نوێترین زانیاری لەسەر یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ساڵانە لە لە مانگی 10 تاوەکو مانگی شەشی ساڵی دواتر وەرزی گلدانەوەی ئاوە و لە هەرێمی کوردستانیش دەستی پێکردووە و نزیکەی سێ ملیار و 28 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە دوو گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان گلدراوەتەوە.

نامیق مستەفا، جێگری بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆژیی بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، "بەراورد بە ساڵانی پێشوو داهاتی ئاومان زۆر کەمیکردووە، لەبەر ئەوەی سێ بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوەکە دروستکراون." هەربۆیە لە ئێستادا بەنداوی دەربەندیخان 31%ی توانای خۆی ئاوی تێدایە .

هاوکات بەپێی ئامارێکی بەنداوی دەربەندیخان،لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی گلدانەوەی ئاوی ساڵی 2021دا، لە هەر چرکەیەکدا 17 مەتر سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوەکەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا بۆ 15 مەتر سێجا کەم بووەتەوە.

ئەمەشلەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا لە هەر چرکەیەکدا 87 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022 کەمکراوەتەوە بۆ 81 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.

سەبارەت بە بەنداوی دوکانیش،سەلام نەجم، بەڕێوەبەری بەشی هایدرۆلۆژیی بەنداوی دووکان دەڵێت، "ئێستا بەردەوامین لە دابەزینی ئاستی ئاوەکە، لەبەر ئەوەی داهاتی ئاو کەمترە لە ئاوی رۆیشتوو."

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەپێی ئامارێکی بەنداوی دووکان، لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی گلدانەوەی ئاوی ساڵی 2021، لە هەر چرکەیەکدا 23 مەتر سێجا ئاو رژاوەتە نێو بەنداوەکە، بەڵام لەو ماوەیەی ساڵی 2022دا بەرزبووەتەوە بۆ 31 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.

لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا لە هەر چرکەیەکدا 70 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا کەمکراوەتەوە بۆ 58 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.

هەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایانکردووە،بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان  30 سانتیمەتر دابەزێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار