پەرلەمانی کوردستان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هاتە دەنگ
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەرلەمانی کوردستان داوادەکات ھەموو ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دژی خەڵکی کوردستان دەرکراون ھەڵبوەشێندرێنەوە و جارێکی دیکە دەرگا بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن بکرێتەوە.
پەرلەمانی کوردستان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رایگەیاند، جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئومێدی رێککەوتن و ھەماھەنگی زیاتری نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی زۆر کەمکردەوە و بووە سەرەتای گرژکردنەوەی ناکۆکییەکان.
راشیگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیان و قووتی فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
دەشڵێت، کاریگەریی خراپیش دەکاتە سەر ئەو نزیکبوونەوە و لیکتێگەیشتنانەی لەنێوان ھەولێر و بەغداد ھاتبوونە ئاراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە دەبێتە ھۆکارێک بۆ فرانبوونی درزی نێوان رێککەوتن و پێکھاتنی سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق و لەبری نزیککردنەوەی ھاووڵاتیان و ھێزە سیاسییەکان، زیاتر لە یەکیان دووردەخاتەوە و کێشە و ناکۆکی و ئاستەنگەکانی عێراقیش زیاد دەکات.
