ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 123 رۆژە بەردەوامە

هەڵوێستەکانی ئەوروپا دژی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران توندتر دەبێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و دوای 123 رۆژ دەستگیرکردنی گەنجان بە بیانوی خۆپیشاندان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بەهۆی سزای سێدارەشەوە وڵاتانی ئەوروپا باڵیۆزەکانی ئێران بانگهێشت دەکەن و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ سەپاندنی سزا دژی دەسەڵاتی تاران و سوپای پاسدران.

راپرسیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان

زانکۆی باکوری تەکساس لە ئەمریکا لە رێگەی وێبسایتی فەرمی زانکۆکەوە راپرسییەکی بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە لەسەر تێڕوانیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و پرسی کورد و زمانەکەی لەو بەشەی کوردستان.

زانکۆکە چەند پرسیارێکی سەبارەت بە چۆنیەتی دەسەڵاتی داهاتوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی کردوە و ئاماژە بە ئازادی ئایین و مەزهەب و پرسی ژنان لە داهاتوی رۆژهەڵاتدا کردوە.

 

 

دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانیا لە ئێران

ئێران دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی ئەڵمانیای راگەیاند و بەوەش لە ماوەی چوار مانگی رابردودا و لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە سێ هاوڵاتیی ئەڵمانی- ئێرانی دەستگیرکراون.

میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاویان کردوەتەوە ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانیا لە کاتی وێنەگرتن لە دامەزراوە و پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوچەی ئۆمیدیە لە پارێزگای خوزستان دەستگیر کراوە.

لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی بەرلین و تاران سەربارەت بە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران قوڵبونەتەوە و رۆژی رابردوش بۆ دوەمجار ئەڵمانیا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کردوە هۆشداریی دا لە دوبارەکردنەوە و جێبەجێکردنی سزای سێدارە.

دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان لە رۆژهەڵات بەردەوامە

ئەمڕۆش لە گوندی تەنگیسەر سەر بەشاری سنە و لە شاری قوروە و مەهاباد و جوانڕۆ و شنۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان (kurdistanhumanrights.org) بڵاوی کردوەتەوە تەنها لە شاری مەهاباد شەش گەنج و لاو دەستگیرکراون.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ لە 15 رۆژی ئەم مانگەدا 96 گەنج و لاو لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون.

13 کەس لەو دەستگیرکراوانە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و چارەنوسی زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانە و 50 دەستگیرکراوی شاری جوانڕۆ نادیارە.

دوو خانمە ئەکتەری ناودا باگهێشتی دادگا دەکرێن

داواکاری گشتیی ئێران بانگهێشتی مەهاتب کەرامەتی و ئازادە سەمەدی دوو خانمە ئەکتەری ناوداری ئێران دەکات و تۆمەتی ئەوە خراوەتە پاڵیان کە دەستیان لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان هەبوە.

ئەنجومەنی ماڵی سینەما لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە زیاتر لە 170 ئەکتەر و سینەماکاری وڵاتەکە تۆمەتبار کراون بە بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و هاندانی خەڵک کە نزیکەی 30 کەسیان تا ئێستاش لە زیندانەکاندان و چاوەڕێی سزا دەکەن.

 

 

زیاترین دروشم دژی خامنەیی وتراوەتەوە

رۆژنامەی (کەیهان) کە زمانحاڵی باڵی توندڕەوی محافزکارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بڵاوی کردوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بوە و لە زۆربەی دروشمەکاندا داژایەتیی لوتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکە کراوە.

کەیهان جەختی لەوە کردوەتەوە لە چوار مانگ ناڕەزایەتیدا دروشمەکانی دژی عەلی خامنەیی سەرەکیترین دروشمی خۆپیشاندانەکان بون دروشم دژی هیچ بەرپرس و کەسایەتییەکی دیکە نەوتراوەتەوە.

ئێران بە کامێرای هاتوچۆ چاودێریی سەرپۆشی ژنان دەکات

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران لە رێگەی کامێراوە چاودێریی شێوازی جلوبەرگی ژنان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە.

رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردوەتەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی (پۆلیسی ئەخلاق) لە شەقامەکان بە کامێرا چاودێریی سەرپۆش و باڵاپۆشیی کچان و ژنان دەکات و لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە؛ داواکاری گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە پۆلیسی وڵاتەکەی کردوە ئەو ژن و کچانە دەستگیر نەکەن کە سرپۆشیان نییە و لە چوارچێوەی یاساکاندا رەچاوی باڵاپۆشیان نەکردوە لە بەرامبەردا لە رێگەی کامێراکانەوە ناسنامەی کەسانی سەرپێچیکار ئاشکرا بکرێت و سزا بدرێن.

ئەوروپا ئامادەکاریی دەکات بۆ سەپاندی سزا نوێ دژی سوپای پاسدران و ئێران

 

ئورزولا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆڕبەندی داڤۆس لە وڵاتی سویسرا رایگەیاند؛ پشتیوانیی دەکات لەوەی کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلای ئێران بخرێتە لیستی تیرۆر لە یەکێتی ئەوروپا.

ئەو لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند؛ کاردانەوەی ئێران بۆ خۆپیشاندەران و خەڵکی وڵاتەکە دڕندانە و مەترسیدار بوە و مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردوە، بۆیە ئەوروپا هەوڵی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەدات.

 

باڵیۆزی ئێران لە هۆڵەندا بانگهێشت کرا

لە چوارچێوەی کاردانەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی جێبەجێکردنی سزای سێدراە عەلیڕەزا ئەکبەری بەرپرسی پێشوتری کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوڵاتیی بەریتانیا، رۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بڵاوی کردەوە کە باڵیۆزی ئێران لە وڵاتەکەی بانگهێشت کردوە و هۆشداریی دراوە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو هاوڵاتییە و دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان.

برای عەلیڕەزا ئەکبەر رایگەیاندوە؛ تا ئێستا ئاگادار چۆنیەتی تۆمەتبارکردنی براکەیان و شێوزا و کاتی لەسێدارەدانی براکەی نەبون و تەنانەت نازانرێت تەرمەکەشی لە چ شوێنێک نێژراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار