ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران چوار مانگە بەردەوامە

وەڵامی دەسەڵاتی ئێران بۆ ناڕەزایەتییەکان 520 کوژراوی لێکەوتوەتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



چوار مانگە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە و ژمارەی کوژراونیش گەیشتوەتە 520 کەس و ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراوان و سەرتاسەریی راگیراون بەڵام سەرەڕای سەرکوت و توندوتیژیی، دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە شێوازی جیاواز بەردەوامن و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا سەرەخۆشی لە خانەوادەی لەسێدراەدراوێکی کورد دەکات و پارێزەری لەسێدارەدراوێکیش دەستگیر کرا.

لە دێولان و سنە و مەهاباد و پاوە چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەک گەنج و لاوی دیکە دەستگیرکران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ناسنامەی ژمایەکیانی ئاشکرا کردوە کە زۆربەیان وەرزشکار و شاخەوان و چالاکی مەدەنی بون.

سزای سێدراەی سامان سەیدی (یاسین)، هونەرمەند و راپەڕی خەڵکی کرمانشان راگیرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاند؛ دۆسیەکەی رەوانەی دادگای باڵای ئێران کراوە بۆ تێهەڵچونەوە و بە پێی هەمو ئاماژەکانیش سزای سێدراە ئەو گەنجە کوردە ناگرێتەوە کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج دەستگیر کراوە.

بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پارێزەری محەمەد حسێنی گەنجێکی لەسێدارەدراوی ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کرا.

عەلی شەریف زادە، پارێزەری محەمەد حسێنی رایگەیاندوە ئەو پێش لەسێدارەدانی بە بەردەوامی ئەشکەنجە دراوە و ناچارکراوە بە دانپێدانانی زۆرەملێ و بڵاوبونەوەی ئەو لێدوانەی شەریف زادە بوەتە هۆی ئەوەی بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی لە لایەن دادگای کەرەج بڕیاری دەستبەسەرکردنی بدرێت.

بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریی دەدات ئەگەر دۆخی وڵاتەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژئاوا باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیان دەردەکەن.

محەمەد سەدر، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژنامەی (ئێعتماد)ی چاپی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ ئەگەر سیاسەتە هەڵەکان لە ناوخۆی ئێران بەردەوامبێت بە ئەگەری زۆر ژمارەیەک لە وڵاتان بالیۆزەکانیان لە تاران بکشیێننەوە و باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامیش لە وڵاتەکانیان دەربکەن.

 

ڤیدیۆ؛ گەنجێکی کورد بۆ پەرلەمانتارێکی ئێران: 100%ی گەنجان، کۆماری ئیسلامییان ناوێت

 

گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پەرلەمانتارێکی ئێران دەڵێت "ئەگەر ئەتەوێت دەنگی خەڵک بگەیەنیتە دەسەڵات ئەوا پێیان بڵێ 100%ی گەنجان کۆماری ئیسلامیمان ناوێت"

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا سەرخۆشی لە بنەماڵەی لەسێدارەدراوێکی کورد دەکات

بۆب مێنێندێز، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران لە پەیامیکی لە تویتەر رایگەیاند؛ سەرخۆشی قوڵی خۆم بە خانەوادەی مەهدی کەرەمی رادەگەیەنم کە رێگەیان نەدا پێش ئەوەی رۆڵەکەیان (مەهدی) لەسێدارە بدرێت بۆ دواجار ماڵئاوایی لێبکەن.

مێنێندێز لە ئەژماری فەرمی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوەمەنی پیران نوسیویەتی: لە قوڵاییەوە سەرخۆشیان لێدەکەم بۆ لەدەستدانێکی چاوەڕوان نەکراوی رۆڵەکەیان.

محەمەدمەهدی کەرەمی تەمەن 21 ساڵ و وەرزشکاری خەڵکی شاری بیجار لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای بەشداریی لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی دەستگیر کرا و لە بەرەبەیانی (7/1/2023) هاوڕێ لەگەڵ محمەد حسێنی لەسێدراەدران.

رۆبەرت مەڵی، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروبای ئێران لە پەیامێکدا لە تویتەر: رایگەیاند دەبێت کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە سزای سێدراە بهێنێت.

مەڵی نوسیویەتی: بە بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری هاوڵاتیی بەریتانی-ئێرانی توشی شۆک بوم، دەستگیرکردنی نادادپەروەرانە، دانپێدانانی زۆرەملێ، دادگاییکردنی قورس و داتاشراو و لەسێدراەدانی سیاسیی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت.

ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ هۆشداریی دەدەن لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدراەی مەجید کازمی کە لە شاری ئەسفەهان ئێران دەستگیر کراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراوە.

سزای 26 ساڵ زیندانیی بەسەر ئەمیر نەسرئازادانی، یاریزانێکی تۆپیی پێی ئێراندا سەپێنرا کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری ئەسفان دەستگیرکرابو.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار