هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی لەڕانیە دەستگیر کراوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆژ نیوس ئەمڕۆ هەینى هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەى کوردستان لە ڕانیە لەلایەن هێزێکى ئەمنییەوە دەستگیرکراوەو تائێستا هۆکارەکەى نازانرێت لەسەر چی دەستگیرکراوە، وتەبێژی ئاسایشى ڕانیەش دەڵێت” نەمبیستووە کەسێکى وا دەستگیرکرا بێت”.
هاوکات تارا حسێن هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردوە، "هەڤاڵ مامۆستا سەلام هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بێ هیچ هۆكارێك لەلایەن ئاسایشی ڕانیەوە دەستبەسەر كراوە."
دەشڵێت، "پێویستە هەرچی زووە ئازاد بكرێت، بە پێچەوانەوە هەڵوێستمان دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە سبەی كاتژمێر ١١ لەشاری ڕانیە چالاكیەک بەڕێوە دەبەن."
سەبارەت بە دەستگیرکردنى مامۆستا سەلام وتەبێژی ئاسایشى ڕانیە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوسی ڕاگەیاندووە، ” ئاگاداری ئەوە نیم کە ئەو کەسە دەستگیر کرا بێت”.
بۆ ئەو مەبەستە تەڤگەری ئازادی بانگەوازی کردوەو دەڵێت،" ئەگەر لە زووترین کاتدا مامۆستا سەلام ئازاد نەکرێت، ئەوا بەیانى گردبوونەوەیەکى ناڕازی لە ڕانیە ئەنجام دەدەن و داوا لە گەنجان و هاوڵاتیان و وڵاتپارێزان دەکات بەشداری گردبوونەوەکە بکەن."
