ناڕەزایەتی و کاردانەوەی دژی دەسەڵاتی ئێران 134 رۆژە بەردەوامە

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ترسیان هەیە لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان

3 ساڵ لەمەوپێش



ئەگەرچی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بەدی ناکرێت بەڵام ناڕەزایەتییەکان 134 رۆژە بەردەوامە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی حاشا لەوە ناکەن کە خۆپیشاندانەکان هاوشێوەی ئاگری بن خۆڵەمێشە و سەر هەڵدەداتەوە، دەستگیرکردن گەنجان لە رۆژهەڵات و کوشتنی خەڵک لە بەلوچستان کۆتایی نەهاتوە و کەشی سەربازیی سەپێنراو لە جوانڕۆ و بۆکان و سنە توندتر بوەتەوە.

کوشتن و دەستگیرکردن لە رۆژهەڵات و بەلوچستان

لە شارەکانی قوروە و سنە و ئیلام ژمارەیەک گەنجی دیکە دەستگیرکران و چوار زیندانیی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای ئیلام دەستگیرکران بەهۆی دۆخی خراپیان لە زیندان منیان لە خواردن گرت.

سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە تا ئێستاش دۆخی توندی سەربازیی بەسەر شارەکانی جوانڕۆ و بۆکان و سنەدا سەپێنراوە و دەیان بازگە لە نێوان رێگا سەرەکییەکانی شارەکانی رۆژهەڵات دانراوە کە تەنانەت مۆبایلی خەڵك و گەشتیاران لەو بازگانە چاودێریی دەکرێن و دەپشکێنرێن.

نازیلا مەعروفیان، کچە رۆژنامەوانی کورد بە بێ ئامادەبونی خۆی لەبەردەم دادگا سزای دوو ساڵ زیندانیی و 15 ملیۆن قەرەبوی بەسەردا سەپێنرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەشتی بۆ دەرەوە لێ قەدەغەکرا.

ئەو رۆژنامەوانە بەهۆی بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینیی دەستبەسەرکرا و دواتر تۆمەتی هەوڵدان بۆ بانگەشە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی درایە پاڵی.

سەرچاوەکانی هەواڵی بەلوچستان بڵاویان کردوەتەوە رۆژی هەینی دەیان کەس کە ویستویانە بەشداریی لە نوێژی هەینی مزگەوتی مەککی لە شاری زاهیدان بکەن بە دەستی ئەو هێزە ئەمنییانەی جلی مەدەنیان پۆشیوە دەستگیرکراون و ریش سپییەکی ناوچەکە بەناوی خوداڕەحم کوژراوە.

دوێنێ 17یەمین هەینی ناڕەزایەتییەکانی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە کەشێکی ئەمنی و سەربازیدا بەڕێوەچو و سەرەڕای هەمو رێگرییەکان خۆپیشاندان کرا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش بە تەقەکردن و غازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.

ئاماری کوشتن و سێدارە

بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 488 کەس کوژراون و 107 کەس لە دەستگیرکراوانیش مەترسیی لەسێدارەدانیان لە سەرە کە 19 کەسیان کوردن.

 ئەو ریکخراوەیە کوژرانی 64 منداڵ و 39 ژن لە خۆپیشاندانەکانی پشتڕاست کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەش کردوە زۆرترین ئاماری کوژراوەکانیش لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، ورمێ ، سنە و تاران بوە.

هاوکات هەر ئەو رێکخراوەیە بڵاوی کردوەتەوە؛ لە دەستپێکی ساڵی نوێی بە ئامانجی چاوترسێنکردن و بڵاوکردنەوە ترس و تۆقاندن خەڵک جگە لە چوار دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە 50 کەسی دیکە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

ئەو رێکخراوەیە ئاشکرای کردوە؛ لە 26 رۆژی دەستپێکی ساڵی 2023 لانیکەم سزای سێدارەی 55 کەس جێبەجێکراوە.

مافی مرۆڤی ئێران رونی کردوەتەوە 37 کەس لەوانەی کە لەسێدارەدراون تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانیان لەسەر بوە.

بە پێی ئامارەکان لە 21 رۆژی ئەمساڵدا لانیکەم نۆ کەسی کورد بە تۆمەتیی کوشتنی بە ئەنقەست و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراوەن.

ئەمریکا رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران رەت دەکاتەوە

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند؛ هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران روی نەداوە و سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت رێگایەی دیکە دژی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی تاران بگیرێتەبەر.

جۆن کیربی، وتەبێژ و رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بە گۆڤاری (نیوزویک)ی راگەیاندوە؛ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هیچ چاوەڕوانییەکی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 نەماوە و دەیەوێت هەنگاوێکی بەدیل بگرێتەبەر بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.

کیربی جەختی لەوە کردوەتەوە؛ ئەمریکا بە هیچ شێویەک لە ئێستادا کار بۆ زیندوکردنەوە یان چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ناکات بەڵام واشنتۆن بۆ رێگریی لە ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی هەمو هەوڵێک دەدات.

"ناڕەزایەتییەکان ئاگری بن خۆڵەمێشە"

کەسایەتی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریی دەدەن لە دۆخی وڵاتەکە و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان.

محەمەدڕەزا باهونەر، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ گەندەڵی و ناکارامەیی و گوێ نەگرتن لە قسەی خەڵک راستییەکانی ناو سیستمی دەسەڵاتن و هەر ئەوانەش هۆکارێک دەبن بۆ سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان

باهونەر وتویەتی: پێچەوانەی بۆچونی بەرپرسان ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان نەهاتوە و هاوشێوەی ئاگری بن خۆڵەمێشە بۆیە بیانویەک بەسە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە.

لە لایەکی دیکەوە سەیدحەسەن خومەینی، نەوەی روحەڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لە ئێران رایگەیاند؛ دۆخی وڵاتەکە باش نییە و نابێت بە هەر نرخێک دەسەڵات بپارێزرێت و پشتیوانیی لێبکرێت.

خومەینی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی کێشە و کەموکوڕیی زۆرە و نابێت خەڵک بێهیوا بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار