشەی ژیان، بە یەک بواری کۆمەڵایەتی، یان یەک رەهەندی ئابوری، بەڵکو هەموو کایەکانی ژیان دەگرێتەوە هەر لە مافی لێخوڕینی سەیارە و پۆشینی جل و بەرگەوە تا دەگاتە بوارەکانی خوێندن، کار، سیاسەت، پیشە، تەندرووستی، وەرزش، سەربازی، میرات، هاوسەرگیری و سەرجەم بوار و کایەکانی تر. ئەم هەوڵەی ئێستای هەندێک لە هێزە ئایدیۆلۆژیستەکان بۆ کورتکرندەوە و هاوتاکردنی یان بەستنەوەی جەندەر بەهاورەگەزخوازییەوە جگە لە جەهل و نامۆیی بە زانستی جێندەری و رۆحی ئەم سەدەیە هیچی تر نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار