وەزارەتى دارایی: پارێزەرێك ئەشکەنجەی فه‌رمانبه‌رانی دامەزراوەى باجى داوه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتى دارایى و ئابورى رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دامەزراوەى باج و خانوبەرەى میرى سەردانی سەنتەرى جوانکارى (د.ناز)یان كردوه‌ لەلایەن "پارێزەرێكه‌وه‌  ڕێگریان لێکراوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبوە".

وەزارەتى دارایى و ئابورى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکى ناڕەوا کراوەتە سەر دامەزراوەى باج بە تایبەت بەڕێوەبەرى گشتى باجەکان و خانوبەرەى میرى لە زۆر پەیج و ڕاگەیاندنەکان، بەپێویستى دەزانین ڕوى ڕاستى ئەو ڕوداوە بۆ خەڵکى بەشەرەفى کوردستان بخەینەڕو".

دەقی ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی دارای:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕاى گشتى

چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکى ناڕەوا کراوەتە سەر دامەزراوەى باج بە تایبەت بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتى باجەکان و خانووبەرەى میرى لە زۆر پەیج و ڕاگەیاندنەکان، بۆیە لێرەدا بەپێویستى دەزانین ڕووى ڕاستى ئەو ڕووداوە بۆ خەڵکى بەشەرەفى کوردستان بخەینەڕوو.

دامەزراوەى باج بە پێی بنەما یاساییەکان مافى ئەوەى هەیە لەهەر کاتێک و شوێنێک بەدواى سەرچاوەى داهاتى ڕاستەقینەى باجدەردا بگەرێت بۆیە لێژنەکانى بە شەو و ڕۆژ ماندوونەناسانە کار بۆ هاتنەدى ئەو ئامانجە دەکەن ، ڕاستى ڕووداوەکە لە ڕێکەوتى 2022/12/7 ئەو فەرمانبەرانە کە یەکێکیان ئافرەتە لە کاتى سەردانى کردنى سەنتەرى جوانکارى (د.ناز) لە لایەن پارێزەر (شیراز شهاب) ڕێگریان لێکراوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردوون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبووە ، بۆیە سەرلەبەرى ئەو تۆمەت و بوختانانە ڕەت دەکەینەوە کە لەلایەن ئەو کەسەوە بۆ وەزارتمان هەڵبەستراوە، وە ئەگەر ئەو کەسەى خۆى ناساندووە پارێزەر بێت پێویست بوو چاوەرێی دەرئەنجامى بڕیارى دادگا بکات نەوەک پەنا بباتەبەر سۆشیال میدیا و لەو ڕێگەیەوە بە ئامانج دامەزراوەکانى دەوڵەت و کاراکتەرە ئەکتیڤەکانى ئەو دامەزراوانە بکاتە ئامانج و تۆمەت و تەشهیر و ناوزڕاندنیان بۆ بهۆنێتەوە کە ئەمە دوورە لە پیشە و نەریتى پارێزەرایەتى، بۆیە ئێمە لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ گەڕاندنەوەی مافى ئەو فەرمانبەرانە و دەرخستنى ڕاستیەکان بۆ ڕاى گشتى.

‌ ‌

‌ ‌ وەزارەتى دارایى و ئابوورى

‌ بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار