بەفر و باران تاکەی بەردەوامدەبێت؟ کەشناسی زانیاری گرنگی ڕاگەیاند سەبارەت بە کەشوهەوا
3 ساڵ لەمەوپێش
بەشی پێشبینی کەشناسی هەرێمی کوردستان ، باردۆخی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕاگەیاند.
کەشناسی دەڵێت:کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست لە ئێستادا رووى لە ناوچەکەمان کردووە، بارانبارین و بەفربارین لەسەر ناوچەکەمان دەبارێت، ئەم شەپۆلە تا رۆژى پێنجشەممە لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت.
باس لەوەش دەکات، کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریای ناوەڕاست کە بارستە هەوایەکى سارد یاوەرى دەکات لە ماوەى رۆژانى سێشەممە و چوارشەممە کاریگەرى ئەم بارستە هەوایە زیاتر دەبێت و پلەکانى گەرما زیاتر روو لە نزمبوونەوە دەکات، هەر لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە بارانبارین لەکاتى جیا جیا دەبارێت، چڕترین ماوەى دابارین لە رۆژى سێشەممە و چوارشەممە دەبێت.
لە درێژەدا کەشناسی ڕونیکردۆتەوە ، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتى نیمچە هەور دەبێت و هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت، لە هەندێک ناوچە ئەگەرى نمە باران هەیە، لەگەڵ کەمێک بەفر بارین لە سەر لووتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان دەبێت، ئەمڕۆ تا رادەیەک کەش جێگیرە.
کەشناسی سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی ئاماژەی داوە، سبەی دووشەممە ئاسمان هەورى دەبێت، لەگەڵ بارانبارین لە تەواوى ناوچەکەمان، بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان، ئاستى دابارین لە دواى نیوەرۆ و ئێوارەدا زیاتر دەبێت، لە شەودا هەندێک جار لێزمە باران دەبێت.
لەکۆتایدا ،کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە خستۆتەڕوو:
هەولێر: 12 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 10 پلەى سیلیزى
دهۆک: 10 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 14 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 10 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 9 پلەى سیلیزى
سۆران: 4 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 16 پلەى سیلیزى
