ناڕەزایەتیی و کاردانەوە دژی دەسەڵاتی ئێران 132 رۆژە بەردەوامە
ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی بۆ پشتیوانیی لە راپەڕین لە ئێران پەسند کرد
3 ساڵ لەمەوپێش
132 رۆژە ناڕەزایەتیی و کاردانەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی دا لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ژنێکی دووگیانی کورد و لە شاری شنۆ مێرمنداڵێکی 14 ساڵان دەستگیر کرا و کۆنگرێسی ئەمریکا بە کۆی دەنگ پشتیوانیی لە راپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئێران کرد.
دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو و لەشاری شنۆ مێرمنداڵێکی 14 ساڵ تەمەن بە ناوی کۆمار شابویی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
رۆژی پێنجشەممە لە شاری مالێ میر(ئیزە) رێوڕەسمی چلەی جەماوەریی دوو کوژراوی ناڕەزایەتییەکان بە ناوەکانی مەحمود ئەحمەدی و حسێن سەعیدی بەڕێوچو و هاوکات لە ئەراک و خوڕەمئاباد رێوڕەسمی یادکردنەوە نیکا شاکەرەمی و مێهرشاد شەهیدی بەڕێوچو.
ئەگەرچی رێوڕەسمی چلەی ئەحمەدی و سەعیدی بەڕێوچو بەڵام تا ئێستا دوای چل رۆژ تەرمی ئەو دوو کوژراوە رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە.
هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ئێران لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاوەیان پێکرا و هاوشێوەی هەینی رابردو رێگا سەرەکییەکانی چون بۆ مزگەوتی (مەککی) ئەو شارە ئاستەنگ کرا.
بڕیارە سبەینی هەینی دوای نوێژی خۆپیشاندانی (هەینی ناڕەزایەتیی) لە شاری زاهیدان بەڕێوبچێت و دەسەڵاتیش رێوشوێنەکانی بۆ رێگریی لە خۆپیشاندانی نوێژخوێنانی شارەکە توندتر کردوەتەوە.
ژنێکی دووگیانی کورد سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێنرێت
ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ دەسەڵاتی ئێران بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر ژنێکی دوو گیانی کورد-دا سەپاندوە.
ئەو ناوەندەی داوای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە هەوڵەکانی خۆی بۆ راگرتنی لەسێدارەدانی ئەو ژنە دووگیانە بەخاتەگەڕ.
سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتە شەهلا عەبدی خەڵکی شاری بۆکان کە لە زیندانی ورمێ بەند کراوە بە مەبەستی لەسێدراەدان رەوانەی زیندانی شاری تەبرێز کراوە.
ئێران 40 وڵاتی جیهان بە دەستوەردان تۆمەتبار دەکات
بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران رایگەیاند؛ 40 وڵات دەستیان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوە و سعودیە بە ملیارد دۆلاری بۆ زیانگەیاندن بە کۆماری ئیسلامی ئێران تەرخان کردوە.
ئەو وتوی؛ لەو ناڕەزایەتییانەدا زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان رۆڵیان گێڕاوە دژی دەسەڵاتی ئێران و هەوڵیانداوە وڵاتەکە بەرە پارچە کردن و دابەشبون بەرن.
کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانیی راپەڕین لە ئێران دەکات
ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی بۆ پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران پەسند کرد کە تەنها یەک ئەندامی کۆنرگرێس دژی وەستایەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) بە کۆی 420 دەنگی بەڵی و تەنها یەک دەنگی نەخێر پڕۆژەیاسایەکی بۆ پشتیوانیی لە راپەڕینی خەڵکی ئێران پەسند کرد.
وردەکارییەکانی ئەو پڕۆژە یاساییە بڵاو نەکراوەتەوە و تەنها ئاشکرابوە ئەو نوێنەری دژی پشتیوانیی لەو یاسایە وەستاوەتە سەر بە کۆمارییەکانی ئەمریکا بوە.
فەڕەنسا هەوڵی ئازدکردنی هاوڵاتییانی دەدات
فەڕەنسا داوای ئازادکرنی هاوڵاتییەکی وەڵاتەکەی لە دەسەڵاتی تاران دەکات و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش ئاشکرای دەکات کە هەشت هاوڵاتیی فەڕەنسا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند؛ هەشت هاوڵاتیی وڵاتەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان باری تەندورستییان لە زیندان باش نییە بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی رێگرییان لێدەن کە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بن.
کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاندوە؛ دەبێت سەرجەم دەستگیرکراونی فەڕەنسا لە ئازاد بکرێن لە بەرامبەردا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پاریسی تۆمرتبار کردوە بە پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران و دژایەتیی دەسەڵاتی تاران.
سزای قورس رۆژنامەنوسان دەگرێتەوە
رێکخراوی رۆژنامەوانانی بێسنور لقی ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە لە سەرەتا دروستبونی ناڕەزایەتییەکان 55 رۆژنامەنوس لە ئێران دەستگیرکراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا 27 رۆژنامەنوسیان هەر لە زیندانەکاندا و 16 کەسیشیان ژنن.
رێکخراوەکە رایگەیاندوە؛ 28 رۆژنامەنوس بە دانانی بارمتەری ماددی قورس و بە مەرج ئازادکراون و دواتر سزای قورس بەسەر ئەوانەدا سەپێنراوە کە بە بارمتە ئازادکراون.
